سەنگەرگواستنەوە بە پارەیە
ئاژانس
ژمارەی كورسیی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە لەگەڵ گۆڕانكاری لە هەڵوێست و بۆچوونی پەرلەمانتارەكانیان، سەنگەرگواستنەوە لەژێر چەتری پەرلەماندا بووەتە دیاردە كە بەشێكیان بە هۆی ناكۆكی و بەشێكیشان لە ڕێگەی بەرتیلەوەیە.
پێكهاتەی ئەو فراكسیۆنانەی لە سەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق دەستیان پێ كرد جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئێستا هەیە، بەشێك لە فراكسیۆنەكان فراكسیۆنی دیكەیان لێ جیا بووەتەوە و بەشێك لە پەرلەمانتارەكانیش سەنگەری كوتلەكانیان بۆ كوتلەیەكی دیكە بەجێ هێشتووە.
بەرژەوەندیی هاوبەش پەرلەمانتارەكان لەناو فراكسیۆنێكدا كۆ دەكاتەوە نەك پرەنسیپە حزبییەكانیان، بەوەش شلۆقی لە هەڵوێستی فراكسیۆنەكان ڕووی داوە.
بەردەوام كوتلە شیعەكان لە هەوڵی ئەوەدان كە پەرلەمانتارە سوننەكان بخەنە ناو كوتلەكانیانەوە بۆ بێهێزكردنی پێكهاتەی بەرانبەریان و پیشاندانی وێنەیەك كە ئەوان مەزهەبیەتیان تێپەڕاندووە، هاوكات لەناو خۆشیاندا شیعەكان خەریكی بردنی پەرلەمانتارانی یەكترن.
دەنگدان بە كابینەی حكومەتەكەی محەمەد عەللاوی ئەوەندەی تر بازاڕی كڕینەوەی دەنگ و هەڵوێستی پەرلەمانتارانی گەرمتر كرد.
باسم خەششان، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״هاوپەیمانیی سائیروون بە سەركردایەتیی موقتەدا سەدر خەریكی كڕینەوەی دەنگە بۆ دەنگدان بە كابینەی حكومەتەكەی محەمەد عەللاوی، وەك چۆن بۆ دەنگدان بە كابینەی پێشوو هەمان هەنگاو نرا.״
وتیشی: ״بەردەوام جیابوونەوەی پەرلەمانتار هەیە لە كوتلەكەی و بەم دواییە قوربانیی سەرەكی هەردوو هاوپەیمانیی نەسڕ بە سەرۆكاتیی حەیدەر عەبادی و هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەكانی سوننە بوون و لە زۆربەی بارەكاندا پەرلەمانتار دەرخستەیەكی باش دەخرێتە بەردەستی بۆ ئەوەی بچێتە كوتلەیەكی دیكەوە و ئامانج لەو هەنگاوەش كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگە بۆ تێپەڕاندنی پرسەكان یان ڕێگریكردن لێی لەناو هۆڵی پەلەرماندا.״
بەم دواییە كۆنگرەی نیشتیمانی بە سەرۆكایەتیی ئاراس حەبیب ئاشكرای كرد، كە دوو پەرلەمانتاری بەسڕە و زیقار پەیوەندییان بە كوتلەكەیانەوە كردووە.
عامر فایز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی فەتح بە ״ئاژانس״ی وت: ״كوتلەی حیكمە خاوەنی 19 پەرلەمانتار بوو، بەڵام سیانیان هاتنە ناو كوتلەكەی ئێمەوە و ئەوان بە بڕوای خۆیان هاتن و هیچ بڕە پارەیەكمان نەخستە بەردەستیان وەك ئەوەی باس دەكرێت.״
لە ئێستادا كوتلە سوننەكان زۆرترین زیانیان لەو سەنگەرگواستنەوەیە بەركەوتووە، كە بەشێكیان چوونە پاڵ هاوپەیمانیی بینا كە شیعەكان تیایدا باڵادەستن و ئەوانی دیكەش چوونە پاڵ هاوپەیمانیی ئیسڵاح بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر.
حەیدەر موسەوی، شڕۆڤەكاری سیاسیی عێراقی بە ״ئاژانس״ی وت: ״كڕینەوەی پەرلەمانتاران پێشهاتێكی خراپە و نرخی بەشێك لە پەرلەمانتارەكان بۆ پەیوەندیكردن بە كوتلەیەكەوە گەیشتووەتە یەك ملیۆن دۆلار بە تایبەت بۆ ئەو كوتلانەی پیۆیستیان بە زۆرترین دەنگە بۆ تێپەڕاندنی پرسێك لەناو پەرلەماندا.״
حەیدەر موسەوی وتیشی: ״ئەو كوتلانەی ئەو بڕە پارەیە دەدەن لە سامانی گشتی دەیدەن بۆ كڕینەوەی پەرلەمانتارەكان.״