د.ئیسماعیل نەجمەدین
ماوەیەكە ناوەندەكانی ڕاگەیاندن و پێگە و ماڵپەڕە ئینترنێتییەكان و واڵەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەرقاڵی باسوخواسی ڕەوایی یان ناڕەوایی ئەو چلوهەشت ملیۆنەی پاداشتی كۆتایی خزمەتی پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانن، هەریەكە لە گۆشەنیگایەكەوە هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی بۆ دەكات!
بەدەر لە ڕەوایەتیپێدان یان پێنەدانی ئەو بارە و ئەو كارەی پەرلەمانتاران، دەبێ پرسیارێكی جیدی بخرێتە ڕوو ئایا بارودۆخی ناجۆریی كۆمەڵگەی كوردستانی لەم هەرێمە بەتەنها پەرلەمانتاران لێی بەرپرسیارن، یان لە دەرەوەی ئیرادەی پەرلەمانی كەس و لایەنی تر هەن بەرپرسی یەكەمن لەو بارودۆخە و كەمتر باس دەكرێن!
بێگومان هەن، چونكە هەڵبژاردن و دەرەنجامەكانی لە هەرێمی كوردستاندا ڕەنگدانەوەیەكی ڕاستەقینەی نابێ لەمەڕ پێكهاتنی حكومەت و شێوازی حكومڕانی تێیدا، بەڵكو تا ڕادەیەكی زۆر بووهتە ڕۆتینێك بۆ ڕووكردنی دەنگدەران بەرەو سندووقەكانی دەنگدان و درووستكردنی ململانێیەك لە نێوان كۆمەڵێك یاریكەری سیاسیدا كە یاریكەری سەرەكی و كاریگەر نین بەڵكو یاریكەری سەر هێڵن و كەمتر لە وێناكردنی سیاسەتی حوكمڕانیدا دەردەكەون و پێگەیان دیار دەبێ. بێگومان لێرە و لەوێ ئەكرێ ئەم قسەیە ئاوارتە هەڵبگرێ و یاركەرێكی سەرەكی بە پێداگیری خۆی بەشداری هەبێ لە پرۆسە و كێبڕكێی هەڵبژاردندا.
بەڵام لە ناوەڕۆكدا ئەوانەی دەبنە دەسەڵاتداری كردەیی و بكەری سیاسی ڕاستەقینە ئەوانەن خۆیان ناگلێنن لە پرۆسەیەكەوە كە ناچاریان بكات شار و گوند و بستبەبستی هەرێم بپێون بۆ كۆكردنەوەی دەنگی دەنگدەران، خۆیان لە پرتەوبۆڵەی دەنگدەر و گلەیی و گازندەی كادری حزبەكانیشیان دەبورن.. لە هەمووشی گرنگتر خۆیان دەرباز دەكەن لە دەركەوتنی ئاستی جەماوەرییان بە بەراورد بە نەیار و یارە ڕكابەرەكانیان.
نمونەیەكی زەقی ئەو بارە نالەبارەی حوكمڕانی بەربڵاوبوونی دیاردەی غەنیمەی هەڵبژاردنە، یان ڕاستتر غەنیمەی پشكپشكێنەی حزبییە لە حكومەتدا، بەجۆرێك پۆستە وەزارییەكانی حكومەت دەبێتە زەمینەیەكی لەبار و بەبڕشت بۆ حزبەكان كە بەشێوەیەكی شاقوڵی گۆڕانكاری تێدا بكەن.لەمەشدا بەشی زۆری حزبەكان هاوپیشە و هاوكارن.. بۆیە بەچاوی ئاسایی دەبینرێت پشكپشكێنەی حزبی گەشتۆتە ئاستی خوارەوەی حكومەت تەنها لەوەزیرەكاندا نەماوەتەوە، بەڵكو تائاستی بەرپرسی هۆبە و بەڕێوەبەری خوێندنگاكانیشی گرتۆتەوە ئەمە لەڕووی چەندییەوە و لە ڕووی جۆریشەوە گەشتووهتە هەندێ سێكتەر كە دەبوو دەستی حزبی پێ نەگەشتبا وەك پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و زانكۆ و پەیمانگاكان.
لەو نێوەندەشدا ئەو بەڕێزانەی دەبنە وەزیر لە پێكهاتەی كابینە حكومیەكاندا ئەوەندە سەرقاڵی پڕكردنەوە و دابەشكردنی پۆستەكانن بەسەر ئەندامەكانی حزبەكەیاندا، نیو ئەوەندە سەرقاڵی جێبەجێكردنی سیاسەت و پرۆگرامی وەزارەت وبەرنامەی هەڵبژاردنی كابینەی وەزاری و بگرە حزبەكەشی نابێ!
ئاشكراشە ئەم بەرنامەیە وای كردووە وەزیرەكانی حكومەت بەدەر بكرێن لەلێپرسینەوەی پەرلەمانی، تەنانەت گەر لێپرسینەوەكەش پەیوەست بێ بەهەڵە و كەمتەرخەمیەكی كەسیشەوە بەدەر لەفەرمانەكانی حزب، و زۆجار ئەو ڕێگریە دەبێتە پارێزبەندێك بۆ وەزیرەكان، بۆیە دەبینین وەزیر لە كابینەكانی حكومەتی هەرێمدا لەتەمەندرێژترین وەزیرەكانی جیهانە گەر خۆی دەستلەكارنەكێشێتەوە یان حزبەكەی لەكاری نەكێشێتەوە ئەو وەزیرە بەردەوام دەبێ تا كۆتایی خولی هەڵبژاردن و حكومەتداری.
لەو ڕاستییەوە بۆمان ڕون دەبێتەوە پەرلەمانی كوردستان نابێتە گۆڕەپانی سەرەكیی بەرنامەڕێژی حوكمڕانی و لێپرسینەوە.. چونكە زۆر بەسادەیی سەرباری ئەوەی وەزیفەی سەرەكی پەرلەمان بریتییە لەیاسادانان، بەڵام ئەو یاسایانەی لەڕوی داراییەوە لە قازانجی خەڵك دەبن دەبێ لەمەتبەخی حكومەتەوە لێنرابێتن واتە پرۆژەكەی لە لایەن حكومەتەوە هاتبێ ئەگەرنا ئەوا حكومەت پابەندنابێ بە جێبەجێكردنی.. بۆیە لەڕوی كردەییەوە گەر پەرلەمانێكی كارا بویسترێت دەبێ كاری جیدی لەسەر وەزیفەی لێپرسینەوەكەی بكرێت وحكومەت ناچاربكرێت ملكەچی ئەو لێپرسینانەوە ببێ، چ بەوەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران یان ناردنە پەرلەمانی وەزیر و بەرپرسە باڵاكان بۆ بەردەم بۆ لێپرسینەوەی لەسەر ئەو مەسەلە و بابەتانەی دراونەتە پاڵی.
بێگومان ئەوەش بە كۆمەڵێك زەمینەسازی دێتەدی، ئەكرێ لە چەند خاڵێكدا بیانخەینە ڕوو:
1- لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەڕونی حزبەكان پێداگیری لەسەر ئەوە بكەن كەسەرۆك وەزیر و وەزیرەكان لەسەروی لێپرسینەوەوە نین و بۆ مەبەستە میساقێكی شەرەف مۆر بكەن هیچ وەزێرێك پارێزبەندی نییە بەرانبەر لێپرسینەوە.. و لە باری متمانەوەرگرتن لەوەزیرێك حزبەكەی پەنجەی تۆمەتی ئاراستە نەكرێت.. ئەم بارە وادەكات وەزیرەكان پێش وپاش وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان لەڕوی جۆرییەوە خۆیان بەشیاوی ئەو پۆستە بزانن.
2- چاو بخشێنرێتەوە بە هەموو ئەو پۆستدارانەی ناو وەزارەتەكان، وبەشێوەیەكی ورد لێكۆڵینەوە بكرێت لە هەبون یان نەبونی مەرجە پێویستەكان لەو كەسانەدا بۆ بون بە بریكاری وەزیر، یان بەڕێوەبەری گشتی یا ڕاوێژكار یان شارەزا.. هتد. لە حاڵەتی هەبوونی مەرجی پێویست لە پۆستەكانیان بەردەوام بن و لە حاڵەتی نەبونی مەرجە پێویستەكان پڕ بكرێنەوە لە ڕێگای ڕاگەیاندنی و قەتیسكردنی لە فەرمانبەرەكانی هەمان وەزارەتدا.. ئەوەش بۆ گەرانتیكردنی بێلایەنی و پسپۆرێتی لە كارەكاندا.
3- كاراكردنی ئەنجوومەنی خزمەت كەچەند ساڵێك دەبێ یاساكەی لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند كراوە، بەڵام خودی ئەنجومەنەكە ڕوناكی نەبینیوە. دیارە دروستكردنی ئەو ئەنجوومەنەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێ لەمەڕ قەڵاچۆكردنی دیاردەی غەنیمەی هەڵبژاردن.
4- ناچاركردنی وەزیرەكان بەئاشكراكردنی سەروەت و سامانیان لە پێش وەرگرتنی متمانە بۆ دەستەی نەزاهە، وئەوەش بكرێتە پێوەر ویەكێك لەدیكۆمێنتە پێویستەكانی سیڤی وفایلی ئەو كەسانە كەپێشكەش دەكرێ بۆ وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان..ودواتر بەراورد كردنی ئەو بارە داراییە لەگەڵ ئەو بارە داراییەی خولی وەزیر بونەكەی كۆتایی دێت.
5- بێگومان مەرجی سەرەكی سەرخستنی ئەو خاڵانەی سەرەوە گۆڕینی تەواوی وەزیرەكانی كابینەی هەشتەمی حكومەتە، چونكە زۆر قورس دەبێ ئەو بەڕێزانە لەئەزمونی چوار پێنج ساڵی ڕابردویان دابماڵرێن وخۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم بار و مەرجە خوازراوانەدا.
هەمو ئەو خاڵانە وا دەكەن وەزیرەكان بە كردەیی ببنە سەرۆك و فەرماندەی ئەو وەزارەتەی دەیگرنە دەست، وهەوڵ تەقەلاكردنەكانیشی بۆ سەرخستنی بەرنامە و پلانەكانی حكومەت و بەرنامەی هەڵبژاردنی حزبەكەی دەبێ.. و سوود و قازانجی حزبەكەی لەسەرخستنی پلان و پرۆگرامەكانی حكومەت دەبێ نەوەك لە خزمەتكردنی داوا و داخوازیە تەسك وكەسیەكانی كادر و ئۆرگانەكانی حزب. هەر ئەوەشە حكومەتی هاوڵاتیبون دەڕەخسێنێ و جێگیری دەكات.. گەر ویسترا حكومەتێكی لەو جۆرە بونیاد بنرێ.