״بەرپرس هەیە خۆی بە کەمئەندام نووسیوە״
ئاژانس – سەلام هانەندنی
لیژنەی وردبینی لە ڕاستی و درووستیی ڕێژەی کەمئەندامان کارەکانی بە کۆتا هێناوە و ڕێژەی کەمئەندامییش ٦٥% بۆ ٥٥% کەم کراوەتەوە، بهرپرسی کۆمهڵهی کورتهباڵاکانیش دهڵێت: ״بەرپرس هەیە خۆی بە کەمئەندام نووسیوە.״
ئەنجوومەنی وەزیران بە بڕیاری ژمارە ״1515״ لە مانگی نیسانی ساڵی 2016دا بڕیاری دا بە جارێكی تر پشكنینەوەی ئەو هاووڵاتیانەی كە مووچەی كەمئەندامی لە وەزارەتی كارو کاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم وەردەگرن، دوای زیاتر لە دوو ساڵ كاركردن، کارەکان بە کۆتا هاتوون و ٢٣ هەزار ناو لە لیستەکەدا سڕدراونەتەوە کە پیشتر مووچەی کەمئەندامییان وەردەگرت، ئەوەش ناڕەزایەتیی لای کەمئەندامان درووست کردووە.
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ٢٣ هەزار ناوی له لیستی خاوهن پێداویستییه تایبهتهکان دهرهێناوه که له لیژنهی پیداچوونهوه دهرنهچوون له کۆی 123 ههزار کهمئهندام.
عومەر جەلال، بەرپرسی کۆمەڵەی کورتەباڵاکان، ئاماژەی بەوە دا وردبینی لە لیستی مووچەی کەمئەندامان کارێکی باشە، چونکە بەرپرس هەیە خۆی بە کەمئەندام نووسیوە، پیاو بە پێوەژنی کەمئەندام نووسراوە و سەدان کەسی تریش هیچ کێشەیەکیان نییە و لەو لیستەدا بوون.
بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״، بەشێکی زۆر لەوانەی ناویان لە لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەرهێندراوە ئاگادار نین و پیشبینی دەکرێت لەگەڵ ڕاگەیاندنی ناوەکان ناڕەزایەتیی فراوانی لێ بکەوێتەوە.
وتیشی: ״هێشتا دەتواندرێت لەو ڕێژەیەی باس دەکرێت زیاتر کەم بکەنەوە و ئەوەش لە بەرژەوەندیی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەدا دەبێ کە کەمئەندامییەکەیان ڕاستەقینەیە.״
سەرەتا کە ئەو لیژنەیە دەست بە کار بوو هەر کەسێک ڕێژەی کەمئەندامییەکەی ٦٥% نەبووایە لە لیستەکە دەریان دەهێنا، بەڵام دواتر کەم کرایەوە بۆ ٥٥%.
هەمزە مەغدید، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، ٧ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت فۆڕمی کەمئەندامیی بۆ پشکنینیان پڕ نەکردووەتەوە.
وتیشی: ״١٢٣ هەزار کەمئەندام لە هەرێم هەبوون، ئێستا دوای کاری لیژنەکە ٩٥ بۆ ١٠٠ هەزار ناو ماون و لە کۆتایی مانگی شەشدا ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین.״
ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی لە دامودەزگاکانی حکومەت دانەمەزربوون مانگانە ١٥٠ هەزاریان وەردەگرت و ئێستا کەم کراوەتەوە بۆ ٩٠ هەزار دینار، ئەوانەشی فەرمانبەری حکومەت بوون مانگانە ١٠٠ هەزاریان وەردەگرت و ئێستا بۆ ٦٠ هەزار دینار کەم کراوەتەوە.
״دوای ڕاگەیاندنی ئەم ئەنجامانە، ئەو كات مووچەی كەمئەندامان دەكرێت بە ڕێژە، واتە بە پێی ڕێژەی كەمئەندامیەكە مووچە دەدرێتە ئەو هاووڵاتیانە كە ناویان دەمێنێتەوە لە وەزارەتەكەمان.״ وتەبێژی وەزارەتی كارو کاروباری كۆمەڵایەتی وای وت.
وتیشی: ״كەسی وا هەبووە بە نابینا ناوی تۆمار كردووە، لە كاتی پشكنینی ئەم لیژنەدا دەركەوتووە نابینا نییە، یاریزانی كیكبۆكسین مووچەی بیركۆڵیی وەرگرتووە، چەندین كەس ڕێژەی كەمئەندامییەكەیان 80%بووە، ئێستا پشکنینیان بۆ كراوە ڕێژەکەیان لە سەدا سفرە.״
بهشێک له خاوهن پێداویستییه تایبهتهکان گلهیی و ناڕهزایهتییان له کاری لیژنهکه ههیه.
عەزیز ڕەسوڵی تەمەن 30ساڵ، كە یەكێكە لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״چاكسازی كارێكی باشە، بەڵام ئەو لیژنەیە كارەكانی بە سستی دەكرد، لیژنەكەش زۆر تایبەتمەند نەبوون لە بارەی پشکنینەکانەوە.״
وتیشی: ״ حكومەت دەبوو چاكسازی لە پلە باڵاكانەوە دەست پێ بكات نەك لە مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت كە 150 هەزار دینار بوو و ئێستاش كەم كراوەتەوە بۆ 90 هەزار دینار.״