ئاژانس – تایبەت
پاسەوانێكی ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیر دەكرێت كە پێشتر پاسەوانی فهرهیدوون جوانڕۆیی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە بووە و تۆمەتی سیخوڕیكردنی ئاڕاستە دەكرێت.
بە پێی ئەو زانیارییانەی كە ״ئاژانس״ لە چەند سەرچاوەیەكی ناو پارتییەوە لە سنووری سلێمانی دەستی كەوتووە، ماوەیەك لەمەوبەر پاسەوانێكی ئەدهەم بارزانی بە ناوی شۆڕش جەمال فەرەج لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو حزبەوە دەستگیر كراوە، كە پێشتر پاسەوانی فهرهیدوون جوانڕۆیی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە بووە كە ساڵی 2015 لە نزیك هەولێر تەقەی لێ كرا و كوژرا.
سەرچاوەیەكی نزیك لەو كەیسە كە لەبەر هەستیاریی دۆسیەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو پاسەوانە بەوە تۆمەتبار كراوە كە زانیاریی لەسەر جموجۆڵی پارتی لە سنووری سلێمانی داوە بە لایەنێكی سیاسیی تر و ئێستا لە گرتووخانەیەكی سەر بە هێزەكانی پارتی لە سنووری هەولێر گیراوە و چارەنووسی نازانرێت.״
لەو بارەیەوە عەتا شێخ حەسەن وتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ناوی ئاوها لای ئێمە نییە كە دەستگیر كرابێت.״