بەغدا: هەرێم کەمتەرخەم بووە… هەرێم: بەغدا نەیناردووە
ئاژانس – سامان عومەر
ئەو پارەیەی لە بودجەی ٢٠١٩ بۆ پێشمەرگە تەرخان کرابوو هەرێم نەیتوانی وەری بگرێت و لە ئێستاشدا ئەو پارەیە فەوتاوە و چیتر وەرناگیرێت، بەغدا دەڵێت هەرێم کەمتەرخەم بووە و هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت بەغدا مەبەستی نەبووە ئەو پارەیە بدات بە پێشمەرگە.
لە بودجەی ٢٠١٩ و لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق بڕی ٦٨ ملیار دیناری مانگانە بۆ پێشمەرگە جێگیر کرابوو، بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵەدا هەرێم نەیتوانی ئەو پارەیە وەربگرێت و ئێستاش تەواوی پارەکە کە لە ساڵەکەدا ٨٥٠ ملیار دینار دەکات فەوتاوە و وەرناگیرێت.
شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״پاساوی بەغدا ئەوەیە گوایە هەرێم ئاماری ژمارەی پێشمەرگەی نەناردووە و هەرێمیش دەڵێت ئێمە هەموو شتێكمان ئامادەیە و بەغدا پارەكەی نەناردووە، كێشەكەش لە پێدانی ئامارە دەقیقەكەدایە، كە بەغدا حسابی 68 هەزار پێشمەرگەی كردووە و هەرێمیش زۆر لەوە زیاتر پێشمەرگەی هەیە لەو نێوانەدا پارەكە فەوتا.״
هەرچەندە هێزەكانی پیشمەرگە بایۆمەترییان ئەنجام داوە، بەڵام بە ئێستاشەوە هیچ كام لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشەمەرگە ئامادە نین ئاماری حەقیقیی هێزەكانی پێشمەرگە بدركێنن و ئەوەش بووە بە بەهانەیەك تا بەغدا خۆی لە ناردنی ئەو پارەیە بدزێتەوە.
شێروان میرزا وتیشی: ״پێنەدانی ئاماری حەقیقیی هێزەكانی پێشمەرگە بەهانەیەك بوو بە دەست بەغداوە تا پارەكە نەنێرێت، ژمارەی ڕاستەقینەی هێزەكانی پێشەمەرگە بۆ ئێمەش ڕوون نییە، بەڵام خۆشبەختانە لە دانوستانەكانی بودجەی ساڵی 2020 پشكی پێشمەرگە زیاد كراوە و جێگیر كراوە، بە جۆرێك مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەران دێت و جیا ناكرێتەوە.״
كێشەی بودجەی هەرێم و لە ناویاندا پشكی پێشمەرگە گرفتێكی تازە نییە، لە ساڵی 2007ـەوە پشكی پێشەمەرگە بڕگەیەكی جیاوازی ناكۆكییەكانی نێوان دانوستانەكانی هەرێم و بەغدا بووە لەسەر بودجە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە ساڵی 2007ـەوە بڕگەیەك لە یاسای موازەنەی عێراق هەیە، كە دەبێت بودجەی پێشمەرگە دیاری بكرێت كە مانگانە 68 ملیار دینارە، بەڵام لەو كاتەوە ساڵانە لە بودجەی عێراقدا بەس بڕگەكە جێبەجێ دەكرێت و ناوەڕۆكەكەی جێبەجێ ناكرێت، نەناردنی پارەی پێشمەرگەش پەیوەندیی بە ئاشكرانەكردنی ژمارەی حەقیقیی هێزەكانی پێشمەرگەوە نییە، بەڵكوو پەیوەندیی بە كێشەی سیاسیی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە.״