ئاژانس – سه‌لام هانه‌دنی
وه‌زاره‌تی دارایی حکومەتی هه‌رێم ڕێنمایی بۆ لێخۆشبوو‌ن له وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌كان له هاوسه‌ری شه‌هیدان و بێسه‌روشوێنانی شه‌ڕی داعش ده‌رده‌كات، بەڵام بڕیارەکە كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیاباران و شه‌هیدانی هاووڵاتی و سه‌نگه‌ر ناگرێتەوە و دەڵێن جیاوازییان لە نێواندا دەکرێت.
له نووسراوێكدا كه 11ی ئه‌م مانگه ده‌رچووه و واژۆی ڕێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی له‌سه‌ره، تیایدا ئاماژه به‌وه كراوه، هاوسه‌ری شه‌هیدان و بێسه‌روشوێنانی جه‌نگی دژ به داعش له پێشینه‌كانی هاوسه‌رگیری و خانووبه‌ره و سندووقی نیشته‌جێبوون ده‌به‌خشرێن. لە نووسراوەکەدا تەنها شەهیدانی داعش ناویان هاتووە و شەهیدانی تری نەگرتووەتەوە.
ئاراس عابید، تاقانه‌ی كیمیاباران و خاوه‌نی 12 شه‌هیدی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و جێگری كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بڕیاره‌کە جێگه‌ی خۆیه‌تی چونكه كه‌سوكاری شه‌هیدانی شه‌ڕی داعش شایەنی له‌وه زیاترن، به‌ڵام پێویست بوو ئه‌و بڕیاره هه‌موو كه‌سوكاری شه‌هیدان بگرێته‌وه، چونكه ئه‌وه جیاوازییه له نێوان شه‌هیداندا.״
وتیشی: ״ئه‌م بڕیاره سه‌لماندی كه هه‌یمه‌نه‌ی حزب باڵاده‌سته به‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا، چونكه ده‌بوو ئه‌و جیاوازییه نه‌كرایه، وا هه‌ست ده‌كه‌م كه‌سوكاره‌كه‌م شه‌هید نه‌بووه كه بڕیاری له‌م شێوه‌یه ده‌بینم، نازانم ئەو جیاوازییە چییە.״
به پێی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، کەسوکاری ئه‌و شه‌هیدانه‌ی شه‌ڕی دژ به داعش كه پێشینه‌ی هاوسه‌رگیرییان وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش كه قیستی یه‌كه‌می پێشینه‌ی سندووقی نیشته‌جێبوونیان وه‌رگرتووه، له قیستی یه‌كه‌م ده‌به‌خشرێن و له كاتی ئاساییبوونه‌وه‌ی بارودۆخی دارایی هه‌رێم قیسته‌كانی تریشیان پێ ده‌درێت.
ڕزگار محه‌مه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی شه‌هیدان له په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״شه‌هید هه‌ر شه‌هیده و ناكرێت جیاوازی بكرێت له نێوان شه‌هیداندا، به‌ڵام پرسی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی به یاسا ڕێك نه‌خراوه، بۆیه جیاوازیی زۆر ده‌كرێت له نێوان كه‌سوكاری شه‌هیدان.״
وتیشی: ״ده‌بوو ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌موو شه‌هیدانی سه‌نگه‌ر و هاووڵاتی و كیمیاباران و داعش و ئه‌نفالكراوان بگرێته‌وه، چونكه هه‌موویان به هۆی كوردبوونیانه‌وه شه‌هید بوون.״
ئێستا کەسوکاری شەهیدان کە بڕیارەکە نایانگرێتەوە نیگەرانن و داوا لە وەزارەتی دارایی دەکەن بە بڕیارەکەیاندا بچنەوە.
״ئه‌م جۆره بڕیارانه ده‌بنه هۆی جیاوازیكردن و درووستكردنی ته‌فره‌قه له نێوان كه‌سوكاری شه‌هیدان و بردنه‌پێشه‌وه‌ی هه‌ندێك له شه‌هیدان و پشتگوێخستنی هه‌ندێكی تر، بۆیه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم بڕیارێكی گشتگیر ده‌ربكات له‌و باره‌یه‌وه.״ ڕزگار محەمەد وای وت.
لە شەڕی سێساڵەی داعشدا نزیکەی دوو هەزار پێسمەرگە شەهید بوون و زیاتر لە دە هەزاری تریش بریندار بوون.
ئه‌حمه‌د مام ڕه‌سوڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری زیندانیانی سیاسی له وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بڕیارەکە لەسەر داوای وەزارەتەکەی ئێمە بووە، ئه‌وه جیاوازی نییه له نێون شه‌هیدان، چونكه شەهیدانی هاووڵاتی به پێی یاسا ئه‌و لێخۆشبوونانه نایگرێته‌وه، هی سەنگەریش پێشتر ئەو پێشینانە نەبوون.״
لای خۆشیه‌وه فواد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״کەسوکاری شەهیدانی هاووڵاتی و سەنگەر و ئه‌نفالکراوان و کیمیابارانیش پێشتر دوو جۆر پێشینەیان وەرگرتووە و پێشینەی هاوسەرگیرییان لێ وەرنەگیراوەتەوە.״
وتیشی: ״هیوادارین بڕیاریک دەربکرێت هەموو کەسوکاری شەهید لە پێشینەکان ببەخشرێن، یان لە ئێستادا لێیان وەرنەگیرێتەوە.״