کنێر عه‌بدوڵڵا
به تێڕوانینه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌کانی مرۆڤه‌کانه‌وه، به دید و بۆچوونه جیاوازه‌کانی تاکه‌کانه‌وه، به به‌ڵێ و نه‌خێری هاووڵاتییانه‌وه، به لایه‌نگر و دژ و یه‌کگرتوویی و په‌رته‌وازه‌یی لایه‌ن و حزبه سیاسییه‌کانه‌وه و وێڕای سه‌رنج و ڕه‌خنه و هه‌ڕه‌شه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی گشتپرسی له کوردستاندا، به‌ڵام پڕۆسه‌که به‌ڕێوه چوو و 92%ی خه‌ڵکی کوردستان وه‌ڵامیان به به‌ڵێ دایه‌وه که ده‌یانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بن و له چوارچێوه‌ی عێراقدا نه‌مێننه‌وه. پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه پڕۆسه‌که چی فێر کردین و ئه‌رکی ئیستامان چییه؟
گه‌ر له دواساتهوهختی ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌که‌ش بێت، یه‌کێک له خاڵه سه‌ره‌کی و باشه‌کانی پڕۆسه‌که وێڕای جیاوازییه‌کانیان، کۆده‌نگی و یه‌کبوون و یه‌کده‌نگیی حزبه سیاسییه‌کانی کوردستان بوو له به‌رامبه‌ر پرسێکی گرنگی گشتپرسی که مافێکی ڕه‌وا و و دیموکراسی هه‌ر نه‌ته‌وه و گه‌لێکه بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات، ئه‌م ده‌رئه‌نجامه پێمان ده‌ڵێت سه‌ره‌ڕای جیاوازی و فره‌یی و ناکۆکییه ئایدۆلۆجی و حزبه سیاسییه‌کان، به‌ڵام ئامانجه گه‌وره‌که مه‌سه‌له نیشتمانییه‌کانه که هه‌موو ئه‌وانی تر له ئامێزی خۆیدا کۆ ده‌کاته‌وه و به پاراستنی ئه‌و ئامانجه‌ش هه‌مووان ده‌گۆڕێن و گه‌شه ده‌که‌ن و بهپێچهوانهکهیشییهوه هیچ کام له‌وانه ڕۆڵ و کاریگه‌رییان نامێنێت. وێڕای زیندووکردنه‌وه‌ی هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌رێتی له ئاست سه‌رجه‌م پارچه‌کانی کوردستان وکورده‌کان له هه‌ر کوێیه‌کی دونیادا بوون له لایه‌کی دیکه.
له پاش پڕۆسه‌که‌ش، یه‌کێک له‌و هه‌ڵوێستانه‌ی جێی باس و سه‌رنجه، هه‌ڵوێستی دیار‌و ئاشکرای زۆرێک له که‌سایه‌تی سیاسی، ڕۆشنبیری و لایه‌ن و پارته سیاسییه‌کانی عێراقه سه‌باره‌ت ده‌رخستنی عه‌قڵیه‌تێکی عه‌ره‌بی شۆفێنی له به‌رامبه‌ر کورد که هه‌موو جیاوازییه‌کی دژ به‌خۆی نه‌ک هه‌ر ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، به‌ڵکو ئه‌یسڕێته‌وه، هاوکات به‌کارهێنانی کرده‌وه و زمانێکی زبر و پڕ له توندوتیژی له به‌رامبه‌ر ئه‌ویدی، له کاتێکدا مێژووی هه‌موو وڵاتانی جیهان سه‌لماندوویانه که هیچ کات زمانی زبر و توندڕه‌وی و هه‌ڵدانه‌وی مه‌له‌فی شه‌خسی یه‌کتری نه‌بووه‌ته خوڵقێنه‌ری ژینگه‌یه‌کی ئارام و باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان مرۆڤ و لایه‌نه‌کان و پێشخستن و خزمه‌تکردن به کۆمه‌ڵ، به نموونه حه‌نان فه‌تلاوی په‌رله‌مانتاری عێراق زۆر به‌ئاشکرا له یه‌کێک له قسه‌کانیدا ده‌ڵێت» ته‌مه‌نای مردنی خۆم ده‌که‌م، پیش ئه‌وه‌ی گوێبستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی بم.. هتد» و که‌سانی تر.
ئه‌مه له کاتێکدا له پاش دامه‌زراندنه‌وه‌ی عێراق ساڵی 2003 که کورد ڕۆڵێکی زۆری هه‌بوو له بونیادنانه‌وه و دروستبوونهوهیدا و هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌کردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق بۆ دیموکراسی و دامه‌زراوه‌یی و پاراستنی مافی که‌مه نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینی و مه‌زهه‌به‌کان و پێکه‌وه‌ژیان، که‌چی ئه‌وه‌ش دوا هه‌ڵوێستیانه سه‌باره‌ت پێکهاته‌یه‌کی گرنگ و گه‌وره‌ی کوتله‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی کوردی له عێراقدا.
ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی کورد له ئێستادا ئه‌رکێکی به‌رپرسیارانه‌و گرنگتریان له ئه‌ستۆدایه له لایه‌ک له به‌رامبه‌ر چاره‌نوسی گه‌لی کورد که چۆن به‌رپرسیارانه بتوانن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی ده‌نگده‌ران بکه‌ن تا بڕیاری میلله‌ت بکه‌نه کارتێکی فشاری جدی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کان له ئاست ده‌وڵه‌تی عێراق و ته‌نانه‌ت وڵاتانی درواسێ و جیهانیش که ئه‌وانیش له ئاست به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانیاندا هه‌میشه کۆده‌نگ بوون، له لایه‌کی تر چۆن بتوانن پلانیان هه‌بێت و پیاچوونه‌وه به ستراتیجی خۆیان بکه‌نه‌وه له‌به‌رامبه‌ر کۆی گه‌نده‌ڵییه‌کانی هه‌میشه جێی یاخیبوون و ڕه‌خنه‌ی زوربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بووه، بۆیه کۆی پڕۆسه‌ی حوکمڕانی و سیاسی و حزبی و.هتد پێویستی به گۆڕانکاریی ڕیشه‌یی و بنه‌ڕه‌تی هه‌یه که به‌رده‌وامبوون لێی شکست و مه‌ترسیداری گه‌وره به‌خۆوه ڕاکێش ده‌کات، وه به دیوێکی تردا ڕۆڵی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و کوتله‌ی ڕۆشنبیران و گه‌نجان و ژنان و ڕاگه‌یاندنه‌کانیش، هه‌ریه‌ک به‌شێوه‌یه‌ک گرنگه ڕۆڵێکی به‌رپرسیارانه‌ی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانه‌یان هه‌بێت له ئاست به‌دیهێنانی ئامانجه گه‌وره‌که‌دا.