متمانەی ڕێکكەوتن لە نێوان لایەنەكاندا نەماوە
ئاژانس – تایبەت
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەی 14 ساڵی ڕابردوودا 17 ڕێککەوتنی لەگەڵ شەش حزبی هەرێمی كورستان بۆ كاروباری سیاسی و ئیداری پێشێل كردووە و بەرپرسانی هەریەك لە یەكێتیی، گۆڕان، شیوعی، بزووتنەوە و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی، ڕەخنە لە ڕێککەوتنەكانی ڕابردووی پارتی دەگرن و ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتیش ئۆباڵی شكستهێنانی ڕێککەوتنەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ بیانووی لایەنە سیاسییەكان.
لە پاش چەند مانگێك پێكهێنانی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گازندەی هەریەك لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە پارتی سەری هەڵدا بەوەی ئەو ڕێککەوتنەی وەك خۆی جێبەجێ نەكردووە كە لەسەر بنەمای حكومەت پێك هاتووە.
ئەوە بۆ حزبە ڕكابەرەكانی پارتی و تەنانەت هاوپەیمانەكانیشی نوێ نییە بە تایبەت كە پێشتر ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ حزبەكان دوای ماوەیەك جێبەجێ نەكراوە.
بە پێی بەدواداچوونێكی ״ئاژانس״، دەركەوتووە پارتی لە پاش ساڵی 2005 تا ئێستا 17 ڕێککەوتنی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كردووە، بە جۆرێك یەكێتیی 3 ڕێککەوتن و گۆڕان چوار ڕێککەوتن، بزووتنەوەی ئیسلامی چوار ڕێککەوتن، هەریەك لە شیوعی و كۆمەڵ و یەكگرتووش یەكی دوو ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی كردووە، بەڵام وەك خۆیان جێبەجێ نەكراون و بەشێكیشیان یان سڕ كراون یان هەڵوەشاونەتەوە.
كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014دا لە پێنج لایەنی سەرەكی درووست بوو كە پێك هاتبوون لە: ״پارتی، یەكێتیی، گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی״، بەڵام ڕۆژی 20ی 12ی 2017 هەریەكە لە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كشانەوەی خۆیان لە حكومەت ڕاگەیاند و ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی 2018 یەكگرتووی ئیسلامیش لە حكومەت كشایەوە.
یەكگرتوو؛ لە دهۆكەوە بەڵێنەكە شكێنرا
پارتی و یەكگرتوو ڕۆژی 28/4/2014 ڕێككەوتنی نێوانیان بۆ بەشداریی یەكگرتوو لە كابینەی هەشتەمدا ئیمزا كرد، ڕێک کەوتن لەسەر ئەوەی كە پشكی یەكگرتوو چوار وەزیر و فەرمانگەی كاروباری ڕێكخراوەكانیان پێ بدرێت، پێشتریش پارتی و یەكگرتوو لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی دهۆك ڕێك کەوتبوون بە جۆرێك یەكگرتوو 25 پۆست بە جێگری پارێزگارەوە لە دهۆك وەربگرێت، بەڵام هەردوو ڕێککەوتنەكە لە لایەن پارتییەوە جێبەجێ نەكران و وەزیرەكانی یەكگرتوو لە حكومەت كشانەوە.
شێركۆ جەودەت، ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״پارتی وەك پێویست نەیتوانی لە ڕێککەوتنەكەی لەگەڵ یەكگرتوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك جێبەجێ بكات، كە ئەوەش ئیستیحقاقێكی هەڵبژاردن بوو.״
هاوكات عومەر محەمەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری یەكگرتووی ئیسلامی لە سلێمانی، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمدا لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنێكی 26 خاڵیمان ئیمزا كرد، كە بڕیار وا بوو داواكارییەكانمان بۆ چاكسازی جێبەجێ بكات، ماوەی یەك مانگیش مۆڵەتمان بە حكومەت دا، بەڵام پارتی جێبەجێی نەكرد، بۆیە بە دوو لەسەر سێی دەنگی سەركردایەتیی یەكگرتوو بڕیاری كشانەوەمان لە حكومەت دەركرد.״
كۆمەڵ: لە ١٣ خاڵ سیانیان جێ بە جێ کرا
كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە ساڵی 2011 لەگەڵ پارتی ڕێککەوتنی هەبووە تاكو سەرجەم سزادراوانی سیاسیی كۆمەڵ لە حكومەت بگەڕێنەوە سەر كار، بەڵام ئامادە نەبوون ڕێککەوتنەكە جێبەجێ بكەن، بۆ بەشداریكردنی لە كابینەی پێشووی حكومەتیش ڕێککەوتنێكی 13 خاڵیی لەگەڵ پارتی واژۆ كرد، بەڵام پارتی تەنها سێ خاڵی جێبەجێ كرد، 10 خاڵەكەی تری جێبەجێ نەكرد.
فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بە وردی سەرجەم ڕێککەوتنەكانی ڕابردووی پارتی و كۆمەڵی ئیسلامیم لە یاد نییە، بەڵام لە كابینەی هەشت لەسەر چەند بەندێك لەگەڵ پارتی ڕێكکەوتین، بەڵام لە لایەن پارتییەوە جێبەجێ نەكرا.״
وتیشی: ״كۆمەڵی ئیسلامی و پارتی بە هۆی ئاڵۆزییەكانی پاش تاووتوێكردنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، داكۆكیكردنی ئێمە لە مافی هاووڵاتییان و گەندەڵی و نەبوونی چاكسازی، لە كابینەی پێشوو كشاینەوە و لە پۆستی جێگری سكرتێری پەرلەمانیش دەستمان هەڵگرت.״
گۆڕان زۆرترین پشكی هەیە
بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 2009 تا ئێستا چوار ڕێککەوتنی سیاسی و ئیدارییان بۆ كاروباری حكومەت كردووە، بەڵام سەرجەمیان لە لایەن پارتییەوە وەك خۆی جێبەجێ نەكراون، كە دواترینیان پێكهێنانی حكومەتی نوێیە كە تا ئیستا لە 19 خاڵی ڕێككەوتنەكە تەنها یەك خاڵی جێبەجێ كراوە.
هەروەك ڕێککەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت هەڵوەشایەوە و جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری لە بارەیەوە دا.
ئەمیر حاجی كەمال، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بەرژەوەندیی حزبی لە لایەن پارتییەوە زاڵە و ئەوەش هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی چوار ڕێککەوتنی ڕابردووی نێوان ئێمە و پارتی بووە.״
وتیشی: ״ئێمە لە پێناو خۆشگوزەرانی و چاكسازی لە حكومەتدا ڕێککەوتنمان لەگەڵ پارتی كردووە، ئەگەر مەبەستی وا بێت ڕێککەوتنەكان جێبەجێ نەكات، ئارامیی بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ ماوەیەك دەبێت.״
بزووتنەوەی ئیسلامی: نازانین بۆ جێبەجێ نەكرا
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوە، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكەین بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ بەشداریكردنی بزووتنەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە ڕۆژی 27ی 2ی 2019 ڕێككەوتنێكی نهێنییان كرد، بەڵام پارتی ڕێککەوتنەكەی جێبەجێ نەكرد.״
ئەنوەر عەنەبی، ئەندامی سەركردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״لە پاش ساڵی 2005 تا ئێستا پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی چوار ڕێککەوتنی سیاسیمان بۆ پێكهێنانی حكومەت كردووە بەڵام هەڵوەشاونەتەوە.״
وتیشی: ״منیش نازانم بۆچی دوایین ڕێککەوتنی زارەكیی پارتی و بزووتنەوە جێبەجێ نەكرا.״
شیوعی: ئێمە كەمتەرخەم نەبووین
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״، لە پاش ئەوەی ئەندامەكەی حزبی شیوعی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی نەدا بە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لە لایەن پارتییەوە ڕێککەوتنێكی پێشوویان هەڵوەشایەوە و بەو هۆیەوە ڕۆژی 18ی 8ی 2019 پارتی داوای ڕادەستكردنەوەی پۆستی پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانی لەسەر پشكی شیوعی كرد.
ئیبراهیم سۆفی مەحمود، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پارتی لە ساڵی 2005 تا ئێستا دوو ڕێککەوتنی لەگەڵ حزبی شیوعی كردووە و نەیتوانیوە تا سەر بەردەوام بێت.״
وتیشی: ״هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەكان لە لایەن پارتییەوە بووە و ئێمە كەمتەرخەمیمان نەنواندووە لە جێبەجێكردنیاندا.״
یەكێتیی؛ هاوبەشی بەشخوراو
ئەگەرچی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەشێك بووە لە دوو بەرەی هاوسەنگیی هێز لە هەرێمی كوردستان، ئەویش هاوشێوەی حزبەكانی تری هەرێم كێشەی لەگەڵ پارتی هەبووە لە پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەكانی نێوانیان.
پارتی و یەكێتیی لە ڕابردوودا ڕێککەوتنێكی ستراتیجی و سیاسی و ئیدارییان بۆ كاروباری حكومەت ئەنجام داوە، دوایین جار لە ڕۆژی 16ی ئازاری 2019 لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری سەركردایەتیی هەردوو حزب لە لایەن نێچیرڤان بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ ڕێککەوتنی سیاسی و ستراتیژییان ئیمزا كرد، كە لە 22 خاڵ پێك هاتبوو.
ئەو ڕێککەوتنە سێ پاكێج بوو سەبارەت بە هاوبەشیی ڕاستەقینەی یەكێتیی لە حكومەتی هەرێم، پرسی كەركوك و دانانی پۆستی پارێزگاری ئەو شارە و هەماهەنگیی كاركردن لە بەغدا، بەڵام تا ئێستا لە لایەن پارتییەوە ڕێککەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە.
لە پاش ئەوەش بۆ پێكهێكانی حكومەت ڕێککەوتنێكی دیكە كرا كە تا ئێستا ئەوەش وەك پێویست جێبەجێ نەكراوە بە تایبەت لە پرسی دابەشكردنی پۆستەكاندا.
شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ڕێککەوتنی سیاسیمان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت كردووە، بەڵام تەواوی ڕێککەوتنەكەش جێبەجێ نەكراوە، بۆ هەمان مەبەست یەكێتیی لیژنەیەكی مەكتەبی سیاسیی بە سەرۆكایەتیی كاك عیماد ئەحمەد پێك هێناوە و بڕیارە بەم نزیكانە لەم بارەوە لەگەڵ پارتی گفتوگۆی لەسەر بكەن.״
پێشتریش ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان یەكێتیی و پارتی كە لە ساڵی 2007 ئیمزا كرا وەك خۆی جێبەجێ نەكرا، بەو پێیەش پارتی بە تێكڕا سێ ڕێككەوتنی لەگەڵ یەكێتیی جێبەجێ نەكردووە.
ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی، كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״پارتی هەمیشە كێشەی لە جێبەجێكردنی ڕێککەوتنەكاندا درووست كردووە لە یەكەم ڕێککەوتنەكانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم تا ئێستاش بەردەوامە لە پێشێلكاریی ڕێککەوتن.״
وتیشی: ״خاڵی زەقی پێشلێكارییەكان زۆرن، بە نموونەش لە پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەران و دامەزراندن و خانەنشینكردنی كادرانی پێشكەوتوو ژمارەی پارتییەكان بە ڕێژەی لە 63% بووە كە ئەمەش بە پێچەوانەی ڕێککەوتنەكانمان بووە.״
پارتی: یەكلایەنە نەبووە
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە ڕەت دەكاتەوە حزبەكەی هۆكار بێت بۆ شكستی ڕێککەوتنی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.
فازیل ڕەئوف، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״پارتی لە ساڵی 1991 تا ئێستا هەر ڕێککەوتنێكی سیاسی و ئیداریی لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسی كردبێت پەیمانشكێن نەبووە.״
وتیشی: ״هەر ڕێککەوتنێكی سیاسی لە نێوانی پارتی و لایەنەكانی تر كە هەڵوەشاوەتەوە یەكلایەنە نەبووە و زۆر كات بەرامبەرەكانمان هۆكار بوون بۆ جێبەجێنەكردنی ڕێککەوتنەکە و بیانویان دۆزیوەتەوە.״