ئاژانس – هێمن حەسەن
نزیكەی ساڵێكە هێزەكانی ئاسایشی سنووری دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان 14 شەڕڤانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یان دەستگیر كردووە، بۆ ئازادكردنیشیان مەرجی ئازادكردنی ژمارەیەك بەرپرسی پارتێکی ڕۆژئاوای کوردستانیان هەیە كە بە وتەی ئەوان یەپەگە دەستگیری کردوون.
حەمۆ حاجی فەرماندەی هێزەكانی یەپەگە لەسەر سنووری ڕۆژئاوای كوردستان و هەرێم بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە هێزەكانی سەر به پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری سێمێلكا و ناوچەكانی تری سەر بە پارێزگای دهۆك 14 هەڤاڵی ئێمەیان دەستگیر كردووە كە كورد و بیانییشیان تێدایە و تا ئێستاش ئازادیان نەكردوون״.
وتیشی: ״پێمان وتراوە كە ئەو شەڕڤانانە سنووری وڵاتێكی تریان بەزاندووە كە هەرێمی كورستانە و چەندین جار پەیوەندیمان بە هێزەكانی پارتییەوە كردووە بۆ ئازادكردنیان، بەڵام هەندێك جار پێمان دەڵێن هیچ شەڕڤانێك لە لای ئێمە دەستگیر نەكراون و هەندێك جاریش پێمان دەڵێن كە پێویستە ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان ژمارەیەك بەرپرسی پارتی دیموكراتی سوریا ئازاد بكات لە بەرانبەر ئازادكردنی ئەو شەڕڤانانەدا״.
ئەو شەڕڤانانە لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە ویستوویانە سەردانی كەسوكاریان بكەن لە كەمپی ئاوارەكانی هەرێمدا و شەڕڤانە بیانییەكانیش كە بە سەردان چوونەتەوە وڵاتەكانیان و دوایی ویستوویانە بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای كوردستان لە لایەن هێزەكانی ئاسایشی دهۆكەوە دەستگیر كراون.
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دهۆك كە بە پاساوی نەبوونی موڵەتی لێدوان نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״لەمساڵدا ژمارەیەك شەڕڤانی یەپەگە لە لایەن هێزەكانمانەوه دەستگیر كراون كە بە نایاسایی هاتوونەتە دیوی هەرێم و ڕەوانەی لایەنی تایبەتمەند كراون، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك ئازاد كراون״.