ئاژانس نامەیەکی بڵاونەکراوەی شێرکۆ بێکەس بۆ یەکەم جار بڵاو دەکاتەوە
پێم سەیرە خوێنم حەڵاڵ دەکەن و داوای مێزگردم لێ دەکەن
سلێمانی
٢٧/١/١٩٩٩
بەڕێز/ بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستانی عێراق/
مەکتەبی ڕاگەیاندن/ بەشی ڕۆژنامەگەری و بڵاوکردنەوە.
دوای سڵاو
نامەکەی ڕۆژی ٢٦/١/١٩٩٩ تان گەیشت. من خۆم بڕوام وایە هەموو ئەو بزووتنەوە ئیسلامیە سیاسیانەی کە لە دە ساڵی دواییدا و لە کوردستاندا سەریان هەڵدا و پەیدا بوون، بزوتنەوەی دەستکردو دروستکراوی دەرەوەن و بە پارە و پولی ئەوانە بەڕێوە ئەچن و لە تەورەکانی بەرژەوەندی ئەواندا ئەسوڕێنەوە، ئەمە جگە لەوەی بە ئاشکراو بێ پەردە کۆسپی بەردەمی ڕێبازی کوردایەتی و ئامانجە نەتەوەییەکانی کوردن و دژ بە ئازادی ژن و مافی یەکسانی و بەرامبەری و ژیانی مەدەنی خەڵک و دیموکراتین، هەر ئەوەندەیش دیموکراتی و فرەحزبیان ئەوێت تا دەستیان لە سوڵتەی سیاسی گییر ئەبێ و ئیتر دوای ئەوە نموونەی فەرمانڕەوایی و چونیەتی بەکارهێنانی دەسەڵاتیان هەر ئەوەیە کە لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان و جەزائیردا ڕۆژانە قەسابخانەکانیان بەچاوی خۆمان ئەبینین. لێرەش هەر لە سەرەتای نەوەدەکاندا بوو «وەک دیکۆمێنتەکان دەریانخست» چۆن چەندین ڕوناکبیر و هاو وڵاتی مەدەنییان سەربڕی، لەوانە: ڕەووف زوهدی- عومەر توفیق- مەحمود خاکی کتێبفرۆش و چەندین ژنی بێ گوناهـ. ئەوەی پەیوەندی بە ژیانی خۆیشمەوە هەبێت، هەر لەو سەردەمەدا، مەلا کرێکاری ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوە- لە چەندین خوتبەی مزگەوتەکاندا، چ لێرە و چ لە ڕانیە و هەولێر بە ئاشکرا خوێنی حەڵاڵ کردم، ئەمساڵیش لە مانگی ڕەمەزانی ڕابوردوودا و لە شەوی ١٢-١٣/١/١٩٩٩ دا و لە مزگەوتی شێخ فەتاح لە دوای نوێژی خەوتنان (نامۆ) ناوێک –سەرهەنگ احمد عزیز – هێرشی ئاشکرای کردە سەرم. بە لای منەوە هەموو کەسێک ئازادە بۆ ئەوەی بیروڕای ئایینی و مەزهەبی خۆی، عیبادەت و خوداپەرستی خۆی- جێ بە جێ بکات، بەڵام لەو شوێنەدا کە ئەبێتە هەڕەشە و گوڕەشە و تەوهینکردن بە مافی مەدەنی و شارستانی خەڵک هەر لەوێشدا ئازادیی ئەو کەسانە تەواو ئەبێت. ئایین بۆتە ئامرازێکی بازرگانی لە وڵاتی ئێمەدا. من بڕوام بە جیاکردنەوەی سوڵتەی سیاسی و سوڵتەی دینی هەیە و هەر کاتێکیش ئاین و مزگەوت و کڵێسە کەوتنە ناو بازنەی دەسەڵاتی سیاسی و حزبی یەوە ئەوسا گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانی مەدەنی خەڵک دروست ئەکەن و تەنیا ڕێگایەک یان پەیامێک کە خۆیان بە تاقە ڕێگا و پەیامی ئەزانن ئەیکەن بە پێوانەی موتڵەق و عەقڵ قفڵ ئەکەن و ڕێگە لە پرسیار و گومان ئەگرن و وەک سەرئەنجامیش کە سوڵتەیان کەوتە دەست هەموو ڕێگاکانی تر کوێر ئەکەنەوە و غەرقی خوێنیان ئەکەن!
لە نامەکەتاندا داوای ئەوەتان کردووە کە مێزگەردێ سازبکرێ و من و کەسێک لە ئێوە، لە هەر کەناڵێکی تەلەفزیۆنەوە بێت، دەربارەی ئەو تەوەرانەی من پێشتر قسەم لەسەر کردون، باسیان لێوە بکەین.
پێم سەیرە ئێوە لە کاتێکدا وەک باسمکرد لەلایەن ئەندامێکی سەرکردایەتیتانەوە خوێنم حەڵاڵ ئەکەن و کەچی داوایشم لێ ئەکەن لەگەڵتاندا دابنیشم؟!! هەموو جۆرە دیدارو دانیشتنێک هەل و مەرجی خۆی هەیە لای منیش وا ساکار و سادە ناکەوێتەوە. بەڵێ هەرکاتێک لە لایەن ئێوەوە بە ڕەسمی و ئاشکرا ئیدانەی ئەو هەڕەشە و گوڕشانەتان کرد و هەڵوێستی بکوژانەی ئەو پیاوەتان ڕسوا کرد، ئەوسا من ئامادەم لە مێزگەردێکی وادا لەگەڵتاندا دابنیشم!
ئەمە جگە لەوەی کێشەکە لە بنەڕەتدا – کێشەی فیکر و عەقڵی جیاوازە – کێشەی چارەنوسازی نەتەوەی کوردە – کێشەی دیموکراتی و ژیانی مەدەنی و کوردایەتی خەڵکە- کێشەی مافی ژن و یەکسانی و بەرامبەری تەواوە، کێشەی عیلمانیەت و کاروکردەوەی پێشکەوتوخوازانە و تاقیکردنەوەی نێودەسەڵاتی سیاسی یە- گرنگ بەلای منیشەوە- ئێوەی ئیسلامیی، زۆر چاکتر لە مزگەوتەکاندا خودا پەرستی و عیبادەتی ئایینی خۆتان بکەن و واز لە سیاسەت بهێنن و چونکە ئەو کاتانەی کە لە مینبەری خۆتانەوە قسەتان کردوە – قسەکانتان بۆنی ئەفغانستان و جەزائیریان لێ هاتووە، بۆنی ئەو خوێنانەی کە ئیستە وڵاتانی وەک ئەفغانستان و جەزائیریان لە خۆیاندا نوقم کردوە، ئەوەتا هەر لە هەڵەبجەی بن دەستی خۆیشمانەوە، تاریکستانێکە مۆمێکی ژیان و هونەر و جوانی و ئازادیی تێدا ناسوتێ، ئەی ئەگەر لەم وڵاتەدا سوڵتە بگرنە دەست ئەبێ چۆن ڕەفتار بکەن؟! ،، بێگومان عەبایەکی قەترانیی ئەدەن بەسەردا، منیش وەک شاعیرێکی ئەم وڵاتە لێپرسراوم بەرامبەر کوشتنی گوڵێکی تا ئەگاتە سەر زریکەی ژنێکی و تا ئەگاتە سەر بچوکترین مافی مەدەنی خەڵکەکەت.
پێشنیاز ئەکەم بەر لەو مێزگەردە ئەو ڕاستیانە بۆ ڕوناکبیران و جەماوەری میللەتەکەمان ڕوونبکەنەوە. بە هیوای دیدار لە هەل و مەرجێکی وادا.
شێرکۆ بێکەس
سلێمانی ٢٧/١/١٩٩٩