سه‌ردانه‌که‌ی بۆ لای ئه‌حمه‌د تورک ته‌نیا بۆ هه‌واڵپرسی بووه
سازدانی: هێمن حەسەن
ئیبراهیم ئایهان، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموکراتی گه‌لان ״هه‌ده‌په״ ئاشکرای ده‌کات، له کۆبوونه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆککۆماری تورکیادا، ئه‌ردۆگان به بارزانیی وتووه فشار بخاته سه‌ر کوردانی باکوور و هه‌ده‌په تا به به‌ڵێ ده‌نگ به ده‌ستووری هه‌موارکراوی تورکیا بده‌ن له‌و ڕاپرسییه‌دا که وا بڕیاره به‌هاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه بچێت.
مه‌سعود بارزانی، دوای سه‌ردانێکی چه‌ندڕۆژه‌ی بۆ چه‌ند وڵاتێکی ئه‌ورووپی، ڕۆژی 26ـی مانگی ڕابردوو سه‌ردانی تورکیای کرد و له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان و بینالی یه‌ڵدرم سه‌رۆکوه‌زیرانی تورکیا و ئه‌حمه‌د تورک، که‌سایه‌تیی سیاسیی کورد له باکوور، چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجام دا.
ئایهان له چاوپێکه‌وتنێکی ״ئاژانس״دا باس له‌وه ده‌کات، که ده‌بوو مه‌سعود بارزانی له سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ تورکیا باسی هاوسه‌رۆکانی هه‌ده‌په و په‌رله‌مانتار و سه‌رۆک شاره‌وانییه ده‌ستگیرکراوه‌کانی بکردایه، سه‌باره‌ت به کۆبوونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د تورک، ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت، ״کۆبوونه‌وه‌که ئاسایی بووه و بۆ هه‌واڵپرسین بووه له ئه‌حمه‌د تورک که له زیندان ئازاد کراوه و تهندرووستییشی جێگیر نییه.״
ئاژانس: خوێندنەوەی ئێوە بۆ سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ توركیا چییە؟
ئیبراهیم ئایهان: ئێمە هیوادار بووین كە كاك مەسعود لەسەر ئەو دۆخەی بەسەر باكووری كوردستاندا هاتووە و پەرلەمانتار و هاوسەرۆكی ئێمە لە زینداندان و سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانمان لەسەر كار لا دەبرێن و زیندانی ده‌كرێن هەڵوێستی هەبوایە و لەگەڵ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی تورکیا باسی بكردایە، گرنگ بوو پێش سەردانەكەی بۆ توركیا بارزانی ڕەخنهی لە سیاسەتی توركیا بگرتایە سەبارەت بەو سیاسەتەی ئەكەپە پەیڕەوی دەكات، بەڵام بە داخەوە بارزانی ئەوەی نەكرد، ئەوەی پێویست بوو بۆ یەكێتیی نەتەوەیی و یەكهەڵوێستیی كورد بارزانی ئەوەی نەكرد.
ئاژانس: مەبەستت ئەوەیە كە بارزانی لە ئاست مامەڵەی ده‌وڵەتی توركیدا بێدەنگ بووە؟
ئیبراهیم ئایهان: بەڵێ بە داخەوە كە كاك مەسعود لەسەر ئەو زوڵمەی لەسەر گەلی كورد هەیە لە باكوری كوردسان بێده‌نگه، هیوادارین ئەویش چیتر بێدەنگ نەمێنێت و هەڵوێستێكی بەرانبەر براكانی خۆی هەبێت لە باكووری كوردستان، حكوومەتی ئەكەپە و خودی ئەردۆگانیش دەیانەوێت بارزانی بەرانبەر گەلی كورد بەكار بهێنن و ئێستا ئەوان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان جارێكی تر بارزانی‌یان بانگ کردووه‌ته‌وه.
ئاژانس: زانیاریت هه‌یه ئه‌ردۆگان و مه‌سعود بارزانی له کۆبوونه‌وه‌که‌یاندا باسی چی‌یان کردووه؟
ئیبراهیم ئایهان: بەڵێ، ئەردۆگان لە كۆبوونەوەكەیدا داوای له مه‌سعود بارزانی كردووە ڕۆڵی خۆی هەبێت لەسەر كورد تا بە ئەرێ و لە بەرژەوەندیی ئەكەپە كورد بەڵێ بۆ دەستوور بكات، ئەوان دەیانەوێت بارزانی بەكار بهێنن بۆ سەركەوتنی دەستوورێكی دیكتاتۆری لە توركیادا، ئێمەش داوا لە كاك مەسعود دەكەین تێكەڵی ئەو پرسە نەبێت، چونكە ئەوە كارێكی مەترسیدارە و خزمەتكردنی دوژمنانی كوردە و ڕەوایەتیدانە بەو زوڵمەی لەسەر گەلی ئێمە هەیە؛ هەم لە باكوری كوردستان هەم لە ڕۆژئاوای كوردستانیش.
ئاژانس: ئەوەندەی زانیاریتان هەبێت لە كۆبوونەوەی بارزانی و ئەردۆگان و یەڵدرمدا باسی زیندانیانی هەدەپه كراوە بەتایبەت سەڵاحەدین دەمیرتاش؟
ئیبراهیم ئایهان: نەخێر، ئەوەی ئێمە زانیومانە و ئەوەشی لە ميدياى تورکی بڵاو كراوەتەوە بارزانی لە كۆبوونەوەكانیدا باسی هاوسەرۆكی ئێمە و پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانییەكانی نه‌كردووە، ئەوان كاك مەسعودیشیان بۆ ئەوە بانگ نەكردووە كە باسی زیندانیكراوانی ئێمە بكات، بەڵكو ئەوان بۆ پرسی تر بارزانی بەكار دەهێنن.
ئاژانس: بارزانی لەگەڵ ئەحمەد تورك كۆبوونەوەی ئەنجام دا، زانیاریتان هەیە كۆبوونەوەكە بۆچی بووە؟
ئیبراهیم ئایهان: تەنیا سەردانێكی ئاسایی بووە، ئەحمەد تورك تەندرووستیی باش نییە و لە زیندانیش ئازاد كراوە، كاك مەسعودیش بۆ هەواڵپرسین سەردانی كردووە، باسی ئەوەش كراوە كە پێویستە جارێكی تر پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بكاتەوە و هیوای خواستووە كە پەرلەمانتارەكانی ئێمە ئازاد بن.
ئاژانس: هیچ پەیامێكی لە دەوڵەتی توركەوە بۆ كورد نەگەیاندووەتە ئەحمەد تورك؟
ئیبراهیم ئایهان: تەنیا سەردانێكی دۆستانە بووە، بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە ئازادكردنی ئەو دەربڕیوە، ئەكەپەش جگە لە گرتن و كوشتن هیچ پەیامێكی تری بۆ كورد پێ نییە.