دەركردن لە پەرلەمان دەستی پێ كرد
ئاژانس – حەسەن شەنون
هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر فایەق شێخ محەمەد، پەرلەمانتاری ڕەوتی مەدەنی لە 17ی ئەیلولدا سەرەتای دەستپێكی پڕۆسەیەكی بەرفراوانە بۆ دەركردنی ژمارەیەك پەرلەمانتار لە هۆڵی دەسەڵاتی چاودێری، كە بەشێكیان بە تۆمەتی گەندەڵی و بەشێكیان بوونەتە قوربانیی كێشەی سیاسی یان ململانێی كەسی.
ئەوەش لە كاتێكدایە لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردووی تەمەنی پەرلەمانی عێراقدا 12 پەرلەمانتاری تر بە پاساوی جۆراوجۆر پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە بە مەبەستی دادگاییكردن یان ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا.
سەندنەوەی متمانە لە فایەق شێخ عەلی لەسەر داوای كوتلە شیعەكان بوو لە پاش ئەوەی كەوتە شەڕەقسەیەكی تووندەوە لەگەڵ حەنان فەتلاوی، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح كە ئێستا ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانە بۆ كاروباری ژنان.
لە یەكەم كاردانەوەشیدا لە پاش لادانی پارێزبەندی لێی، ئەو پەرلەمانتارە وتی: ״قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە پشت هەڵگرتنی پارێزبەندییەوە بوو لەسەرم.״
پێشتر پەرلەمان پارێزبەندیی لەسەر 12 پەرلەمانتاری تر لا دا، لەوانە تەڵاڵ زوبەیعی بە تۆمەتی گەندەڵی و ئەحمەد جبووری بە هۆی ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ناوی خستە ناو سزادراوەكانیەوە بە تۆمەتی گەندەڵی.
عەبدولعەون عەبادی، ئەندامی هاوپەیمانی بینا بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەوەی بەرانبەر بە فایەق شێخ عەلی كراوە هەنگاوێكی دەستووری بوو، چونكە هێرشی كردە سەر سیمبوولە ئایینییەكان״.
وتیشی: ״ئەو پەرلەمانتارانەی تر كە پارێزبەندییان لەسەر لا دراوە دۆسیەكانیان پەیوەندیی بە گەندەڵیی دارایی و تیرۆرەوە هەیە و لە هەمان كاتیشدا پەرلەمان ڕێگریشی كردووە لەوەی پارێزبەندی لەسەر هەندێك پەرلەمانتاری تر هەڵبگیرێت״.
لەگەڵ ئەوەی بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە تۆمەتبارن، بەشێكی تریان پێیان وایە ئەو هەنگاوە وەك كاردانەوەیەكی سیاسی بووە لە لایەن نەیارەكانیانەوە .
ئەوە یەكەم جارە لە مێژووی درووستبوونی پەرلەمانی عێراقدا لە دوای ساڵی 2003ـەوە ئەوەندە پەرلەمانتار لە خولێكدا پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت.
ڕائید فەهمی، ئەندامی هاوپەیمانی سائیروون پێشبینی دەكات پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتاران قەیرانێكی سیاسیی نوێ لە عێراق درووست بكات و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״زۆربەی ئەو پەرلەمانتارانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە لەو كوتلانەن كە كێشەیان لەگەڵ محەمەد حەلبوسیی سەرۆكی پەرلەماندا هەبووە״.
پێشتر لە ساڵی 2007 پەرلەمان پارێزبەندیی لە عەبدولناسر حەنابی سەندەوە بە تۆمەتی پەیوەندی هەبوون بە گرووپە چەكدارەكان. لە ساڵی 2008یشدا هەمان هەنگاو بەرانبەر بە میسال ئالوسی ئەنجام درا و بە دوایدا ساڵی 2014 ئەحمەد عەلوانی بەو شێوەیە لە پەرلەمان دەركرا.
محەمەد غزی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״داواكاریی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە دژی 30 پەرلەمانتار پێشكەش كراوە، كە لە پاش ئەو هەنگاوە دادگا دەتوانێت لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكات״.