هەموویان لەگەڵ خەباتی چەكداریدا نین و دان بە پڕۆژەی یەكتریشدا نانێن
هێمن پشدەری – ئاژانس
دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە نێوان حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا ناكۆكیی درووست كردووە، بەشێكیان پێیان وایە ئێستا كاتی دەستپێكردنیەتی و بەشێكی تریش دەڵێن هەلومەرجی ئێستا لەبار نییە.
بۆ 17 ساڵ دەچێت خەباتی چەكداری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەستاوە، بەڵام ناوەناوە بەشێك لە هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چالاكییەك ئەنجام دەدەن و دەگەڕێنەوە ناو سنووری هەرێمی كوردستان.
دوای نزیکەی ساڵێک لە جێگیرکردنی هێزەکانیان لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک شاری شنۆ لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا یەکەمین شەڕی چەکدارییان لە دژی سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجام دا و دوابەدوای ئەوەش لە چەند ناوچەیەکی تر جموجۆڵی چەکدارییان نواند.
عومەری ئیلخانیزادە، سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، ئەوان خەباتی چەكدارییان ڕەت نەكردووەتەوە، بەڵام پێیان وایە هەلومەرجەكە بۆ خەبات لە ئێستادا لەبار نییە.
سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشان ئاماژە بەوەش دەكات كە فشاری ئێران هەیە لەسەر حكوومەتی هەرێم و پارتی و یەكێتیی، ئەمەش ڕاستییەكە دەبێت لەبەر چاو بگیرێت.
ئیلخانیزادە وتیشی: ״هەموو لایەنەكان باس لە پڕۆژە و بەرنامە دەكەن بۆ خەبات لە ڕۆژهەڵاتدا و لە ئەرزی واقیعیشدا هیچ دیار نییە.״
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هەركاتێك جموجۆڵێك لە لایەن حزبەكانی ڕۆژهەڵاتەوە ڕووی دابێت، حكوومەتی تاران ڕاستەوخۆ سنوورەكانی هەرێمی تۆپباران كردووە و فشاری لە یەكێتیی و پارتی كردووە ئەو جموجۆڵانە كۆتاییان پێ بهێندرێت.
حسێن یەزدانپەنا، سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان، بە ״ئاژانس״ی وت: ״ستراتیژ و ئامانجی هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات وەك یەك نییە و هیی هێندێكیان زۆر لێك دوورن. هاوكات كۆمەڵێك كێشەی تایبەت و تەنانەت شەخسیی لە نێوان ئەو هێزانە و سەركردەكانیاندا لە گۆڕێدایە״.
یەزدانپەنا ئاماژە بەوەش دەكات، كە تا ئێستا هیچ پلاتفۆرمێك لە ئارادا نییە كە هێزەكانی ڕۆژهەڵات لە یەك نزیك بكاتەوە.
نەبوونی پاڵپشتیی سەربازی و دارایی و سیاسی بۆ بزووتنەوەی چەكداریی كورد لە ڕۆژهەڵاتدا، بە هۆكارێكی تری دەستپێنەكردنی خەباتی چەكداری لە ڕۆژهەڵات دەزانرێت.
لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان شەش حزبی سەرەكی هەیە كە چەكیان لە دژی ئێران بەرز كردووەتەوە و خەبات دەكەن، ئەوانیش: حزبی دیموكراتی كوردستان، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازاد (پەژاك) و پارتی ئازادیی كوردستان.
عەلی كەریمی، سیاسەتمەداری سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بڕوای وایە كە حزبەكانی ڕۆژهەڵات هیچ بەرنامە و پڕۆژەیەك نییە لەسەری ڕێك بكەون، كە بە وتەی خۆی ئەو حزبانە ئەجێندایەكیان نییە بۆ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری.
عەلی كەریمی بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەم حاڵەوە و بەبێ هیچ لێكنزیكبوونەوە و ئەجێندایەكی هاوبەش ئەو حزبانە ناتوانن شەڕی چەكداری لە ڕۆژهەڵات ببووژێننەوە، بەڵكوو دەبێت دوعای ئەوە بكەین شەڕی خۆبەخۆ نەكەن هێندە ناكۆكن״.
ئەو سیاسەتمەدارەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە بارودۆخی ڕۆژهەڵات لە دەستی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا نییە، بەڵكوو بە بڕوای ئەو بە هۆكاری دەرەكی دەتوانرێت گۆڕانكاریی گەورەی تێدا درووست بكرێت.
بەڵام زۆربەی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تاكلایەنە پڕۆژەیان بۆ چۆنیەتیی خەبات لەو بەشەی كوردستان هەیە و هیچ كامیان بڕوا بە پڕۆژەی لایەنی بەرانبەر ناهێنن.
ئیبراهیم زێوەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان، بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون كردەوە، لەو هەلومەرجەی ئێستادا زەمینەیەكی لەبار و گونجاو بۆ ڕێكخستنەوەی خەباتی چەكداری لە ئارادا نییە.
هەندێك لە لایەنەكانیش تۆمەتبار دەكات بە ڕێگریكردن بۆ دەستپێكردنەوەی خەبات و وتی: ״بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و خۆبەمیحوەرزانین و پاوانخوازی وای كردووە كە نەتوانرێت لەسەر دەستپێكردنەوەی خەبات كۆدەنگی درووست بكرێت.״
باس لەوەش دەكات كە حزبەكان پەرشوبڵاون و كۆدەنگی و هاوهەڵوێستی لە نێوانیاندا نییە.
ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵات هۆكاری ڕاگرتنی خەباتیان بۆ چەند هۆكارێك دەگێڕنەوە و دەڵێن چاوەڕێی دەرفەتێكن بڕەخسێت بۆ سەرهەڵدانی خەباتی جەماوەری و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەروەها پاراستن و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی باشووری كوردستان بۆ ئەوەی نەبنە مایەی سەرئێشە بۆ هەرێم بە هۆی ئەو هەڕەشە و فشارانەی لە لایەن ئێرانەوە دەكرێن.
بارام بێریتان، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پەژاك) بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״خەباتی ئێمە لە دژی ڕژێمی ئێران بەردەوامە و نەوەستاوین، بە بڕیاری هیچ كەسێكیش خەباتمان نەوەستاندووە، گەریلا لە تێكۆشاندایە بۆ پاراستنی گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵات״.
بێریتان باس لەوە دەكات كە ئەوان لەگەڵ كۆدەنگیی هەموو لایەنەكانی چوار پارچەی كوردستانن و پشتیوانی لە هەر پڕۆژەیەك دەكەن كە ئامانج لێی پاراستنی گەلی كورد بێت.
بەشێك لە حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی 10 مانگی ڕابردوودا چەندین چالاكیی سەربازییان لە دژی ئێران ئەنجام داوە، بەڵام ئەم چالاكییانە بەبێ هەماهەنگی ئەنجام دراون و بگرە شەڕی ناوخۆیی لێ كەوتووەتەوە وەك ئەوەی لە نێوان (پەكەكە) و (حەدەكە) لە كێلەشین ڕووی دا.
لە ئێستادا ئەو حزبانە هێزێكی كەمی پێشمەرگەیان لە چیاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا هەیە، زۆر جار ئەو هێزانە دەكەونە بۆسەی سەربازانی ئێرانەوە، وەك ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو لە ناوچەی كرماشان ڕووی دا كە 12 گەریلای (پژاک) شەهید بوون.