ساڵی ڕابردوو زیاتر له دوو هه‌زار دۆسیه‌مان جووڵاندووه
سازدانى: ڕه‌هێڵ ته‌ها
دڵشاد فائیز وته‌بێژی داواكاری گشتیى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرای ده‌كات كه وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان هاوكاریان نه‌بوون له‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان به دۆسیه‌ى نه‌وته‌وه هه‌یه و ده‌شڵێت: ״ساڵى ڕابردوو دوو هه‌زار و دووسه‌د سكاڵامان له‌سه‌ر دۆسیه جیاوازه‌كان جووڵاندووه.״
وته‌بێژى داواكارى گشتیى هه‌رێمى كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكى ״ئاژانس״دا باس له‌وه ده‌كات كه هه‌ندێك جار به‌ربه‌ست بۆ دادگاكان دروست ده‌كرێت له كاتى جووڵاندنى دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵیدا و ده‌شڵێت: ״ئه‌گه‌ر له هه‌رێم ده‌سته‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆى داواكارى گشتی دابمه‌زرێنرێت پێویسته یاساكه‌ى له په‌رله‌مان هه‌موار بكرێته‌وه.״
ئاژانس: سه‌ره‌تا له‌وەوە ده‌ست پێ ده‌كه‌ین له ماوه‌ى ساڵی ڕابردوودا چه‌ند دۆسیه‌تان جووڵاندووه، له‌وانه چه‌ندى گه‌یشتووەته دادگا و چه‌ندى بڕیاری له‌سه‌ر دراوه؟
دڵشاد فائیز: سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئاماژه به ئه‌رك و كاری سه‌ره‌كیى داواكاری گشتیى بكه‌م كه به گوێره‌ى یاسای 159ی ساڵی 1979ی هه‌مواركراو كار ده‌كات، ئه‌ویش چاودێركردنى جێبه‌جێكردنى یاسا و بڕیاره كارگێڕییهكانه، له‌گه‌ڵ پارێزگاریكردن له سیستمى گشتیى وڵات و موڵكوماڵى گشتى و پارێزگاریكردن له خێزان و منداڵ، ده‌ستنیشانكردنى پێشێلكارییه‌كانى ده‌سته و دامه‌زراوه‌كانى تری هه‌رێم و گرتنه‌به‌ری ڕێكاری یاسایی له دژیان، هاوكات به‌شداریكردن له دادگاكان له كاتى لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ى تاوانه‌كان و چاودێریكردنى جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كانى دادگا له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ركێكى تر.
سه‌باره‌ت به‌و سكاڵایانه‌ى كه له ساڵی ڕابردوودا تۆمار كراوه دوو هه‌زار و دووسه‌د سكاڵا بووه، له دژی ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستدرێژییان كردووەته سه‌ر موڵكوماڵی گشتى و زێده‌ڕۆییه‌كان، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه ساڵی 2016 ژماره‌ى سكاڵاكان 1970 دۆسیه بووه، هه‌موو ئه‌و سكاڵایانه گه‌یشتووەته دادگای لێكۆڵینه‌وه، چونكه كاری ئێمه وه‌ك داواكاری گشتى به شێوه‌یه‌كى ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دادگاكانى لێكۆڵینه‌وه‌یه، هه‌ر له‌و دادگایانه نوێنه‌رایه‌تیى داواكاری گشتى بوونى هه‌یه و چاودێری و به‌داواداچوون له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و دۆسیانه ده‌كه‌ن، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسیانه‌ش ده‌مێنێته‌وه سه‌ر جۆری كێشه‌كان، كه هه‌ندێكیان پێویستى به كاتێكى زیاتر یان كه‌متر هه‌یه، به گشتى به‌شی زۆری ئه‌و دۆسیانه‌ى له لایه‌ن داواكاری گشتى ئاڕاسته‌ى دادگاكان كراوه یه‌كلا بووەته‌وه و بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه.
ئاژانس: دۆسیه‌كان زیاتر له چ بوارێكدا بووه؟
دڵشاد فائیز: ئه‌و دۆسیانه‌ى په‌یوه‌ندیى به هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى و وه‌رگرتنى ڕه‌شوه و ساخته‌كارییه‌وه هه‌بووه، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى مافی گشتى تێدایه ده‌توانین سكاڵا دژی ئه‌نجامده‌رانى بجووڵێنین.
ئاژانس: له میانه‌ى كاره‌كانتان هیچ به‌ربه‌ستێك دێته پێشتان؟
دڵشاد فائیز: تا ئه‌و كاته‌ى ئێمه سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین نه‌خێر، به‌ڵام كاتێك دۆسیه‌كان له لایه‌ن ئێمه‌وه ئاڕاسته‌ى دادگاكان ده‌كرێت به‌ڵێ هه‌ندێك جار به‌ربه‌ستى دێته پێش، هه‌ركاتێكیش به‌ربه‌ست بۆ دادگاكان درووست بكرێت به ته‌ئكید كێشه بۆ ئیشوكاره‌كانى داواكاری گشتیش درووست ده‌بێت، هه‌موو حاڵه‌ته‌كان كاتێك سكاڵا تۆمار ده‌كرێت پێویسته ڕێوشوێنه‌كانى بگیرێته به‌ر.
ئاژانس: به‌ڵام ده‌وترێت به‌رپرسانى تێوه‌گلاو له گه‌نده‌ڵی گوشار له دادگا و داواكاری گشتى ده‌كه‌ن؟
دڵشاد فائیز: وه‌ك ئاماژه‌م بۆ كرد ئه‌و به‌ربه‌ستانه ڕاسته‌وخۆ ناخرێته پێش ئیشوكاره‌كانى داواكاری گشتى، چونكه ئێمه كاره‌كانى خۆمان له‌سه‌ر بنه‌ماى زانیارییه‌كان ده‌كه‌ین و ئاڕاسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌نداری ده‌كه‌ین كه دادگاكانه.
ئاژانس: داواكاری گشتى سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رییه یان وه‌زاره‌تى داد یان سه‌ربه‌خۆیه؟
دڵشاد فائیز: تاكو ئێستا داواكاری گشتى سه‌ر به وه‌زاره‌تى دادی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه، به‌ڵام له عێراق سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رییه، له زۆر وڵاتان سه‌ر به وه‌زاره‌تى داده، له هه‌ندێك وڵاتیش سه‌ر به ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رییه، له هه‌مان كات له هه‌ندێكى وڵاتى تر داواكاری گشتى سه‌ربه‌خۆیه، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش له هه‌رێم ببینه ده‌زگایه‌كى سه‌ربه‌خۆ پێویسته یاساكه‌ى له په‌رله‌مان هه‌موار بكرێته‌وه.
ئاژانس: جیاوازیى ئه‌ركه‌كانى ئێوه وه‌ك داواكاری گشتى له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى نه‌زاهه و دیوانی چاودێری دارایی چییه، هه‌ست ناكه‌ن جۆره تێكه‌ڵاوییه‌ك له كاره‌كانتان هه‌یه؟
دڵشاد فائیز: به‌شێكى به‌و ماددانه‌ی ئێستا ده‌سته‌ى نه‌زاهه كاری له‌سه‌ر ده‌كات پێشتر له چوارچێوه‌ى كاری داواكاری گشتى بوو، به‌ڵام كاتێك یاسای ده‌سته‌ى نه‌زاهه ده‌رچوو به‌شێك له‌و ئه‌ركانه گواسترایه‌وه بۆ ده‌سته‌ى ناوبراو، به تایبه‌تى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به وه‌رگرتنى ڕه‌شوه و به‌هه‌ده‌ردانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ماناى ئه‌وه نییه داواكاری گشتى نه‌توانێت ئه‌و دۆسیانه بجووڵێنێ، به‌ڵكو ئێمه‌ش ده‌توانین كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌ماهه‌نگى له نێوان ئێمه و ده‌سته‌ى نه‌زاهه هه‌یه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به دیوانى چاودێری دارایی ئه‌وان وردبینى له كاره‌كانى فه‌رمانگه كارگێڕییه‌كان ده‌كه‌ن له ڕووى ئیداری و ژمێریارییه‌وه، دواتر ڕاپۆرتی خۆیان به‌رز دهكهنەوه، زۆرجاریش ئه‌و ڕاپۆرتانه ئاڕاسته‌ى داواكاری گشتى ده‌كرێت، ئێمه‌ش كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
ئاژانس: داواكاری گشتى بۆچی ده‌ست نابات بۆ ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ى له‌سه‌ر نه‌وت هه‌یه؟ هه‌نگاوتان هه‌بووه له‌و باره‌یه‌وه؟
دڵشاد فائیز: به‌ڵێ پێشتر له باره‌ى دۆسیه‌كانى نه‌وتەوە ئێمه نووسراومان بۆ وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌كان كردووه، ئه‌وانیش هه‌ندێك زانیاری‌یان پێ داین، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه پێك هێندراوه به تایبه‌تى له‌سه‌ر پاڵاوگه‌كان، به‌ڵام وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌كان وه‌كو پێویست هاوكارمان نه‌بوون و یارمه‌تییان نه‌داوین، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكە باشتر ده‌بێت.
ئاژانس: ئه‌ى له پرسی بازرگانیكردن له‌گه‌ڵ داعشدا، ئه‌و دۆسیه‌یه به چی گه‌یشت، زانیارییه‌كانى لای ئێوه چییه؟
دڵشاد فائیز: ئه‌وه‌ى له لای ئێمه هه‌بوو هه‌ندێك دۆسیه بوو له سنووری خانه‌قین و كه‌ركوك كه له سه‌ره‌تاى هاتنى داعش بوو، گوایه هه‌ندێك له به‌رپرسانى سه‌ربازیى بازرگانییان له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كدارنه كردووه به تایبه‌تى له بواری فرۆشتنى گه‌نم و جۆ و سووته‌مه‌نى، به‌ڵام ئه‌و لیژنه‌یه‌ى بۆ لێكۆڵینه‌وه پێك هێندرا كه خۆم یه‌كێك بووم له سه‌رپه‌رشتیاران، دواى لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ زۆر له به‌رپرسه سه‌ربازییه‌كان نه‌تواندرا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌سه‌ر ڕاستى و دروستیى ئه‌و دۆسیه كۆ بكرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌بوو ته‌نیا زانیاری بوو.
ئاژانس: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ داواكاری گشتیى پارێزگاكان چۆنه، هه‌ست ده‌كرێت زۆرجار به ئاڕاسته‌ى جیاواز كار ده‌كرێت، بۆ نموونه له سلێمانى داوایه‌ك دهجووڵێندرێ به‌ڵام داواكاری گشتیى هه‌رێم گرنگى پێ نادات؟
دڵشاد فائیز: نه‌خێر په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ داواكاری گشتیى پارێزگاكان زۆر باشه، زۆرجار به‌دواداچوون بۆ نووسراوى ئه‌وان ده‌كه‌ین، بۆیه هه‌ست ناكه‌م سه‌رۆكایه‌تیى داواكاری گشتى و داواكاری گشتیی پارێزگاكان به ئاڕاسته‌ى جیاواز كار بكه‌ن.
ئاژانس: له ساڵی ڕابردوودا دۆسیه‌یه‌ك له سلێمانى سه‌باره‌ت به پاشكه‌وتى مووچه له داواكاری گشتیى سلێمانى جووڵێنرا، ئه‌وه به چی گه‌یشت؟
دڵشاد فائیز: به داخه‌وه زانیاریم نییه.
ئاژانس: خه‌ڵك سكاڵا له لای ئێوه ده‌كات، ئه‌ى ئێوه سكاڵا له كێ ده‌كه‌ن، كاتێك كاره‌كانتان به‌ربه‌ستى بۆ درووست ده‌بێت؟
دڵشاد فائیز: هه‌ر كاتێك هه‌ر به‌ربه‌ستێك بێته به‌رده‌م كاره‌كانمان به گوێره‌ى یاسای سزادانی عیراقی دۆسیه له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه ده‌كه‌ینه‌وه كه یارمه‌تیى دادگاكان و داواكاری گشتى ناده‌ن.
ئاژانس: تا ئێستا هه‌رێمى كوردستان یاسایه‌كى تایبه‌تی سزادانى نییه، به‌ڵكو به یاساكه‌ى عێراق كار ده‌كات، ئه‌وه گرفت بۆ ئیشه‌كانتان درووست ناكات؟
دڵشاد فائیز: به‌ڵێ هه‌رێمى كوردستان زۆر پێویستى به یاسایه‌كى خۆی تایبه‌ت به سزادان هه‌یه، چونكه یاساى سزادانى عێراقی كه له ساڵی 1969 ده‌رچووه و ئێستا له هه‌رێمیش كاری پێ ده‌كرێت ناگونجێ له‌گه‌ڵ كێشه كۆمهڵایهیتیهكان و ئه‌و كێشانه‌ى به هۆی پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆجیاوه درووست ده‌بێت، هه‌روه‌ها یاساكه ناگونجێ له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشه داراییانه ئێستا له‌ناو بازاڕه‌كاندا هه‌یه، بۆیه پێویسته یاسایه‌ك هه‌بێت له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانى سه‌رده‌م بگونجێت، ئینجا یان یاساكه‌ى عێراق هه‌موار بكرێته‌وه، یانیش هه‌رێم یاسایه‌كى تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت.
ئاژانس: ده‌وترێت بە بڕیاری لێبووردنى گشتیى په‌رله‌مان به‌شێك له سزادراوانى گه‌نده‌ڵی ئازاد كراون؟ به گشتى تێبینیى ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره چییه؟
دڵشاد فائیز: نامه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه هیچ بڵێم.