د. سهردار عهزیز
کەمتر لە سێ مانگی تر، نزیکەی حەوت هەزار کاندید، لە هەشتاوهەشت قەوارەی جیاواز، کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمان لە عێراقدا. لە هەڵبژاردنێکدا کە هەست دەکرێت لە زۆر ڕووەوە جیاواز بێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق.
لە پاش هاتنی ئەمهریکیەکان بۆ عێراق، هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەڕێوە دەچێت، وەک بەشێک لە پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا. ئەمهریکاییەکان وەها لە عێراقیان دەڕوانی کە وەک هەر شوێنێکی تر وەهایە لە جیهاندا، کە بە پڕۆسەی پاش دیکتاتۆرییەتدا تێپدەپەڕێت.
ڕووداێک هەیە کە وەک نوکتە وەهایە دەرخەری ئەم خۆشباوەڕییەی ئەمهریکاییەکانە. ڕۆی ستیوارت لە کتێبی Occupational Hazards دا دەڵێت پاش نۆ مانگ لە هاتنی ئەمهریکاییەکان بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، لە شارێک لە باشووری عێراق یەکێک لە شارەزایانی ئەمهریکی لە بواری دیموکراسی کۆڕێک بۆ چەند ئەندامیکی ئەنجوومەنی شارەوانی ساز دەکات، کۆڕەکە وەها دەست پێ دەکات:
بەخێر بێن بۆ دیموکراسیی نوێتان. پاش پێشاندانی چەند سلادێک دەڵێت: پێشتر من بە خزمەتتان گەیشتووم. ئێوەم لە کەمبۆدیا دی. ئێوەم لە ڕوسیا دی. هەروەها ئێوەم لە نایجیریاش دیوە. پاش ئەم قسانە چەند ئەندامێک کۆڕەکە بەجێ دەهێڵن. مەبەستی شارەزا ئەمهریکییەکە ئەوە بووە کە پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن لە هەموو جێگایەک وەک یەکە. ئەم خۆشباوەڕییە بنەمای ئەوە بوو کە گوایە لە ڕێگای دیموکراسییەوە حکومەتێک دێتە ئاراوە کە نوێنەری خەڵك بێت بە جیاوازییەکانیانەوە. بەڵام پاش زیاتر لە پانزە ساڵ، کاتی ئەوەیە بە جۆرێکی تر لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بنۆڕین لە عێراقدا.
پێش ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە بدوێین، پێویستە بە خێرایی قسەیەک لەسەر ئەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵ بکەین. بە پێی هەندێک دراو هەڵبژاردنی ئەمساڵ جیاوازە، عێراق شەڕی داعشی کۆتایی پێ هێناوە، دیارە لە ڕووی سەربازییەوە، هەردوو پێکهاتەی کورد و سوننە، ئەوەندە لاوازن کە بە کەمترین هێز و زۆرترین پەرتەوازەییەوە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار دەبن. بەم پێیە ئایا ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەکەمجار بونیادی سیاسیی عێراق دەگۆڕێت بەوەی شیعە دەتوانن بەبێ بوونی بەشدارێکی ڕاستەقینە، یان ڕکابەرێکی جیاواز حوکمی عێراق بکەن؟ ئەگەر کێشمەکێشی ناوخۆیی خۆیان ڕێگە بدات؟
لە لایەکی ترەوە، ئایا دەکرێت، بە تایبەت لە ڕووی سەربازییەوە کە ئەم هەڵبژاردنە وەها بخوێندرێتەوە کە هەڵبژاردنی پاش داعشە. شەڕی داعش بوو بە هۆکاری هاتنەئارای هێزی چەکداریی نوێ بە ئامانج و شەرعییەتی نوێوە. ئەم هێزانە ئێستا لە توێی یاسای دیاریکراودا ڕێکخراون، وەک هەندێک دەڵێن، ئایا هەڵبژاردنی داهاتوو کودەتایەکی سەربازی دەبێت، بەوەی هێزی حەشد زەمینەی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە کە دەسەڵاتی یاساداڕشتن لە وڵاتدا کۆنتڕۆڵ بکەن؟
هەر وەک دەرکەوتەیەکی پاش داعش، بۆ یەکەمجار بە زۆری باس لە دیاردەی بان-تایفی و بان-ئیتنی دەکرێت لە عێراق، بە تایبەت پاش شکستی ڕیفراندۆمی کوردی. بەڵام هێشتا هەتا ئێستا هیچ هێزێکی ڕاستەقینە لە عێراقدا لە جۆری بان-تایفی بوونی نییە. باس لەوە دەکرا کە ڕەنگە حزبی دەعوە باڵی عەبادی ببێتە هێزێکی میانڕەوی نیشتیمانی، بەم پێیە چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە ئەم هێزە لە هێزێکی وەتەنی (ناسیونالیستی +کۆمیونیستی) وەک سەدر نزیک بێتەوە، بەڵام هەرزوو دەرکەوت کە هەموو ئەمانە وەهمی نابەجێن. ئێستا وەک زانیاریی ورد لە بەردەستدایە کە هەردوو باڵی حزبی دەعوە لە پاش هەڵبژاردن یەک دەگرنەوە.
لە نزیکبوونەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردن دەبینین هەموو هێزەکان دەچنەوە قاڵبەکەی خۆیان، سوننەکان بە زۆری چوونەوە ژێر باڵی عەلاوی و ئەوانەی کە داوای هەبوونی هەرێم دەکەن وەک گرووپێک مانەوە، کە ڕەنگە زیاتر لە خواستی سوننەوە نزیک بن. بەڵام لە ڕاستیدا سوننە لە عێراقدا هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە ببێتە خاوەن حزبی سیاسی، ڕاستەقینە، بۆیە زیاتر هێزە سیاسییەکان لەسەر بنەمای کەسایەتی و عەشیرەت بونیادنراون لەوەی کە هێزێکی سیاسی بن، کە ڕێکخراوێتی و دید و دەزگا و ناوەند و سەرمایەی هەبێت.
کورد لە بەغدا لە نێوان دوو دیددا گیری خواردووە: دیدێک کە چاوەڕێیە بەغدا هیچ کارێک نەکات و ئەوەی کە ئەو باوەڕی پێیەتی ببێتە واقیع. ئەم دیدە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕابەرایەتی دەکات و بڕوای وەهایە کورد هیچی لە بەغدا دەست ناکەوێت. پارتی دەیەوێت (یان بە هیوایە) ئەم پەیامە بە ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەکی واقیعی بگەیەنێت. بۆیە لە ڕاستیدا باوەڕی بە هیچ هاوکارییەکی ڕاستەقینە نییە لەگەڵ بەغدادا. جاران لە شێوەی خیتابی شەڕئاسادا ئەم پەیامەی دەگەیاند بەوەی بەغدای وەها ناوزەد دەکرد کە بەرەو دیکتاتۆرییەت دەچێت و لە ڕووی ئابوورییەوە تووشی موفلیسی بووە.
لە لایەکی ترەوە بەرەیەکی تر هەیە کە بڕوای وەهایە دەکرێت جۆرێکی تر لە پەیوەندی لەگەڵ بەغدادا درووست بکرێت، بە تایبەت پاش شکستی کورد لە ڕیفراندۆمدا. بەم پێیە هەردوو دیدەکەی کورد لە شکستەوە سەرچاوە دەگرێت، یەکەمیان چاوەڕێی ئەوەیە کە بۆ دونیای بسەلمێنێت کە هەرچەندە شکستی هێناوە بەڵام لەسەر حەق بووە، دووەم دەیەوێت بانگەشە بۆ ئەوە بکات کە پاش شکست هیچ ڕێگەچارەیەکی ترمان نییە جگە لە پەیوەندی لەگەڵ بەغدادا. هەڵبژاردن و دەرئەنجامەکەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر هەریەک لەم دوو ڕەوتە.
بەم پێیە عێراقی پاش هەڵبژاردنی داهاتوو، کە سەردەمی پاش داعش و پاش ڕیفراندۆمە عێراقێکی جودا دەبێت بەوەی شیعە هیچ نەیارێکی جیاوازی کاریگەرییان لە عێراقدا نەماوە. ئەم دیدە ڕەنگە هێندە سەقامگیر نەبێت، چونکە دۆخەکە هێندە سەقامگیر نییە، کاتێک کە دێتە سەر ئەوەی کە ئایا دەتوانرێت دۆخێکی جیاواز بهێنرێتە ئاراوە لە عێراقدا پاش هەڵبژاردنی داهاتوو. دۆخی جیاواز پێویستی بە هەبوونی دیدێکی ئابووریی سیاسیی جیاواز هەیە بۆ وڵات، لە هەمان کاتدا بەوەی کە ئایا مەبەست لە هەبوونی حکومەت چییە لە عێراقدا. هەتا ئێستا لە پاش ٢٠٠٣وە پرسی حوکمداری لە عێراقدا پرسی چەسپاندنی دەسەڵاتی پێکهاتە و کەسایەتییەکانە، بە جۆرێک کە هەموو سامانی وڵات بۆ ئەوە تەرخان کراوە کە چۆن پێکهاتەیەک، حزبێک، کۆمەڵێک کەسایەتی بتوانن عێراق وەها دابڕێژنەوە کە بتوانن زۆرترین سوودی لێ وەربگرن و پێگەی خۆیان و پێهاتەکەیان قایم بکەن. لە ئەنجامدا زۆربەی زۆری عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە، بێبەرییە لە هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ باشتربوونی پاش ئەوەی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی کەمترین یارمەتی بە عێراق دا و زۆرترین قەرزی پێبەخشی.
ئایا دەکرێت چاوەڕێی چی بکەین لە هەڵبژاردنی داهاتوو:
یەکەم، ڕەنگە بە جیاواز لە جارانی پێشوو، لە ئەم هەڵبژاردنەدا خەڵک ئەوەندە حەماسەتی نەبێت بۆ دەنگدان، بەتایبەت کە دەبینین کە هەڵمەتی بایکۆتکردن و دژایەتیی پڕۆسەی دەنگدان، بە ئاشکرا ڕێک دەخرێت و لە ئارادایە. لە بری نائب بە ئەندام پەرلەمان دەوترێت ناهب. ئەمەش سەرەتای وەرچەرخانی هەڵوێستی کۆمەڵگای عێراقییە بەرامبەر هەڵبژاردن و دیموکراسی. ئەم جۆرە لە نائومێدییە کاریگەریی هەیە لەسەر پەیوەندیی نیوان حکومەت و کۆمەڵگا، هەروەها شەرعییەتی پڕۆسەکە. بەڵام ڕەنگە هێشتا زوو بێت بۆ قسەکردن لەسەر ناشەرعیبوونی سەرتاپای پڕۆسەکە. بەڵام دەکرێت باس لەوە بکرێت کە خەڵکی عێراق بە زۆری گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە هەڵبژاردن ئەگەر هەمان شت دووبارە نەکاتەوە ئەوا هێندە گۆڕانکاری درووست ناکات.
دوو، هەموو پێکهاتەکان هێزەکانیان پەرتە، بە هۆکاری شەڕ و ڕیفراندۆم و ململانێ لەسەر دەسەڵات. لای شیعە هەست بە سەرهەڵدانی تەوژمی نوێ دەکرێت لە هەناو پڕۆسەی شیعەدا بەوەی کە شیعەی وەتەنی یان شیعەگەرایی لە شێوازی ناسیونالیزمی عێراقیدا سەرهەڵدەدات. ئەمە چاوەڕوانکراو بوو چونکە شیعە وەک تەوژمێکی بان-دەوڵەتی، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرا، وەک ئەو تەوژمەکانی تر، پان-عەربیزم و شیووعییەت، ڕەهەندی دەوڵەتی یان وەتەنی لێ جودا بێتەوە. بەڵام ئەم تەوژمە، مایەی نیگەرانیی ئێرانە، بۆیە لە سەردانی بۆ بەغدا ڕاوێژکاری عەلی خامنەئی، ولایەتی بە ڕاشکاوانە ئاماژەی بە ئەوەدا کە سەحوەی ئیسلامی ڕێگە نادات بە حوکمی شیووعی و لیبراڵی. لە ئاماژەیەکی ڕووندا بە هاوپەیمانی سەدر و شیووعییەکان.
سێ، پاش هەڵبژاردنی داهاتوو چاوەڕوان دەکرێت کە عێراق زیاتر بەرەو ناوەندگیریی هەنگاو بنێت. ئەم ئاڕاستەیە بەرەو گەڕانەوەی سێنترالیزەیشن بۆ ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بە مانای کۆتایی پێهێنانی فیدراڵی یان لامەرکەزی کە بەشێک بوو لە پڕۆژەی ئەمهریکا، بە مۆدێلی ئەڵمانیا، بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنەوەی دیکتاتۆرییەت لە عێراقدا. لە کاتێکدا کە ڕەنگە دەوڵەتی ناوەندیی باڵادەست بێت، بەڵام دەوڵەتێکی تۆکمە یان بەهێز نابێت، بەڵکو زیاتر دەوڵەتێک دەبێت کە بە ئاڕاستەی درووستبوونی دەوڵەتێکی سەربازی ئایینی قووڵ دەڕوات لە هەناوی دەوڵەتدا.
چوار، هەردوو ڕەوتە کوردییەکە نائومێد دەبن لە بەغدا چونکە هەموو هیوای میانڕەوی عەبادی و ناسیونالیستی سەدر، لە ئەنجامدا هیچ بە ئەوانی تر نابەخشێت، بەتایبەت کە ئێستا کەس گومانی لەوە نییە کە هەردوو میانڕەوی و ناسیونالیستی هیچ نین جگە لە بەشێک لە یارییەکە. حکومەتی عێراقی، بڕوای بە کورد نییە و دەخوازێت لاواز بێت، ئەم دیدە هاوتەبایە لەگەڵ دیدی وڵاتانی ئیقلیمی، هەتا ئاستێکیش ئەمهریکاییەکان لەگەڵ ئەوەدان کە کورد بهێنرێتە قاڵبێک کە نەبێتە مەترسی لەسەر عێراق.
پێنج، وەک چۆن هەڵبژاردن لە ناوەوە کاریگەریی هەیە ئەوا بە هەمان شێوەش لە دەرەوە کاریگەریی هەیە، لە هەردوو ئاستی ئیقلیمی و نیودەوڵەتیدا. دیارە ئەمهریکا و ئێران هەردوو دەخوازن عێراق بە شێوازی جیاواز بێت. عەبادی وەها دەبینرێت کە ئەو کەسەیە کە ئەم دوانە هاوسەنگ دەکات. بەڵام ئەمهریکاییەکان بە گومانن لە دۆخەکە. گومانەکەشیان لەوەدایە ئەگەر عەبادی بیەوێت میانڕەو بێت ئەوا نە دەتوانێت کاریگەریی ئەوتوی هەبێت بەسەر حکومەت و پەرلەماندا، نە دەخوازێت ئەو کارەش بکات، بە تایبەت کە هاوپەیمانیی شیعە وەک یەک هاوپەیمانی دێنەوە ناو حکومەت. بەم پێیە کارتی ئەمهریکا لە عێراقدا لاواز دەبێت لە پاش هەڵبژاردنی داهاتوو. ئەگەر ئەمهریکا گەیشتە ئەو دۆخەی کە هەست بکات پلانەکانی بە خواستی ئەو ناڕوات ئەوا یارمەتی و هاوکاری بۆ عێراق دەوستێنێت وەک فشارێک، کە لە ڕاستیدا هێندە کاریگەریی نابێت. هەتا ئێستا ستراتیژی ئەمهریکا بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەو دۆخە ڕوون نییە. چونکە وەها دیارە ئەمهریکاییەکان وەها بیر دەکەنەوە کە ئەوە ئەگەرێکی لاواز بێت کە نەتوانن ئەجیندای خۆیان بچەسپێنن بەسەر حکومەتی عێراقدا، هەتا ماوەیەک لەمەوپێشیش یاسایەکی نەنووسراو هەبوو لە ناوچەی سەوز کە کەس قسەی باڵوێزخانەی ئەمهریکی ناشکێنێت، ڕەنگە پاش هەڵبژاردن کۆتایی بەو دۆخە بێت.
ڕەنگە ئەمانە هەموو بە گۆڕانکاری یان ئەگەری گۆڕانکاری تەماشا بکرێت، بەڵام هەندێک شت ناگۆڕێن. گەندەڵی زیاتر قووڵ دەبێتەوە و دەزگایی دەبێت، بە تایبەت کە هێزی چەکداریی حزبەکان پێویستیان بە دارایی زیاترە بۆ مانەوەیان. بەم پێیە خەمی گەورەی حزب ئەوەیە کە چۆن میلیشیاکەی و کەسایەتییەکانی بژێنێت. بەم جۆرە، وەک چۆن ئێستا هەموو حزبە سیاسییەکان لە بەغدا مەکتەبی ئابوورییان هەیە، بۆ سەرپەرشتیی کاروباری ئابووریی حزب، کە بەشی زۆری دابەش کراوە بە پێی پێگە و قورسایی حزبەکە لە دەسەڵاتدا. ئەگەری مانەوەی ئەم دیاردەیە زۆرە و بگرە چاوەڕوان دەکرێت بەهیزتر بێت.
دابەشبوونی تایفی ناگۆڕێت چونکە بنەمای حوکمڕانی دادەڕێژێت. وەک چۆن لە ٢٠١٠ هەوڵی تێپەڕاندنی تایفییەت بەرگەی نەگرت، هەر هەوڵێک لە ئێستاشدا بەرقەرار بێت ئەوا بەرگەی واقیعەکە ناگرێت.
بەم پێیە هەڵبژاردنی داهاتوو گۆڕانکاری دەکات لە عێراقدا، بەڵام نەک ئەو گۆڕانکارییانەی کە زۆرینەی خەڵکی عێراق چاوەڕوانن.