کۆمپانیایهک ساڵی 21 ملیار دینار له هاووڵاتییان وەردەگرێت
ئاژانس – سامان عومەر
قاسم كهریم ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە بەردەم یەكێك لە فەرمانگە حكومییەكان لە شاری هەولێر خەریكی عەریزەنووسینە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی مامەڵەی فەرمانگەكانی حكومەت دەكەن، ئەو ئێستا به بڕیارێكی وەزارەتی داد پیشەكەی كە سەرچاوەی داهاتی خێزانەكەیەتی لە بەردەم مەترسیی لەدەستداندایە.
له ڕۆژی 23ی ئهم مانگه، عهریزهنووسهکانی سلێمانی و ههولێر و دهۆک له شارهکانی خۆیان گردبوونهوهی ناڕهزایهتییان ئهنجام دا لهسهر ئهوهی پیشهکانیان له دهست دهدهن و کارهکانیان دهکرێت به ئهلیکترۆنی و کۆمپانیایهک بهڕێوهی دهبات.
حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بە ئەلكترۆنیكردنی دامودەزگاكانی حكومەت و ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە یەكەم هەنگاودا لە ڕێگەی بڕیارێكی وەزارەتی دادەوە نووسینی عەریزەی خستووەتە چنگی كۆمپانیایەكەوە، بە مەش نرخی نووسینی عەریزەیەك لە دوو هەزار و ٥٠٠ دینارەوە بۆ 25 هەزار لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەكرێت.
لهو بڕه پارهیه تهنیا دوو ههزار و 500 دینار بۆ حکومهت و دوو ههزار و 500 دیناریش بۆ ئهو فهرمانبهرهیه که کارهکه دهکات و بڕی 20 ههزار دینار بۆ یهک عهریزه دهچێته گیرفانی کۆمپانیاکهوه.
بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״ کە لە چەند کەسایەتییەکی بە تەمەنی شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە وەری گرتووە پیشەی عەریزەنووسی زیاتر بۆ لە نیو سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
بە پێی بە بەدواداچوونەکانی ״ئاژانس״ لە سنووری هەولێر و دهۆک و سلێمانی نزیکەی دوو هەزار عەریزەنووس هەن.
ئەگەر وای دابنێین بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە سێ هەزار عەریزە بنووسرێت و بە پێی سیستمە نوێکە ٢٥ هەزار لە هاووڵاتییان وەربگیرێت ئەوا لە ڕۆژێکدا ٧٥ ملیۆن دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت و لە مانگێکدا دەکاتە دوو ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار و له ساڵێکدا دهکاته 27 ملیار دینار.
ئهمهیش له ساڵێکدا دهکاته 21 ملیار و 600 ملیۆن دینار، که دهچێته داهاتی ئهو کۆمپانیایهی ئهو کاره دهکات.
قاسم بە خەمێكی قووڵەوە باسی لە بڕیارەكەی وەزارەتی داد كرد لە بارەی گرانكردنی عەریزەنووسین، بۆ ״ئاژانس״وتی: ״عەریزەنووس هەیە 15 ساڵ و 20 ساڵ دەبێت لەبەر هەژاری خوێندنی پێ تەواو نەكراوە و نەیتوانیوە لە كەرتی حكومی سودمەند بێت و دابمەزرێت بە ناچاری دەستیان داوەتە ئەم كارە، بەڵام ئێستا چارەنووسی كارەكەی لەژێر كلیكی كۆمپانیایەكدایە، لەبەر ئەوەی كارەكانی كۆمپیوتەر نازانێ كۆمپانیا پێی دەڵێ بڕۆ خواحافیزت بێ.״
״ئاژانس״ زانیویەتی كە لە 80%ی ئەو 25 هەزارەی كە لە بەرامبەر نووسینی عەریزەیەك لە هاووڵاتی وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیاكە دەڕوات و لە 10%ی دەدرێت بە كارمەندی عەریزەنووسەكە و لە 10%ی تر بۆ حكومەت دەڕوات، وتەبێژی وەزارەتی داد ئەم زانیاریانەی ״ئاژانس״ی پشتڕاست كردەوە.
نەریمان تالیب، وتەبێژی وەزارەتی داد بە״ئاژانس״ی وت: ״لەو نرخەی دیاری كراوە تەنها دوو هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ داهاتی حكومەتە و دوو هەزار و ٥٠٠ دیناریش وەك هاندان دەدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی كە كار لەسەر سیستمە نوێیەكە دەكەن، ئەم پڕۆژەیەش بەشێكە لە پڕۆژەی حكومەتی ئەلكترۆنی كە ساڵانێكە حكومەتی هەرێم دەستی پێ كردووە، بە كەڵكوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای سەردەم تا هاووڵاتییان خێراتر و سەردەمیانە خزمەتی پێشكەش بكرێت و دوور بێت لە هەر لەناوچوون و دەستكاریكردنێكی بەڵگەنامە ڕەسمییەكانی حكومەت.״
هەرچەندە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی داد ڕایانگەیاندووە ئەوە جێبەجێكردنی پلانی بە ئەلكترۆنیكردنی دامودەزگاكانی حكومەتە، بەڵام قاسم كەریم كە خۆی عەریزەنووس و هاوكات نوێنەری عەریزەنووسە ناڕازییەكانیشە ئەوەی ڕەت كردەوە و بۆ ״ئاژانس״وتی: ״سیستمەكە نابێت بە ئەلكترۆنی، چونكە سیستمی ئەلكترۆنی بەو شێوەیە نییە كە وەك بانگەشەی بۆ دەكەن، بەڵكوو سیستمی ئەلكترۆنی ئەوەیە كە لە ماڵی خۆتەوە دەتوانی مامەڵە ڕایی بكەی، بەڵام ئەمە هەمان ڕۆتیناتی پێشوو جێبەجێ دەكرێت تەنها نووسینی قەڵەم بووە بە نووسینی كۆمپیوتەری و هیچی تر.״
ئەو گرێبەستەی كە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی دادەوە لەگەڵ كۆمپانیای (infore R) ئەنجامی داوە، لە یەكەم هەنگاودا تەنها وەزارەتی داد دەگرێتەوە و ئێستا كۆمپانیاكە لەژێر چاودێریی (Test) دایە، لە خاڵێكی گرێبەستەكەدا باس لە نرخی هەر عەریزەیەك كراوە كە 25 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتییان دەوەستێت، بە وتەی نوێنەری عەریزەنووسە ناڕازییەكانیش لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم ئەم بڕیارە بە تەواوەتی دژی یاسای كارپێكراوی عێراقی ژمارە 135ی ساڵی 1971ـە كە عەریزەنووسی دادنووس ڕاستەوخۆ دەبێت لەژێر فەرمانی حكومەتدا بێت، بەڵام بەم شێوەیەی ئێستا عەریزەنووس دەبێتە كارمەندی كۆمپانیا بۆیە داوای گۆڕانكاری لە بڕیارەكە دەكەن.
عەریزەنووسێك لەبەر مەترسیی لەدەستدانی كارەكەی كە ئێستا لەژێر چاودێریدایە لەو كۆمپانیایە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو كۆمپانیایەی كە ئەم گرێبەستەی لەگەڵ واژۆ كردووه دوای دوو ساڵی تر سەیری داهاتەكەی بكە ئینجا دەزانی چ پارەیەكی زۆر دەچێتە گیرفانی كۆمپانیاكەوە.״