هیچ ئاسۆیەک بۆ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئارادا نییە
ئاژانس
ماوەی هەژدە ساڵە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان ״پەکەکە״ لە لایەن وڵاتی تورکیاوە دەستگیر کراوە و تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەکەی ئازادکردنی لە ئارادا نییە، بەڵام ئەو لە زیندانیشەوە توانای ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکانی هەیە و پەکەکە و پارتی دیموکراتی گەلان ״هەدەپە״ش ئاشکرای دەکەن، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئۆجەلان پرسی کورد لە تورکیا چارەسەر ناکرێت.
ئەمڕۆ 15/2/2017 هەژدە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هێشتا كوردی باكووری كوردستان بەو ئومێدەوە دەژین كە ناوبراو لە زیندان ڕزگاری بێت و پڕۆسەی ئاشتی لەسەر دەستی ئەو دەست پێ بكاتەوە، بەڵام هێشتا گوشارەكانی دەوڵەتی توركیا ئومێدبەخش نین بۆ ئازادكردنی.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بنەماڵەیەكی جووتیاری هەژار لە گوندی (عەمرا)ی سەر بە شارۆچكەی ئورفییەی باكووری كوردستان لە ساڵی 1949 لە دایك بووە، بەشی زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی ئەنقەرە تەواو كردووە، لە ژیانی خوێندنیدا پێنج جار لەسەر كار و چالاكی و بۆچوونەكانی گیراوە و دوای ماوەیەك ئازاد كراوە.
دوای چەند ساڵێك لە خەباتی نهێنیی ڕێكخستن لە ساڵی 1978 پارتی كرێكارانی كوردستانی دامەزراند، دواجاریش لە ساڵی 1984 بە فەرمی خەباتی چەكداری لەناو خاكی توركیا ڕاگەیاند و ئامانجی سەرەكییشی یەكخستنی چوارپارچەی كوردستان بوو.
ئۆجەلان لە ساڵی 1992 تا ساڵی 1998 لە سوریا مایەوە، دواتر لەژێر فشاری توركیا ئەو وڵاتەی بەرەو ڕوسیا جێ هێشت، دیسان لەژێر فشاری توركیا ڕوسیای بەرەو یۆنان و ئیتاڵیا جێ هێشت و لەوێشەوە بۆ كینیا، لە 15ی شووباتی 1999 بە بەشداریی دەزگای هەواڵگریی توركیا و ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی تر لە كینیا دەستگیر كرا و لە ڕێی فڕۆكەوە گەیەنرایەوە توركیا.
لە ساڵی 2000دا دوای چەندین دانیشتنی دادگا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دواتر لەژێر فشاری ناوخۆیی و وڵاتانی ئەورووپا حوكمەكەی تەمیز كرایەوە و سزاكەشی لە لەسێدارەدانەوە گۆڕا بۆ هەتاهەتایی، تا ئێستاش لە زینداندا ماوەتەوە و ڕێگە بە كەسوكاری نادرێت سەردانی بكەن.
بە پێی ئامارێك كە ״ئاژانس״ لە هەدەپەوە وەری گرتووە، نزیكەی 5 ملیۆن واژۆ كە بەشێكی زۆری سەركردەكانی هەر چوار پارچەی كوردستانی تێدایە ئاڕاستەی حكوومەت و پەرلەمانی توركیا و یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە بۆ ئازادكردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، هاوكات چەندین ڕێگەی تریش لەو بوارەدا كاری لەسەر دەكرێت.
دۆخی ئۆجەلان لە زینداندا
ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی ناوخۆی توركیا گۆشەگیریی خستووەتە سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لەو ماوەیەدا تەنیا سێ جار دیدار لە نێوان كەسوكارەكەی و ئۆجەلان بەڕێوە چووە و تا ئێستا نازانرێت تەندرووستیی ناوبراو چۆنە لە زینداندا.
لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا نزیكەی 700 جار داوای دیدار و چاوپێكەوتن لە لایەن كەسوكار و پارێزەری ئۆجەلانەوە لە دادگای توركیا كراوە و تەنیا سێ داواكاری جێبەجێ كراوە، ئەویش تەنیا ڕێگە بە محەمەد ئۆجەلان دراوە سەردانی ئیمراڵی بكات.
هەرچەندە توركیا تیمێكی پزیشكیی ڕەوانەی ئیمراڵی كرد بۆ چاودێریكردنی تەندرووستیی ئۆجەلان و دڵنیایی دا لەسەر تەندرووستیی ناوبراو، بەڵام پەكەكە پێی وایە كە باری تەندرووستیی ئۆجەلان جێگیر نییە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، لە ئێستاشدا كەسوكارەكەی داوای ڕاپۆرتی پزیشكیی ئۆجەلان دەكەن.
ئۆجەلان و پڕۆسەی ئاشتی
یەكەم هەنگاوی قۆناغی پڕۆسەی ئاشتی لە ساڵی 2009 و لەژێر ناوی (پڕۆژەی كرانەوە بە ڕووی دیموكراسیدا) دەستی پێ كرد، ئۆجەلانیش ئەندازیاری ئەو پڕۆژەیە بوو، پڕۆژەكە لە ئۆسلۆوە دەستی پێ كرد بۆ ئیمراڵی، لە ئەنجامدا لە 3ی كانوونی دووەمی 2013دا یەكەم سەردانی بۆ ئیمراڵی لێ كەوتەوە.
بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە 24ـی كانوونی دووەمی 2013دا سەردانەكان بۆ ئیمراڵی چڕ كرانەوە و گفتوگۆكان دواجار سەركەوتنیان بە دەست هێنا و لە نێوان تورکیا و كورد ڕێكکەوتنی ״دۆڵمە باخچەی״، لێ كەوتەوە، بەڵام لە ساڵی 2015دا بە تەواوەتی توركیا پڕۆسەكەی ڕاگرت و جارێكی تر شەڕ و ئاڵۆزی بەرۆكی توركیای گرتەوە.
دیلەك ئۆجەلان، پەرلەمانتاری هەدەپە و خوشكەزای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕایدەگەیەنێت كە لە توركیا كێشەی كورد هەیە و ئەوەش بە گەڕانەوە بۆ پڕۆژەی ئاشتیی ئاپۆ چارەسەر دەبێت.
دیلەك ئۆجەلان بە ״ئاژانس״ی وت: ״پرسی كورد بە كوشتن و گرتن چارەسەر نابێت، بەڵكو دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و دیالۆگ، ئەوەش بە گفتوگۆكردن لەگەڵ كەسایەتیی ئۆجەلان و ئازادكردنی لە زیندان چارەسەر دەكرێت״.
توركیا تاكلایەنە پڕۆسەی ئاشتیی ڕاگرت و هەڵمەتێكی فراوانی بۆ سەر شارەكانی باكووری كوردستان دەست پێ كرد و پەكەكەش چالاكییەكانی دەست پێ كردەوە، لە دوای ئەوە هەموو هەوڵ و ڕێگاكانی ئاشتی لەبار بران و شەڕ و پێكدادان دەستی پێ كردەوە كە تا ئێستاش بەردەوامە.
جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكی كوردستان ״كەجەكە״ لە ڕێی ئیمەیڵەوە بە ״ئاژانس״ی ڕایگەیاند: ״تێكۆشانی ئازادكردنی گەلی كورد لەسەر بناغەی ئازادكردنی ئۆجەلان بەڕێوە دەچێت و لەبەر ئەوەی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادیی گەلی كورد بە یەكەوە پەیوەستن، بۆیە لە ساڵی 2017دا تێكۆشانمان دەگەیەنینە لوتكە״.
هەموو ساڵێك لە 15ی شووباتدا شەقامەكانی باكووری كوردستان جمەی دێت لە هاووڵاتییانی كورد و خۆپیشیاندانی میلۆنی ئەنجام دەدەن، بەڵام نزیكەی ساڵێكە لە شەقامی باكووری كوردستان هەست بە خامۆشی دەكرێت و ناڕەزایەتی لەسەر ساڵیادی دەستگیركردنەی دەرنابڕدرێت.
سەبارەت بەو بێدەنگییەش، دیلەك ئۆجەلان دەڵێت: ״گەلی كورد نەك لە باكووری كوردستان لە هیچ شوێنێكی جیهان بێدەنگ نابێت بەرانبەر ڕێبەری خۆیان، ئەوەی ئێستا هەیە دۆخێكی هەستیارە، دەبێت بە ژیرانە هەڵسەنگاندن بكەین، بەڵام پێویستە گەلی كورد دەست بە تێكۆشانێكی گەورە بكات، بۆ ئەوەش كاری جددیمان كردووە״.