نازانین ڕای ئێران چۆنه به‌رامبه‌رمان
سازدانی: سه‌رچین ساڵح
ڕێبوار که‌ریم مه‌حموود، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری، ئاشكرای ده‌کات هه‌ر یه‌که له هاوپه‌یمانی، گۆڕان و کۆمه‌ڵ هاوپه‌یمانی یه‌کن و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت: ״ئێمه هاوپه‌یمانین، فرهلیستییشمان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستاندا ڕێگری له به‌رده‌م هاوپه‌یمانێتییه‌که‌مان درووست ناکات.״ سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئێرانیش به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌که‌یان، ئاماژه به‌وه ده‌دات، ״ نازانین ڕای ئێران چۆنه به‌رامبه‌رمان.״
هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی هاوپه‌یمانێتییه‌کیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق له ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان درووست کردووه و سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش له ماڵی جه‌لالی سام ئاغا، سه‌رۆکی پیشووی دیوانی چاودێری دارایی، کۆ بوونه‌وه.
ڕێبوار که‌ریم مه‌حموود له چاوپێکه‌وتنێکی ״ئاژانس״دا ئاشکرای ده‌کات، کارکردنی ئه‌وان ته‌نها له سنووری پارێزگای سلێمانی نییه و له هه‌موو ناوچه‌کان جموجۆڵیان هه‌یه و ده‌شڵێت: ״کار بۆ سڕینه‌وه‌ی یه‌کێتیی ناکه‌ن.״
ئاژانس: سه‌ره‌تا له‌و پرسیاره‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ین، كۆبوونەوەی ئێوە و كۆمەڵ و گۆڕان لە ماڵی جەلالی سام ئاغا بۆچی بوو، چ بڕیارێكی نوێی تێدا درا؟
ڕێبوار كەریم: ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵدا هەماهەنگیمان هەبوو و بەیاننامەی هاوبەشمان هەبووە لەسەر پرسە گرنگەكان، هەروەها لیستی هاوبەشمان بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كەركوك درووست كردووە، بە دڵنیاییەوە بۆ پەرەپێدانی ئەم هەماهەنگییە پێویستە بەردەوام كۆبوونەوە بكرێت، ئەو كۆبوونەوەمان بە گرنگ زانیوە بۆ ئەوەی بێتە دەروازەیەك بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو، بڕیار دراوە هەماهەنگییەكان بەردەوام بن و ئاستەكەیشی بەرز بكرێتەوە و دابەزێنرێت بۆ قائیدەی جەماوەری هەر سێ لایەنەكە بۆ ئەوەی پابەند بین بەو هەماهەنگییەوە.
ئاژانس: بۆچی لیستە هاوبەشەكەتان تەنها بۆ ناوچە جێناكۆكەكانە و بۆ كوردستان نییە؟
ڕێبوار كەریم: شێوەی ڕێككەوتنەكە وا بوو، گرفتمان نییە شێوەی هاوپەیمانێتییەكەمان بە یەكلیستی بێت یان فرەلیستی بێت، چونکه ئێمه هاوپه‌یمانین، گرنگ ئەوەیە لەسەر كۆمەڵێك پرەنسیپ ڕێك كەوتووین و كاری بۆ دەكەین بەبێ هیچ گرفتێك.
ئاژانس: بۆچی یەكگرتوو نەهاتووەتە بەرەكەتانەوە؟
ڕێبوار كەریم: ئێمە داوامان كردووە هەموو خەڵكی چاكەخواز چی وەكو هێز چی وەكو كەسایەتییەكان بێنە ناو ئەو بەرەیەوە، پێمان وایە هەموو لایەنەكان خەڵكی چاكەخوازی تێدایە، بۆچی ئەوان نەهاتوون وا باشترە لە خۆیان بپرسن.
ئاژانس: دەوترێت بەرهەم ساڵح ڕاستەوخۆ بە سەڵاحەدین بەهادینی وتووە بێتە بەرەكەوە، بەڵام ڕازی نەبووە؟
ڕێبوار كەریم: ئەمە هاوپەیمانییەكی سێلایەنەیە، هەر شتێك بكرێت بە بڕیاری هەر سێ لایەنەكە دەبێت، بە تەحدیدی و بەو شێوازە زەقە نییە.
ئاژانسی: بە نیازن ئەو بەرەیە فراوانتر بكەن؟
ڕێبوار كەریم: هەموو كات بە فراوانی هێشتوومانەتەوە و داوامان كردووە و داوا دەكەین هەموان بێن بۆ ئەوەی فراوانی بكەین.
ئاژانس: هەوڵەكانی ئێوە زیاتر لە سنووری دەسەڵاتی یەكێتییە، وەك دژێكی یەكێتیی دەبینرێن، بۆچی لە هەولێر و دهۆك و ناوچەكانی پارتی جموجۆڵتان كەمترە؟
ڕێبوار كەریم: لە هەموو كوردستاندا حزووری خۆمان هەیە و هیچ گرفتێكشمان نییە و ئیشكردنمان جیاوازە و كار لەسەر سڕینەوەی كەس ناكەین.
ئاژانس: لەسەر درووستكردنی ئەو هاوپەیمانێتییە لەم سنوورە ئێران هیچی پێ نەوتوون؟
ڕێبوار كەریم: ئێمە هێزێكی كوردستانین، باوەڕمان بەوە هەیە دەبێت بڕیار لە خۆمانەوە وەربگرین، لەگەڵ ئەوەشدا بایەخ بە پەیوەندییه‌کانی دەرەوەمان دەدەین.
ئاژانس: ڕەئی ئێران چۆنە لەسەر ئەو بەرەیەی دروستتان كردووە، هیچ ڕاوێژێكتان بە ئێران كردووە؟
ڕێبوار كەریم: ڕەئیان نازانین، لەبەر ئەوەی هیچ بەیاننامە یان هەڵوێستێكیانمان نەبینیوە.
ئاژانس: سەرۆكی هاوپه‌یمانێتییه‌که وەك ئاشكرایە د. یوسف محەمەدە، هەر ئەو دەمێنێتەوە و ناگۆڕدرێ، هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو چییە؟
ڕێبوار كەریم: د. یوسف سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكەیە، هێشتا سەرۆكی لیستەكە دیاری نەكراوە، لەم ڕۆژانەدا سەرۆكی لیستەكەیش كە ئیشێكی تەكنیكییە؛ دامەزراوەی هەڵبژاردنی هەر سێ لایەنەكە دیاری دەكەن.
ئاژانس: داواتان لە جەلالی سام ئاغا كردووە بێتە بەرەكەتانەوە؟
ڕێبوار كەریم: مامۆستا جەلالی سام ئاغا و كۆمەڵێك كەسایەتیی تر خۆیان پشتگیریی ئەم تەوەجوهە دەكەن بۆ درووستكرنی هاوپەیمانی و دەربازبوون لەم دۆخە.
ئاژانس: دەوترێت پێتان وتووە سەرۆكایەتیی لیستەكەتان بكات، بەڵام ڕەتی كردووه‌تەوە؟
ڕێبوار كەریم: زانیارییەكی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە.
ئاژانس: زانیاری هەیە كە بە لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن و دواتر دەبن بە هاوپەیمان؟
ڕێبوار كەریم: بێگومان هەنگاوی داهاتوومان ئاشكرایە و بە یەكەوە كار دەكەین و هاوپەیمانین، بەشداریكردنمان بە لیستی جیاواز كاریگەرئی نەرێنئی نابێت لەسەر هاوپەیمانێتییەكەمان.
ئاژانس: لە كۆبونەوەكەی ماڵی جەلالی سام ئاغا و كۆبوونەوەكانی ڕابردووتاندا باسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمتان كردووە، كاندیدتان دەبێت بۆ ئەو پۆستە؟
ڕێبوار كەریم: ئێمە باوەڕمان بە سیستمی پەرلەمانیی ڕاستەقینە هەیە بێ فرتوفێل و چەندوچوون، هەر كاتێكیش كاتی هەڵبژاردنەكان دیاری كرا ئەوكاتە قسەی خۆمان دەبێت، بەڵام تا ئێستا قسەمان لەسەری نەكردووە.