تەنها نیوەیان ڕاستەقینەن
ئاژانس – سامان عومەر
لە هەرێمی کوردستان ١١٥ هەزار خانەنشینی سەربازی بوونیان هەیە و دەوترێت لەو ڕێژەیە تەنها نیوەیان ڕاستین و ئەوەی تر لە لایەن حزبەکانەوە بەخشراوە، بە لای پەرلەمانتارانەوە ئەو ڕێژەیە بارقوورسیی زۆری درووست کردووە چونکە مانگانە ١٠٠ ملیار دیناری هەرێم وەک مووچە دەدرێت بەوانە.
لە پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینیدا پرسی خانەنشینانی سەربازی یەکێکە لەو خاڵانەی چاکسازیی تێدا کراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت خانەنشینی سەربازی لە پەرلەماندا گفتوگۆی زۆر بە دوای خۆیدا بهێنێت، چونکە دەوترێت حزبەکان خەڵکێکی زۆریان کردووە بە خانەنشینی سەربازی کە هەر پێشمەرگایەتیشیان نەکردووە.
جەلال محەمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״هەموو خانەنشنیی پلە باڵاكان ساڵی 72 ملیار دیناری بۆ دەڕوات، بەڵام خانەنشینیی سەربازی كە گرفتە گەورەكەیە تەنها لە مانگێكدا 100 ملیاری بۆ دەڕوات، سەدان و هەزاران كەس بە ناشایستە و بە مووچەی لیوا و عەقید و عەمید خانەنشن كراون و یەك دەقە ئەو پلەیان نەبینوە.״
وتیشی: ״تەنها لە مانگی 2ی ساڵی 2012 بۆ مانگی 2ی ساڵی 2013 سیوشەش هەزار كەس بە پلەی سەربازیی جۆراوجۆر خانەنشین كراون، بە هەزاران كەس پێشمەرگەش نەبووە نەك بەو پلە بەرزە خانەنشنین بكرێن، ئەمە ناعەدالەتییە گەورەكەیە و دەبێت پەنجەی بخرێتە سەر.״
بە پێی پڕۆژەیاسای چاکسازی کە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستانە، بەشێكی زۆری ئەو خانەنشینانە پلەکانیان ڕێك دەخرێنەوە و بەشێكیشی هەڵدەوەشێندرێتەوە، بە جۆرێك پێشمەرگەی پلە تایبەت كە پێش ساڵی 1991 پلەیەكی وەرگرتبێت و شایستەی ئەو پلە نەبووبێت یان ئەو پلە سەربازییەی نەبینیوە یاخود هیچ كاتێك پێشمەرگەش نەبووە، ئەوە خانەنشینییەكەی هەڵدەوەشێتەوە، واتە ئەگەر تەمەنی 15 ساڵ بێت و 45 ساڵی تەواو نەكردبێت ئەوا ئەو پلە سەربازییەی كە بە ناشایستە پێی دراوە هەڵدەوەشێتەوە.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە 45%ی بودجەی هەرێم بۆ بواری سەربازی دەڕوات بە هەموو سێكتەرەكانییەوە لە ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و خانەنشینی سەربازی، خانەنشینییە سەربازییەكان بە زۆری هی یەكێتی و پارتین لەگەڵ ئەو هێزانەی تر كە لە شاخ بوون، ڕێژەكە زۆر زۆرە كە زیاتر لە 115 هەزار كەس لە كوردستان بە پلەی سەربازیی جیا جیا خانەنشین كراون.״
وتیشی: ״ئەوپەڕی 50 بۆ 60 هەزاریان شایستەی ئەو خانەنشینییەن، بەو پێیە بێت نزیكەی 60 هەزاریان وەهمین، گەورەترین عەزێتدانی پێشمەرگە دێرین و ڕستەقینەكان لەوەدایە كە جاش و سیخووڕ و ئەنفالچی لەگەڵیان دەوەستن و بگرە هەندێكیان مووچەكانیان لەوانیش زیاترە. تەنانەت ٣٠ هەزار ژن بە پلەی پێشمەرگەی شاخ و پلەی بەرزی سەربازی خانەنشین کراون.״
پڕۆژەیاسای چاکسازی لای لیژنەکانی پەرلەمانە بۆ نووسینی ڕاپۆرتی کۆتاییان لەسەری.
״ئەوانەی لای ئێمەن لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشنیی سلێمانی، بە پێی یاسای ژماری 38ی خانەنشینی پێشمەرگە لە ڕێگەی لیژنەوە خانەنشین كراون، لەوانەیە لە پلەكاندا بەرزونزمی هەبێت، بەڵام ئەم پێدانی پلە سەربازییانە لە ڕێگەی لیژنەوە كراون هەندێك ناموستەحەقن و هەندێك غەدریشی لێ كراوە، لە حاڵێكدا ئەگەر پەرلەمان ئەوە ڕاست بكاتەوە ئێمە هیچ گرفتێكمان لەگەڵی نییە״، عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی سلێمانی وای وت.