٥ دایك و باوك دەستگیر دەكرێن
ئاژانس – ڕێباز حەسەن
لە هەرێمی كوردستان (9) حاڵەتی فڕێدانی منداڵی ساوا لە ساڵی ڕابردوودا تۆمار كراوە، لەو ژمارەیە 3 منداڵیان مردوون و 6 منداڵیشیان لە ژیاندان، 5 كەسیش كە دایك و باوكن، لەسەر فڕێدانی منداڵ دەستگیر كراون، بەڵام لە 3 مانگی ئەمساڵدا هیچ حاڵەتێك نەبووە.
ڕۆژی 12/1/2019 هەواڵی فڕێدانی كۆرپەیەك لە هەولێر و ڕەقبوونەوەی لە سەرمادا، ناخی زۆربەی هاونیشتیمانییانی هەژاند، هەواڵەكە ڕاگەیاندن و سۆشیال-میدیای هەرێمی تەنی و ئەمەش تەنیا حاڵەت نییە.
ئارام جەلال، تەمەن 39 ساڵ دانیشتووی سلێمانییە، لە بەردەم یەكێك لە مزگەوتەكان كۆرپەیەكی فڕێدراوی لە سەرەتاكانی مانگی حوزەیرانی پار دۆزیوەتەوە، ئەو بە ״ئاژانس״ی وت: ״بۆ نوێژی بەیانی چوومە مزگەوت گوێم لە گریان و نووزەی منداڵ بوو، سەیرم كرد لە نزیك دەرگای مزگەوتەكە كۆرپەیەك فڕێ دراوە، هەڵمگرتەوە و گەڕامەوە بۆ ماڵەوە تا نزیك سەعات 8:00ی بەیانی هێشتمانەوە و پۆلیسمان ئاگادار كردەوە و ئەوانیش هاتن و لێیان وەرگرتین״.
״سۆراغی منداڵەكەم كرد كە پۆلیس بردبوویان بۆ نەخۆشخانە و دواتریش تەسلیم بە خانەی چاودێری و بەخێوكردنی منداڵ كرابوو، ئێستا خۆشبەختانە ئەو مناڵە گەورە بووە و 8 مانگ تێپەڕیوە و ئەوان بەخێوی دەكەن و منداڵەكەش كوڕە״، ئارام جەلال وای وت.
بە گوێرەی ئامارێكی تۆڕی هێما بۆ بەرژەوەندیی تاك، كە بۆ ״ئاژانس״ی خستە ڕوو، تەنیا لە ساڵی پاردا 9 حاڵەتی فڕێدانی كۆرپەی ساوا لە هەرێم تۆمار كراون، لە سێ مانگی ئەمساڵیش هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە.
شلێر عەبدوڵڵا، وتەبێژی تۆڕی هێما بۆ بەرژەندیی تاك لە سلێمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە ساڵی2019دا 9 حاڵەتی فڕێدانی منداڵ لە هەرێم هەبووە، 7یان كوڕ و دوانیان كچ بوون، 3 كۆرپەیان گیانیان لە دەست داوە و 6 منداڵیان لە مردن ڕزگاریان بووە و ئێستا لە ژیاندان، 5 كەس دەستگیر كراون كە دایك و باوكی منداڵەكان بوون״.
لەو 9 كۆرپەیەی فڕێ دراون، 4 حاڵەتیان لە هەولێر و 3 دانەشیان لە سلێمانی و 2 دانەشیان لە دهۆك بوون، ئەو 6 كۆرپەیەی لە ژیاندان لە بەشی چاودێریی ساوایانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كاروباری كۆمەڵایەتیی وەزارەتی كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمن.
عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتیی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی سلێمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو منداڵانە لە بەشی چاودێریی ساوایان خزمەت و چاودێری دەكرێن، ئەویش دوای ئەوەی لە پۆلیس پەڕاویان بۆ دەكرێتەوە.״
هۆكارێكی فڕێدانی منداڵ، پەیوەندیی ناڕەسمیی نێوان كچ و كوڕ و خراپیی پەیوەندیی نێوان ژن و مێرد و هەروەها جیابوونەوەیە، لەگەڵ خراپیی دۆخی ئابووری لە هەرێم.
هێرۆ حەسەن، توێژەری كۆمەڵایەتییە لە هەولێر بە ״ئاژانس״ی وت: ״هۆكارێكی ئەو دیاردەیە پەیوەندیی سێكسیی كوڕ و كچێك كە كاتێ كچەكە سكی پڕ دەبێت ڕووبەڕووی ئەو حاڵەتە دەبنەوە یان باری ئابووریی خێزان كە ئەویش دیسانەوە كێشە بۆ خێزان درووست دەكات، كاتێک ژن و پیاوێك منداڵێك دێننە دونیاوە توانای دابینكردنی پێداویستییان نییە، بۆیە بیر لەوە دەكەنەوە منداڵەكەیان فڕێ بدەن״.
شلێر سەلیم، تەمەن 28 ساڵ، ناوی خوازراوی ژنێكە لە بنەسڵاوەی نزیك هەولێر دەژی و لە بنەڕەتدا خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و منداڵێكی بەو جۆرە لە دەست داوە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەمیشە لەگەڵ هاوسەرەكەم كێشەمان هەبوو باری داراییمان باش نەبوو، منیش دووگیان بووم، كە كۆرپەكەم لە دایك بوو، شەوەكەی هاوسەرەكەم بە تووڕەییەوە پەلاماری دام و بردییە شوێنێك و فڕێی دا و نەشم دەتوانی هیچ بكەم و گیانی لە دەست دابوو״.
چاوان ڕەشیدی پارێزەر بە ״ئاژانس״ی وت: ״ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان حاڵەتی فڕێدانی منداڵی ساوا دەردەكەوێت خەریكە دەبێت بە دیاردە. هەڵبەتە لە ماوەی ڕابردوودا لە هەندێ شار و شارۆچكەكانی هەرێمدا چەندین حاڵەتی فڕێدانی منداڵی تازەلەدایكبوو هەبووە״.
لە خاڵی دووەمی مادەی 383ی یاسای ژمارە 111ی سزادانی عێراقیی ساڵی 1969دا هاتووە كە: ״ئەو كەسەی هەڵدەستێ بە فڕێدانی منداڵ یان پیر و پەككەوتە بە هۆی باری تەندروستی یان دەروونییەوە، سزا دەدرێت بۆ ماوەیەك لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت.״
״ئەو كەسەی بەو كارە هەڵدەستێت بەند دەكرێت ئەگەر منداڵە ساواكە لە شوێنێكی گشتی یا ڕێگەیەك یان شوێنێك كە كەسی لێ نەبێ فڕێ بدا، جا فڕێدانی منداڵەكە لە لایەن خزمێك یان كەسێكی باوك یان دایكی منداڵەكە بێ، فڕێدانی منداڵەكە ببێتە هۆی مردنی یاخود كەمئەندامبوونی، جا بە هۆی عورفی بێ یا عەشایەری، هەژاری بێ یا هۆكاری ناشەرعی، كە ببێتە هۆی ئەوەی سزای ئەو منداڵە بچووكە بدات״، چاوانی پارێزەر وای وت.