حەسەن شەنون
بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو 29ـی ئەیلوول مەسعود بازرانی سەردانی بەغدا بكات و بە وتەی سەعد حەدیسی وتەبێژی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانیش ئامانج لە سەردانەكە تاوتوێكردنی پرسی نەوت و شەڕی موسڵە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ “ئاژانس” سەعد حەدیسی وتەبێژی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران ڕایگەیاند: ״پێنجشەممە مەسعود بارزانی سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ عەبادی كۆ دەبێتەوە.״
سەعد حەدیسی وتیشی: ״بڕیارە لەو سەردانەیدا مەسعود بارزانی و حەیدەر عەبادی پرسی نەوت و كێشەكانی سەر ئەو پرسە تاوتوێ بكەن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێكکەوتنێك لەسەر هەناردەی نەوت.״
حەدیسی ئاماژەی بەوەش دا كە یەكێكی تر لەو پرسانەی بڕیارە لەو سەردانەدا تاوتوێ بكرێت پڕۆسەی ئازادكردنەوەی شاری موسڵە لەژێر دەستی چەكدارانی داعش و سازانی سیاسییە بۆ قۆناغی دوای ئەو پڕۆسەیە لەو ناوچەیەدا.״