ئاژانس –شیروان محەمەدئەمین
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی حوزەیران، پارتی دیموكراتی كوردستان دوا وەڵامی پەیامێكی یەكێتیی بداتەوە كە لەبارەی یەكلاییكردنەوەی پرسی كەركوك و بەشداریكردنی لە حكومەت ئاڕاستەی كردووە و لە بەرانبەریشدا پارتی داوای لە یەكێتیی كردووە هاوكاریی بكات لە گەڕاندنەوەی بارەگاكانی بۆ ئەو شارە.
هەفتەی ڕابردوو وەفدێكی یەكێتیی بە سەرۆكایەتیی عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە هەولێر لەگەڵ پارتی كۆ بوونەوە و پەیامێكیان داونەتێ سەبارەت بە یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك كە بەبێ یەكلاییكردنەوەی بەشداریی حكومەت ناكەن.
سامان گەرمیانی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״داوامان لە پارتی كردووە كە پارێزگاری كەركوك دەستبەكار بێت، ئەوانیش ماوەی دوو ڕۆژیان دیاری كردووە بۆ وەڵامدانەوەی یەكێتیی كە چاوەڕوانین چوارشەممە وەڵام وەربگرین.״
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەگەر پارتی ״نییەت و مەبەستێكی باشی هەبێت״ نابێت ئەو پرسە بۆ سێ مانگی تر دوا بخرێت، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ پێشنیارێكی پارتی كە لەو بارەیەوە كردبووی.
هاوكات ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكەین، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت كۆتایی هاتووە، بەڵام گرفتەكە لەسەر میكانیزمی دانانی پارێزگارە.״
وتیشی: ״بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك پێویستە بارەگاکانمان بگەڕێنرێنەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕێكکەوتنێكی سیاسی و یاسایی دەبێت لە نێوان بەغدا و هەرێم و داواشمان لە یەكێتیی كردووە لەو بارەیەوە هاوكارمان بێت״.