كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی دەست پێ دەكاتەوە و پارتییش ئامادەیه وەزیرەكانی بگۆڕێت
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
گۆڕان پیشنیارێك دەداتە نێچیرڤان بارزانی بۆ كەمكردنەوەی حكومەت بۆ 10 وەزارەت و پارتییش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بەشێك لە وەزیرەكانی بگۆڕێت و بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسانەش كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی دەست پێ دەكاتەوە.
دوێنێ هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری بە سەرۆكایەتیی وەفدێك سەردانی گۆڕان و یەكێتییان كرد لە شاری سلێمانی.
ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״داوامان كردووە گۆڕانكاری لە سەرجەم وەزارەتەكاندا بكرێت و وەزارەتەكان بچووك بكرێنەوە لە 8 بۆ 10 وەزارەت، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە و حكومەت كاتی هەڵبژاردنەكان دیاری بكات كە بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام بدرێت و بڕیارە كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی ئەنجام بدرێت و ئەگەر بەشێكی خاڵە ئەساسییەكانی گۆڕان جێبەجێ كران، ئەوا دەچینەوە حكومەت.״
هاوكات لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״وەفدی حكومەت بۆچوونیان وا بووە كە ئەم حكومەتە كاتییە و هەڵبژاردنەكان نزیكە و لایەنەكان دەتوانن وەزیرەكانی خۆیان بگۆڕن، بەڵام كات نەماوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و بڕیارە دوای ئەم سەردانانە كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی بكرێت״.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە چەند سەرچاوەیەكی بەرپرسەوە دەستی كەوتووە، بەرپرسانی پارتی لە دوایین كۆبوونەوەیاندا لەگەڵ گۆڕان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گۆڕینی چەند وەزیرێكی خۆیان لە حكومەتدا.