مووچە بۆ 178 ئەفسەری هەولێر خەرج كراوە
ئاژانس
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی حەوت مانگی 81 ئەفسەری تازە دەرچووی كۆلێژی پۆلیسی سنووری سلێمانی خەرج نەكردووە، لە كاتێکدا 178 خوێندكاری خولێکی هاوکاتیان لە سنووری هەولێر مووچەكانیان بۆ خەرج كراوە.
بە پێی فەرمانێكی وەزارەتی ناوخۆ كە كۆپییەكی لای ״ئاژانس״ە و لە 17ی 1ی 2019 كەریم سنجاری، وەزیری پێشووی ناوخۆ ئیمزای لەسەر كردووە، فەرمانی وەزاری دەركراوە بۆ بەخشینی پلەی مولازمی دووی هەمیشەیی بۆ دەرچوانی 178 خوێندكار لە خولی 16ی كۆلێجی پۆلیسی هەولێر و فەرمانی دامەزراندنیان لەسەر میلاكی هەمان وەزارەت بۆ دەركراوە و مووچەی شەش مانگیان بەسەر یەكەوە بۆ خەرج كراوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە 81 دەرچووی خولی پێگەیاندنی ئەفسەران لە سنووری سلێمانی ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە و مووچەی كەڵەكەبوویان بۆ خەرج ناكرێت.
خوێندكارێكی خولی 6ی پێگەیاندنی ئەفسەرانی سلێمانی، كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״دەرچوانی خولی 16 كە 178 خوێندكاری كۆلێجی پۆلیسی هەولێر بوون، مووچەی شەش مانگیان بۆ خەرج كراوە كە مانگانەیان ملیۆنێك و 200 هەزار دینارە، بەڵام بۆ 81 خوێندكارەكەی خولی 6ی پێگەیاندنی ئەفسەران لە سنووری سلێمانی ئەو بڕیارە نەبووە و تەنها مانگانە لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان بۆ خولەكە تا ئێستا 200 هەزار دینارمان بۆ خەرج كراوە.״
ئەو 81 دەرچووەی خولی ئەفسەرانی سلێمانی لە 18ی 7ی 2019 خولەكەیان تەواو كردووە، بەڵام زیاتر لە حەوت مانگە لە چاوەڕوانیدان و پلەبەرزكردنەوەیان بۆ نەكراوە، كە بە پێی یاسا و ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ تەواوكردنی ئەو خولە مەرسومیان بۆ دەردەكرێت، كە ماوەی پلەبەرزكردنەوەش كەوتووەتە هەردوو مانگی كانوونی دووەم یان لە مانگی تەمموزدا، بەم پێوانەیەش دەبوو لانیكەم دەرچوانی ئەم خولە لە 18ی تەمموزی 2019 مەرسومی هەرێمییان بۆ پێدانی پلەی ملازم بۆ دەربچێت، بەو هۆیەوە پێشبینی دەكرێت ئەو 81 دەرچووەی سلێمانی پلەبەرزكردنەوەیان لە مانگی كانوونی دووەمی 2020 بۆ بكرێت، لەو حاڵەتەشدا شەش مانگ لە پلە و مووچەی شایستەبوون بێبەش دەبن.
ئەوەش لە كاتێكدایە 178 ئەفسەرەكەی هەولێر لە ماوەی مانگێكدا بڕیاری مەرسومی سەرۆكایەتیی هەرێمیان بۆ دەركرا بە پێدانی پلە و مووچەی شەش مانگ كە هەریەكەیان بڕی 1 ملیۆن و 200 هەزار دیناری مانگانە و كۆی مووچەكانیان وەرگرت كە 7 ملیۆن و 200 هەزار دینار بووە.
بڕی ئەو مووچەیەی 81 ئەفسەرەكەی سلێمانی كە لە ماوەی حەوت مانگدا خەرج نەكراوە و ئەگەر هەیە بفەوتێت 680 ملیۆن و 400 هەزار دینارە، كە بۆ هەر ئەفسەرێكیان نزیكەی نۆ ملیۆن دیناری فەوتاوە.
یەكێكی دیكە لەو ئەفسەرانەی سلێمانی، كە ئەویش نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ڕاگری كۆلێژی پۆلیسی سلێمانی تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە دوو مانگ بڕیارەكە دوا بخات بۆ ئەوەی مافەكانمان نەفەوتێت، ئەگەر ئەویش مەرسوم جێبەجێ بكات، تەنها نەجمەی سەرشان وەردەگرین و بە پێی یاسا مووچەی حەوت مانگمان دەفەوتێت.״
سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە ئێستادا كار لەسەر داواكاریی خوێندكارانی دەرچووی ئەو خولە دەكرێت و لە ڕۆژی دەرچوونی فەرمانی مەرسومی هەرێم وەك ئەفسەر ئەژمار دەكرێن، بۆیە هیچ قەرەبووكردنەوەیەكیان پێ نادرێت.״
هاوكات لیوا بەختیار تاهیر، ڕاوێژكاری سەربازی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״هیچ جیاوازییەك لە نێوان دەرچوانی كۆلێژی پۆلیسی سلێمانی و هەولێر نییە و بۆ هیچیان مەرسومی هەرێمی دەرنەكراوە، هەر خوێندكارێكی ئەو خولەش گلەییان هەیە دەتوانن بە نووسراو داواكاریمان ئاڕاستە بكەن بۆ ئەوەی بەدواداچوونی لەسەر بكەین.״
وتیشی: ״لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ ئەم پرسە تاكو ئێستا نووسراو نەكراوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمەش بە هۆی خراپیی باری ئابوورییە، لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەم دۆخە بڕیاری لەسەر دەدەین.״