کنێر عهبدوڵڵا
لە كۆمەڵی ڕۆژهەڵاتیدا زۆر كەس پێیان وایە گەورەیی مرۆڤەكان بە پلەی وەزیفی یان بڕوانامەی باڵا یاخود بوونی لە پۆستیكی باڵای حزبی یان حكومیدا خۆی دەبینێتەوە، بەو شێوەیە خۆی پێ جیاوازتر دەبێت لە مرۆڤەكانی دیكە و لەو دیدەوە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەكاندا دەكات و پەیوەندییەكانیشی لەسەر ئەو بنەمایە ڕێك دەخات.
گەورەیی مرۆڤ؛ بریتییە لە كۆمەڵێك پێوەر كە لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ بوونیاد نراوە، بەو واتایەی لە هەڵوێست و دید و تێڕوانینە مرۆییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت كە بێگومان ئاست و ڕادەی ڕۆشنبیری ڕۆڵی زۆر دەگێڕێ لە بەرجەستەبوونیدا.
بۆیە پێوانەی بنەما مرۆییەكان و كاركردن بە مافی مرۆڤ سەنگی مەحەكن بۆ پێوانەكردنی مەزنی و گەورەیی و ڕێزی مرۆڤەكان، نەك پێوەری پلە و پایە و پۆست و بنەماڵە و بڕوانامەیەكی دیاریكراو لە هەر پسپۆڕی و بوارێكدا بێت.
بوونی ئەو دیدە گرفت و كێشەی زۆر دەخوڵقێنێ لە نێوەندی دامەزراوەكان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكاندا، كە دەرئەنجام بە لایەكدا دیكتاتۆر و زاڵێتی و ترس و زلهێزی و سەپاندن دێنێتە ئاراوە و لە بەرامبەریشدا مرۆڤی ملكەچ و ترسنۆك و ژێردەستە و دیل. مرۆڤێك بەرهەم دێنێ كە هەمیشە خۆی بە سەروتر لە مرۆڤەكانی دی دەزانێت، باڵادەستتر و دەستڕۆیشتووتر لەوانی دیكە.
دەرئەنجام بوونی ئەو دیدە جگە لە خەیاڵ و خەونێكی تاكڕەوی و خەیاڵبڵاوی، هیچ ڕاستییەكی لە پشتەوە نییە، چونكە دواتر گەورەیی مرۆڤ لەوانەدا بەرجەستە دەبێـت، كە ماندوێتی و شەونخوونی و بەردەوامییەت لە هەوڵدان و فێربووندان بە مەبەستی پێگەیاندنی خۆیان بێ هیچ پەنابردنێك یان پشتئەستوورییەك بە دەوڵەمەندیی بنەماڵەكەی، بە پۆست و پلە و پایەیەك كە بە هۆی كەسێكەوە یان لە لایەن بەرپرسێكەوە پێی بەخشراوە یاخود بە هەر هۆیەكی حزبی و خزمایەتی و ناسینێكەوە بووبێت كە بڕوانامەی پێ دراوە، نەك بە دەستی هێنا بێت، مرۆڤیك كە بەدەر لەوانە مێژووییەكی پڕ لە كەرامەت و ڕێز و كەسایەتییەكی بۆ خۆی بوونیاد ناوە، كە جێی شانازیی خۆی و كەسانی هاوشێوەی خۆی بێت و هیچ كەس نەتوانێت نكۆڵیی لێ بكات یان لێی بسەنێتەوە، كە بێگومان ئەوەش بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی دێتە بوون و دەبێتە بەرهەم و مێژووی خودی خۆی كە كەسی دیكە خاوەنی نییە.
هۆكاری بوونی ئەو خەیاڵبڵاوییەش زۆرە؛ كە گرنگترینیان لە كولتووری سیستمی پهروهرده به گشتی و پەروەردەی زوربەی پارتە سیاسییەكانی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە بهشێوهیهکی تایبهتی، كە بەرهەمهێنەری كولتوورێكە كە لە ڕووی جێبەجێكردنەوە پڕاوپڕە لە خوڵقاندنی دەرهاویشتەیەك كە جیاكاری و جیاوازی و باڵادەستی و من و تۆیی دەخوڵقێنێ؛ نەك پێچەوانەكەی، مرۆڤگەلێكی بەرهەم هێناوە، كە پڕاوپڕن لە گرێ و ئاڵۆزیی دەروونی، بۆیە دەرئەنجام پەروەردەكراوەكانی زۆرێك لەو نێوەندەن كە خۆیان بە گەورەتر و گرنگتر و جیاوازتر لە مرۆڤەكانی دی دەبینن و دەیانەوێت لە ڕێی هەڵوێست و دەربڕینەكانیانەوە بەوانی دی بڵێن من منم و تۆ تۆیت! لە كاتێكدا بوونی ئەو ڕەفتار و دیدانە دژ بە بنەماكانی مافی مرۆڤە و دەرئەنجام ژینگەیەكی ناتەندرووست و نەشیاو دێنێتە ئاراوە، كە ڕێز و بەها ئەخلاقی و بنەما مرۆییەكان و مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ئەركی هەموانە پێكەوە هەوڵی بەرجەستەبوونی ژینگەیەك بدەین، كە بەها و ئاكارێك بهێنرێتە ئاراوە كە مرۆڤەكان وەك یەك بە ڕێز و كەرامەت و خۆشهویستی و بەرزڕوانینەوە مامەڵە لەگەڵ یەكتریدا بكەن و دەروازەیەك نەمێنێتەوە بۆ بچووکكردنەوەی ئەوی دی.