بۆ ئەوەی فشاری شکاندنی بایکۆتیان لێ نەکرێت
ئاژانس
١٦ بەڕێوەبەری خوێندنگەکانی شارەزوور بە نیازن دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕابگەیەنن و ئاماژە بەوە دەدەن، ئەو کارەیان بۆ ئەوەیە تا لە ڕێگەی ئەوانەوە فشار لەسەر مامۆستایان درووست نەکرێت مانگرتن و بایکۆتەکەیان بشکێنن.
لە 27ـی مانگی ڕابردووەوە کە وادەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بوو، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە مانگرتن و خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستی پێ كردووە لە پێناو بەدەستهێنانی مووچە و نەمانی پاشەکەوت، بایکۆتکردنەکەش تا ئێستا بەردەوامە و خوێندنی ساڵی نوێ لەو دوو پارێزگایە دەستی پێ نەکردووە.
فریاد محەمەد، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی زانا، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״وەك بەڕێوەبەرێك پێشنیارم كردووە بۆ تەواوی بەڕێوەبەری قوتابخانە و باخچەی ساوایانی سنووری پەروەردەی شارەزوور كە وەك فشارێك لەسەر حكوومەت بە هۆی پێنەدانی مووچەوە هەموومان دەست لە كار بكێشینەوە لە پۆستی بەڕێوەبەردا.״
ئەو مامۆستایە باسی لەوەش کرد، تاكو ئێستا 16 بەڕێوەبەری خوێندنگە ئامادەیی خۆیان پیشان داوە و واژۆیان كردووە که دەستلەکارکێشانەوەکە بدەینە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور.
ئەو بەڕێوەبەرە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەشیانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە: ״هۆکاری ئەو کارەمان ئەوەیە ئیتر نە حزب نە حكوومەت ناتوانێت زەخت بكات و فشار بخاتە سەرمان بۆ ئەوەی بچینەوە دەوام، چونكە شكاندنی بایكۆت و فشارە حزبییەكان هەموو لە ڕێگەی بەڕێوەبەرەکانەوە دەکرێت.״
بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و پەیڕەوکردنی سیستمی پاشەکەوتی مووچە، مامۆستایان هەڵمەتێکی ناڕەزایی و بایکۆتی فراوانیان گرتووەتە بەر و ڕاشیدەگەیەنن هەتا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن بایکۆت ناشکێنن.
لای خۆیەوە، سەرهەنگ فایەق، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایان، بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون کردەوە: ״بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامی دەبێت و ئێمە و مامۆستایانی ناڕازی و پارێزگاریش سوورین لەسەر جێبەجێکردنی داواکاریی مامۆستایان.״
سەبارەت بە هەوڵی شکاندنی بایکۆتیش، فایهق وتی: ״هیچ كۆبوونەوەیەك نەكراوە لە بارەی شكاندنی بایكۆت و مامۆستایان بەردەوامن لە بایكۆتكردن.״
ئاماژەی بەوەش دا، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو بەڕێوەبەرانە بۆشایی درووست دەکات و گرفت بۆ خوێندن درووست دەکات، بەڵام وەک دەڵێت ئەوە بڕوای خۆیانە و بۆ فشارخستنە سەر حکوومەت ئەو کارە دەکەن.
هاوكات سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت، باسی لەوە کرد، ئەوەی مامۆستایان داوای دەکەن مافی خۆیانە و پێویستیشە ڕێگەچارەی خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدۆزرێتەوە. سەردار قادر بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئێمە هیچ هەوڵێکمان لەگەڵ یەکێتیی مامۆستایان و مامۆستایانی ناڕازی نەداوە بایکۆت بشکێنن.״