ئاژانس
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان چاوی لە دەستی بەغدایە پشکی بداتێ لەو دەرمانەی، کە بۆ چارەسەری پەتای کۆرۆنا بە کار دەھێندرێت، ھەرچەندە کۆمپانیایەکی ھەولێر ئەو دەرمانەی بەرهەم هێناوە کە دروستکراوی ڕوسییە.
د.محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێم بە “ئاژانس”ی وت: “حکومەتی ھەرێم ئەو دەرمانەی نەکڕیوە، بەڵام حکومەتی عێراق کڕیویەتی و ئێمەش پشکمان تێیدا ھەیە و بڕی پێویستیی خۆمان ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بۆمان بنێرن.”
وتیشی: “پارێزگاکان سەرپشک کراون لەوەی کە خۆیان دەرمانەکە بکڕنەوە و پارێزگاری ھەولێریش ١٠٠٠ پارچەی کڕیوە و دابەشی کردووە بەسەر نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا.”