تێکۆشەر خالید
تەمەنی چیرۆکی کورد، لە نەوەدوسێ ساڵ لەمەوبەرەوە دەست پێ دەکات لە باشوور و دوای نزیکەی پەنجا ساڵ دەگاتە ڕۆژهەڵات، داخە کە زۆر کەم ئاگادار و چاودێری ئەدەبی ڕۆژئاوا و باکوورین؛ ئەمە ئەوەندەی لەنگی و نەنگییە بۆ مێژوونووسانی تایبەتمەند و لێکۆڵەرەوان، دەی با بڵێین هەر ئەوەندەیش ڕەشییە بە ناوچەوانی داگیرکاران و لەتلەتکارانەوە.
وەکو ئەوەی شیاوی باس بێت، لە ئەدەبی کوردیدا پێشتر هەقایەت هەبوون و دەماودەم گێڕدراونەتەوە، کۆنترینیشیان هەقایەتی شەیپوورە تا ئەو شوێنەی بە دوایدا گەڕاوم، عەلادین سەجادییش سەرهاتی شەیپووری گێڕاوەتەوە و وەکو نموونە هێناویەتییەوە، لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە هەقایەت و داستانەکان لە چاپ دراون؛ هەر چەندە تێخنین و تێفڕێدان بوون و نەتوانراوە بە جیاکردنەوەی ناوچە و سەردەمەکان ڕیزبەند بکرێن، بەڵام هەوڵگەلی پڕبایەخن بۆ مێژووی فەرهەنگی ئێمە.
ئەوەی کە کاریگەریی لەسەر قزڵجی دادەنێت و بە هۆی ئەوەوە دەبێتە پێشەنگی چیرۆک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەربوونیەتی بە ڕاسکاز یان کورتەچیرۆکی ڕووسی. قزڵجی هەویری چیرۆکەکانی چیرۆکگەلی وەکو ئینسان و ڕوزاموند، تارتۆف بووە، هەمان ئەو چیرۆکانەی مەنفەلوتیی میسڕی وەری گێڕاون و خۆی دانی پێدا دەنێت کە لە هەووەڵین چیرۆکە لەبەردڵان و خوێنراوەکانی ئەو بوون. ئەو لە پێکەنینی گەدادا تەواو کاریگەریی ئەدەبی ئەو کاتەی ڕووسی بەسەرەوەیە؛ دیارە کە ویستوویەتی ئەزموونی ئەلێکساندەر دۆما و گۆرکی و چیخۆف دووبارە بکاتەوە.
جەمیل سائیب نەوەدوسێ ساڵ لەمەوبەر دەست دەداتە چیرۆکنووسین، لە کاتێکدا کە باردۆخی باکوور تێکچووە، شۆڕشی شێخ سەعید سەرکوت کراوە، حاجی تۆفیقیش ئەو کات لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە، خۆی تەرخان دەکات بۆ کاری ڕۆژنامەوانی، بە بۆچوونی ئێمە هەر پیرەمێرد بووە بە هەوێنی هەووەڵین چیرۆکی کوردییش و کاریگەریی لەسەر جەمیل سائیب داناوە، بەو پێیەی جەمیل خوشکەزای پیرەمێرد بووە و کتومت لەو مێژووەدا کە حاجی دەگەڕێتەوە لە ڕۆژنامەکەی ئەودا لە خەوما بەش بەش دەگێڕێتەوە، هەر ئەوەیش کە دوای ئەوەی ڕۆژنامەی ژیانەوە دادەخرێت، بۆ ماوەی پێنج مانگ جەمیل دەست لە تەواوکردنی لە خەوما هەڵدەگرێت، تا ئەوەی لە ژمارە یەکی ٢١-١-١٩٢٦ لە ڕۆژنامەی ژیان کە هەر هیی پیرەمێردی خاڵی بووە، بەشێکی دیکەی لە خەوما بڵاو دەکاتەوە و دواتر لە ژیانی ژمارە ٢٦ لە ٢٩-٧-١٩٢٦ دوایین بەشی تەواونەکراوی لە خەوما بڵاو دەکاتەوە، هەرچەندە جەمیل سائیب لە دوای ١٩٥٠ـوە سەرنووسەری ژینی گرتە دەست کە هەر پیرەمێردی خاڵی دەری دەکرد، بەڵام هەرگیز نەیتوانی یەکەمین چیرۆکی کورد لە مێژووی فەرهەنگماندا تەواو بکات، بەو پێیە نا کە لێکۆڵەرەوان قسەیەکی کەمێک پێکەنیناوی بە هەمیشەیی دەکەن؛ هەر ئەوەی دەڵێن دەبوو لە خەوەکەیدا بە ئاگا بهاتایەتەوە! ״ئەمەم لە کتێبەکەشیدا کە بە تێبینی نووسراوە خوێندەوە!״. بەڵکو بەو پێیە کە هێشتا نەگەیشتووەتە داخستن یان قوفڵی چیرۆکەکەی و هێشتا لە پڵۆتدا دەخولێتەوە و ڕاوییەکی دڵپڕ و واقوڕماو لە بازنەیەکدا گیری خواردووە و هەر دەگێڕێتەوە و نازانێت کۆتایییەکەی بە کوێ دەگات، دەنا مەرج نییە کە ئیللا و بیللا دەبێت کاک جەمیل لە خەوەکەی بە ئاگا بێتەوە و بڵێت ئۆخەی خوا بەخێری بگێڕێتەوە… لە ڕاستیدا ئەگەر جەمیل سائیب چیرۆکەکەشی لە گرێچن تێبپەڕاندایە و بگەیشتایەتە داخستنی چیرۆک، باوەڕم وا نییە هەرگیز بیتوانیبا لە خەوەکەی بە ئاگا بێتەوە یانیش بیەوێت ئەو ڕووداوە ڕاستەقینە کۆمەڵایەتییە وا نیشان بدات کە خەون بووە و وا لە خوێنەری بگەیەنێت کە لە ڕاستیدا حوکمی نەخوێندەوارانەی دارودەستەکەی شێخی نەمر و دڵپاکمان ڕێک بە پێچەوانەوەیە کە دەربارەی دەنووسم!. چونکە لە ڕاستیدا ڕاوی لە سەرەتای چیرۆکەکەوە کە ״من״ـە بە ئاگا هاتووەتەوە و دەڵێت (خوا بەخێری بگێڕێت… شەوێک لە خەوما…).
ئەوەی کە شیاوی باسە، ناوەڕۆکی چیرۆکی لە خەومایە، چیرۆکێک کە تەواو ئاخنراوە لە ڕق و تووڕەیی ڕووداوێکی سیاسیی کۆمەڵایەتیی سەردەمی حوکمڕانیی ١٩١٩ بۆ ١٩٢٢ـی شێخ مەحموودی حەفید، جەمیل سائیب لەوێدا دیوە تاریکەکەی ئەو ڕۆژانە دەداتە بەرباس و لە دەست حاڵ و ئاکاری دەسەڵاتدارەکانی ئەو سەردەمە پەست و بێزارە، سائیب لە هەندێک شوێندا ئەوەندەی وەکو مێژوونووسێکی داخلەدڵ دەردەکەوێت، وەک چیرۆکنووسێک نایەتە بەرچاو.
ئەمە بۆ هەر چواردە چیرۆکەکەی قزڵجیش ڕاستە کە نزیکەی پەنجا ساڵ دوای لە خەوما نووسراون، چیرۆکەکانی ناو پێکەنینی گەدا وەکو لە خەوما ڕیالیزمی کۆمەڵایەتیین، ئەمیش بارودۆخ و وێنەی ڕاستەقینەی سەردەمەکەی خۆی دەداتە بەرباس. ئەمیش پەستە لە دەرەبەگ و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی.