بەشێکیان پێشتر پشتیوانیی ئاکەپەیان کردووە
ئاژانس – هێمن حەسەن
پارتی دیموكراتی گەلان ״هەدەپە״ داوا لە لایەنە سیاسییە كوردییەكانی توركیا دەكات لە پێناو بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد پشتیوانی لە هەدەپە و كاندیدەكەی بكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە، بەشێك لە پارتە كوردییەكانیش بە دەمیەوە دەچن، لە کاتێکدا پێشتر پشتگیریی پارتی داد و گەشەپێدان ״ئاکەپە״یان کردووە.
ناوەڕاستی ئەم مانگە سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەركردەی زیندانیكراوی هەدەپە و كاندیدی ئەو پارتە بۆ سەرۆكایەتیی توركیا لە زیندانەوە پەیامێكی ئاراستەی كەسایەتی و لایەنە كوردییەكانی توركیا كرد كە پشتیوانیی خۆی و پارتەكەی بكەن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. لە پەیامەكەیدا دەمیرتاش باسی لەوە كردووە كە ئەمڕۆ گەلانی توركیا و بە تایبەت كورد لە لایەن ئەردۆگان و پارتەكەیەوە دەچەوسێنرێنەوە و مافەكانیان پێشێل دەكرێت، هاوكات ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئەو چەوسانەوەیە ڕووی لە هەمووی كردووە و پێویستە هەموانیش نەیهێڵن.
ئەو پارتە كوردیانەی لە توركیا هەن بەشێكیان تاڕاددەیەك پێگەی جەماوەرییان هەیە و بەشێكیشیان لاوازن، ئەوانیش بریتین لە هوداپار و ئازادی و ڕەوتی ئیسلامی، هاوكات پێنج لایەنی دیكەی چەپ و ئیسلامیی نەتەوەگەرا هەن كە پێگەی جەماوەرییان بەهێز نییە، بەڵام ئەگەر پشتیوانیی هەدەپە بكەن كاریگەرییان دەبێت.
ڤەدات تورگوت، سەركردەی دیاری هوداپار، باس لەوە دەكات پارتەكەی كاریگەریی گەورەی لەناو شەقامی كوردی توركیا هەیە، جەختی كردەوە ئەوان كوردن و بڕوای تەواویان بە گەل و زمانی كورد هەیە.
هوداپار كە لە ساڵی 2012 لەسەر جەستەی لێكهەڵوەشاوەی حیزبوڵڵای كوردی دامەزرا، خۆی بە پارتێكی كوردی و ئیسلامی بە خەڵكی باكووری كوردستان ناساندووە، ئەو پارتە خۆی بە یەكێك لە ركابەرەكانی پارتی ئاشتی و دیموكراتی BDP لە باكووری كوردستان دەزانێت.
لە وەڵامی پەیامەكەی دەمیرتاشدا، ڤەدات تورگوت بە״ ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״ئێمە ڕێزمان بۆ خەبات و تێكۆشانی بەڕێز دەمیرتاش هەیە، لای پارتەكەی ئێمە كەسێكی خۆشەویست و بەڕێزە، بۆیە پشتیگریی پەیامەکەی دەكەین״.
لە پەیامەكەیدا دەمیرتاش ڕوونی كردووەتە ئەو لایەنە كوردیانە كە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا پشتیوانیان لە ئەكەپە كردووە و داوای لێ كردوون لە پێناو ئاشتی و دیموكراسیدا و لە پێناو ئەوەی ڕۆڵەكان نەكوژرێن و دایكەكان نەگرین دەنگەكانتان بدەن بە هەدەپە.
ئەحمەد چیچەک، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای پارتی ئازادی کە پارتێکی کوردییە لە تورکیا باس لەوە دەکات ئەوان پەیامەکەی دەمیرتاشیان پێ گەیشتووە و پێشوازیی لێ دەکەن، هاوکات بە دەرفەتێکی دەزانن بۆ کۆبوونەوەی کورد لە دەوری یەکتر.
ئەحمەد چیچەک بە ״ئاژانس״ی وت: ״پارتەکەی ئێمە پێی وایە ئەم وڵاتە هی کوردیشە وەک چۆن هی نەتەوەکانی دیکەشە، بۆیە کوردیش مافی خۆیەتی حەقی خۆی وەربگرێت.״
نزیکەی شەش ملیۆن کورد لە دەرەوەی هەدەپە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن، بەڵام تا ئێستا ئەو دەنگانە هیچ کاریگەریان بۆ کورد نەبووە، چونکە پشتیوانیان لە ئەکەپەو ئەردۆگان کردووە، ئەوەش یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کورد نەگات بە مافەکانی خۆی لەو وڵاتەدا.
بەشێک لەو پارتە کوردییانە پشتیوانی لە بیرۆکەی درووستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی دەکەن کە سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاندووە، بەڵام ئەوان چەند مەرجێکیان هەیە تاکو بتوانن ئەو یەکێتییە درووست بکەن، بەڵام بەشێک لەو مەرجانەی هەندێک لە پارتە کوردییەکان دایان ناوە لەگەڵ پەیام و سیاسەتەکانی هەدەپە یەک ناگرێتەوە، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە کە دەبێت هەپەدە بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ چالاکییەکانی پەکەکە دەرببڕێت.
ئاردا دەمیرباش، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی پارتی ئیسلامیی کورد لە باکوری کوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئێمە پشتیوانی لە هەر هەوڵێکی درووستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی دەکەین کە سەڵاحەدین دەمیرتاش پێشنیازی کردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو یەکێتییە درووست ببێت لە چوارچێوەیەکی نیشتیمانی.״
دەمیرباش جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکێتیی نەتەوەیی دەتوانێت هێزێکی گەورە بە گەلی کورد ببەخشێت لە تورکیادا، وەک خۆی دەڵێت هەرچەندە لە ڕووی بیروباوەڕەوە جیاوازن لە هەدەپە، بەڵام ئەوان یەکێتیی نەتەوەیی بە گرنگتر دەزانن لەو جیاوازییەی لە نێوانیاندا.״
پەیامەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ درووستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی ئەوەیە کە سەرجەم پارتە کوردییەکان لە چوارچێوەی بەرەیەکدا کۆببنەوە بە جۆرێک لەگەڵ هەدەپە بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن یان لایەنگرانیان هان بدەن دەنگ بە دەمیرتاش و هەدەپە بدەن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
بەپێی نوێترین ئاماری سەنتەری کایا بۆ توێژینەوە و هەڵبژاردن کە سەنتەرێکی کوردییە لە باکووری کوردستان لایەنگرانی پارتە کوردییەکانی دەرەوەی هەدەپە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس دەبێت، بەڵام بەشێکی زۆر لەو دەنگانە بۆ ئەکەپەی دەسەڵاتدار دەڕۆن بەو پێیەی ئەوان زیاتر حزبی ئیسلامین.
ئەحمەد زیلان، کەسایەتی سیاسیی سەربەخۆی کورد لە باکووری کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، پەیامی دەمیرتاش زۆر گرنگە پێویستە هەموو لایەنە کوردییەکان بە دەمییەوە بچن، چونکە هەلومەرجی تورکیا گۆڕاوە و کورد لەبەر دەم ڕێگای مان و نەمانە.
ئەحمەد زیلان بە ״ئاژانس״ی وت: ئەگەر ئەو لایەنانە پشتیوانی لە هەدەپە بکەن و یەکێتیی نەتەوەیی درووست بێت، کورد زۆر بەهێز دەبێت و ڕێژەی دەنگەکانیشی دەگاتە نزیکەی لە ٢٠% بەوەش دەبێتە هێزێکی زۆر کاریگەر لە تورکیادا.״