سەعدی پیرە: ئەوەی پارتی دەیكات زێدەڕۆییە و قبووڵی ناكەین
هێمن مامەند – هەولێر
پارتی دیموكراتی كوردستان دادوەرێكی خۆی لە پۆستی سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان دادەنێت، كە پشكی یەكێتیی بووە و وتەبێژی یەكێتییش دەڵێت: ״ئەوەی پارتی دەیكات زێدەڕۆییە.״
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حاكم ئازاد خۆشناو بە ڕەسمی كرایە سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتیی هەرێم، كە لەسەر پشكی پارتی ئەژمار دەكرێت، لە كاتێكدا پێشتر ئەو پۆستە لە لایەن سازگار ناجی عەلییەوە بەڕێوە دەبرا کە لەسەر پشكی یەكێتیی بوو و لە ساڵی 2015دا خانەنشین كرا.
دوای خانەنشینكردنی سازگار ناجی عەلی، بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەم پۆستە لە لایەن حاكم جەواد فەتاح بە وەكالەت بەڕێوە برا، كە لەسەر پشكی پارتی بوو، بەر لەوەی ئەو پۆستە بۆ هەمیشەیی بدرێتە كەسێك لەسەر پشكی هەمان حزب، هاوكات حاكم جەوادیش كرایە جێگری، بەو پێیەش سەرۆك و جێگری داواكاری گشتی ئێستا لە لایەن پارتییەوە هەژموون كراوە، كە یەكێكە لە پۆستە هەستیارەكانی هەرێمی كوردستان.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״لە لایەن بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان و چەند بەرپرسێكی تری یەكێتییەوە ئاگەدار كراومەتەوە، كە پارتی بە فەرمی پۆستی سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێم و جێگرەكەشی بەسەر خۆیدا دابەش كردووە، لە كاتێكدا ئەم پۆستە پشكی یەكێتییە״.
وتیشی: ״ئەوەی پارتی كردوویەتی زێدەڕۆییەكی زۆرە و قابیلی قبووڵ نییە، چونكە جگە لە پۆستی داواكاری گشتیی هەرێم و جێگرەكەی، پارتی سەرۆكی فەرمانگەی داواكاری گشتیی هەولێر و جێگرەكەشی بەسەر خۆیدا دابەش كردووە، بۆیە لە كۆبوونەوەكانی ئاییندەدا ئەو پرسە لەگەڵ پارتیدا باس دەكەین״.