وەزیرێك: ״ئەگەر وا بێت كەواتە شتێك نامێنێتەوە بە ناوی حكوومەتەوە״
ئاژانس – سەرچین ساڵح
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە نیازە سەرجەم وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان بداتە كەرتی تایبەت، لە ئێستاشدا پڕۆژەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، وەزارەتەكان سەرپشك دەكات بۆ زیادكردنی داهاتیان بە هەر ڕێگەیەك خۆیان دەیانەوێت.
لەم كارەیدا حكوومەتی هەرێم ئامانجی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی و بەرزكردنەوەی ڕێژەی داهاتە، قورساییەكەش دەكەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان.
به پێی زانیارییهكانی״ئاژانس״ كه له چهند وهزیرێكی حكوومهتهوه دهستی كهوتووه، دهیهوێت بهشێك له كاری وهزارهته خزمهتگوزارییهكان بداته كهرتی تایبهت یاخود وهزارهتهكان خهرجییهكانیان كهم بكهنهوهو داهاتیان زیاد بكهن.
له ئێستاشدا كارهكانی وهزارهتی گواستنهوهو گهیاندن و بهشێك له ئهوقاف و شارهوانیو گهشتوگوزار، خوێندنی باڵا له لایهن كهرتی تایبهتهوه بهڕێوه دهبرێن.
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر خوێندكارانی بەشە ناوخۆییەكان زیاتر لە 100 هەزار دیناریان لێ وەرگیرا، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بە فەرمانی نێچیرڤان بازرانی لە بەرامبەر كۆكردنەوەی زبڵی ماڵاندا باج لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، كە كۆكردنەوەی زبڵوخاشاك لە دەستی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتدایە، باجی زیاتریش دەخرێتە سەر جگەرە و خواردنەوە كحوولییەكان و ئۆتۆمبێل.
وەزیرێكی حكوومەتی هەرێم كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند لە ئێستادا پڕۆژەیەكی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، تێیدا وەزارەتەكان سەرپشك دەكات بۆ كۆكردنەوە و زیادكردنی داهاتیان و پێدانی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان بە کەرتی تایبەت.
ئەو وەزیرە، وتیشی: ״مانگی دوو وەزارەتی دارایی بە جیا لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكان كۆ دەبێتەوە و پرسی زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجییەكان تاووتوێ دەكەن״.
هەوڵەكانی حكوومەت بۆ زیادكردنی داهات لە ڕێگەی زیادكردنی باجەوە، كە دەكەوێتە سەرشانی هاووڵاتییان، لە كاتێكدایە زیاتر لە دوو ساڵە هەرێمی كوردستان لەنێو قەیرانی داراییدایە و زۆربەی پڕۆژەكان پەك خراون و فەرمانبەرانیش نیوەمووچەیەك وەردەگرن.
مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان، ئاشكرای كرد لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ڕایەك هەبووە كە كاری بەشێك لە وەزارەتەكان بدرێت بە كەرتی تایبەت، بەڵام تا ئێستا نەبووە بە بڕیار.
مەحموود حاجی ساڵح، بە باشی نازانێت وەزارەتەكان بدرێن بە كەرتی تایبەت ״ئەگەر وابێت كەواتە شتێك نامێنێتەوە بە ناوی حكوومەتەوە، ئەوەی هەیە كاری وەزارهتی كارەبا لە ئێستادا بدرێت بە كەرتی تایبەت باشە״.
گواستنەوە و گەیاندن یەكێكە لەو وەزارەتانەی سەرجەم كارەكانی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆك بە هاوبەشی دراون بە كەرتی تایبەت، وەزارەتەكە لە سلێمانییش هەمان نیازی هەیە.
ئومێد محەمەد وتەبێژی گواستنەوە و گەیاندن، بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بڕیار دراوە بدرێت بە كەرتی تایبەت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، لە ئاییندەدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە״.
وەزارەتی تەندرووستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پڕۆژەیەكی بۆ زیادكردنی داهاتەكانی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و ڕەزامەندیی لەسەر دراوە، بەڵام بەشە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتەكە نادرێنە كەرتی تایبەت.
ڕێكەوت حهمەڕەشید وەزیری تەندرووستیی حكوومەتی هەرێم، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند پڕۆژەی پێدانی كاری وەزارەتەكان بە كەرتی تایبەت بۆ زیادكردنی داهات و كەمكردنەوە خەرجییە.
ڕێكەوت حهمەڕەشید، بە ״ئاژانس״ی وت: ״وەزارەتی تەندرووستی هیچ بەشێكی خزمەتگوزاری نادات بە كەرتی تایبەت، بەڵام وەزارەت پڕۆژەیەكی داوە بە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ زیادكردنی باج لەسەر جگەرە و تووتن و مەشرووبات بە ئامانجی زیادكردنی داهاتوو، ئەنجوومەنی وەزیرانیش موافەقەی لەسەر پڕۆژەكە كردووە״.
ئەوقاف و كاروباری ئایینییش یەكێكە لەو وەزارەتانەی بەشێكی زۆر لە كارەكانی لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن، بەتایبەت حەج و عومرە، كە ئەمساڵ لە كاتی پڕكردنەوەی فۆڕمی حەجدا بڕی 50 هەزار دینار لە هەر هاووڵاتییەك وەرگیرا.
مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند ئەركی سەرەكیی وەزارەتەكەیان كە حەج و عومرەیە دراوە بە كەرتی تایبەت و ساڵانە كۆمپانیاكان كاری گواستنەوە و خزمەتگوزارییەكانی حەج و عومرە دەكەن.
نەقشبەندی، وتیشی: ״ئەوەی دەمێنێتەوە موڵكەكانی وەزارەتن، ئەوانیش دروان بە كرێ بە كۆمپانیا و هاووڵاتییان״.
دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێم لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی ڕێژەی ڕسووماتەوە لە ساڵی 2016دا داهاتی ڕسووماتی بۆ سێ ملیار و 600 ملیۆن دینار بەرز کردەوە، لە كاتێكدا پێشتر 900 ملیۆن دینار بووە.
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێم، بە ״ئاژانس״ی وت: ״سەرجەم كار و پڕۆژەكانی دەستەی گەشتوگوزار لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەیەكمان داوە بە حكوومەت بۆ ئەوەی لە كاتی درووستكردنی پڕۆژە گەشتیارییەكان، حكوومەت بە ڕێژەیەك پشكی لە داهاتی پڕۆژەكان بێت بە پێی نرخی ئەو زەوییەی دەیدات״.
لەگەڵ بەردەوامی قەیرانی دارایی بەرپرسانی باڵای حكوومەت باسیان لە هەوڵەكانیان بۆ چاكسازی كردووە، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین پانێڵ و سیمینار ڕێك خراون، هەریەكە لە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بە جیا چەندین بڕیار و پڕۆژەیان بۆ چاكسازی ڕاگەیاندووە، چاكسازییەكانی حكوومەت بە زیادكردنی بارگرانی بۆ سەر هاووڵاتییان لێك دەدرێتەوە.
شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند حكوومەت بەرنامەی هەیە سەرجەم وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان بداتە كەرتی تایبەت، هەنگاوەكانی حكوومەتیش بۆ بەرزكردنەوەی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی بە هەنگاوی مەترسیدار ناو برد.
جەودەت، وتیشی: ״ئەو هەنگاوانەی حكوومەت لە كاتێكدا دەبێت بنرێت كە گیرفانی هاووڵاتییان پڕ بێت نەك وەك ئێستا بەتاڵ بێت، حكوومەت لە بری بارگرانكردنی زیاتری هاووڵاتییان بە ناوی بەرزكردنەوەی داهاتەوە، دەتوانێت پەنا بباتە بەر ئەو كۆمپانیایانەی قۆرخی كەرتی نەوت و پیشەسازی و بازرگانییان كردووە، دەبێت ئیسڵاحات لەمانەدا بكرێت، بۆیە ئەوەی دەكرێت كارێكی هەڵەیە״.