ئاژانس
ئەندامێكی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان دەبێتە ئەندامی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا و گۆڕانیش ڕەتی دەكاتەوە ئەو پەرلەمانتارە پەیوەندیی بە بزووتنەوەكەیانەوە مابێت.
سەرەتای ئەم هەفتەیە وەفدێكی پارتی بە سەرۆكایەتیی فوئاد حسێن كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکكۆماری عێراق سەردانی بەغدای كرد، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و مەسعود حەیدەر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان ئەندامێكی ئەو وەفدە بووە و بەشداریی كۆبوونەوەكانیانی كردووە.
مەسعود حەیدەر بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیم بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە و هیچ شتێكم نییە لەو بارەیەوە بیڵێم، چەند ڕۆژێكە یەكێكم لە ئەندامانی وەفدی پارتی لە بەغدا، كە سەردانی چەند لایەن و كەسێكمان كردووە.״
لە بارەی پەیوەندیكردنی بە پارتییەوە وتی: ״نامەوێت هیچ شتێك لەو بارەیەوە بڵێم، تەنها ئەوەیە كە ئەندامی ئەو وەفدەی پارتی بووم لە بەغدا.״
لە بەرانبەردا ئەمین بەكر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو كەسە گۆڕان نییە و ئەندامی ئێمە نییە״.