پارەکەی لەژێر دەستی وەزارەتی داراییە
ئاژانس – سامان عومەر
تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە خۆی نییە بۆ ڕێكخستنی كارەکانی، لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە لەسەر پەیڕەوی ناوخۆی دەڕوات و ئەگەرچی ئێستا پەرلەمان سەرقاڵی دانانی یاسایەکە بۆ خۆی، بەڵام پەرلەمانتاران دەڵێن دەبوو زۆر زووتر ئەو کارە بکرایە.
پەرلەمانی كوردستان وەك دەسەڵاتی چاودێری مافی ئەوەی هەیە لێپرسینەوە لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی هەرێم و وەزیر و سەرۆكی دەستەكان بكات، بەڵام بە نموونە كە پێویستی بە بودجە بێت دەبێت لە وەزیری دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرن داوای بكات و ڕەزامەندی وەربگرێت، ئەمەش وا لێك دەدرێتەوە كە زۆر جار كارەكانی پەرلەمان حكومەت ڕایی دەكات، بوونی یاساكە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەڕانەوەی دەسەڵاتەكان و دەرهێنانیەتی لە چنگی ئەنجوومەنی وەزیران.
هیوا نەسرەدین، سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ڕەشنووسی یاساكە ئیشی باشی لەسەر كراوە لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، شارەزا و خەڵكی تایبەت ڕاسپێردراون بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی یاساكە سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرپەرشتیی وردەكارییەكەی دەكەن.״
״هەموو وەزارەت و دەستە و سەرۆكایەتییەكان لە پەرلەمان بە یاسا ڕێك خراون، بەڵام پەرلەمان یاسایەكی نییە، ڕاستە پەیڕەوی پەرلەمان هەیە، بەڵام لەبەر دەستوور قووەتی پەیڕەو یەكلا نەكراوەتەوە، لە پاڵ یاساكە پەیڕەویش دەمێنێت بۆ ناوخۆی پەرلەمان، بوونی یاساكە بۆ بابەتە گشتییەكانە و سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران پابەندی یاساكە دەبن״، ئەمە بە وتەی هیوا نەسرەدین، سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان.
بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״، لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵەکانی دانانی یاسایەکی تایبەت بە پەرلەمان بۆ سەرۆکی حکومەت ڕوون کراوەتەوە.
عەباس فەتاح، جێگری لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەنگاو دەنێین بۆ دانانی یاساكە و چاوەڕوانین بزانین تا كوێ دەڕوات و ناتوانم بڵێم ڕێگری دێتە پێش یان نا، بەڵام ئەگەر پەرلەمان پەرلەمان بێت دەبێت ڕێگرییەكان تێپەڕێنێت كە بۆ دانانی یاساكە دەخرێنە پێشی.״
لە خولی پێشووی پەرلەمان كاتێك پەرلەمانتاران داوای كڕینی ئۆتۆمبێلیان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد دوای ناڕەزاییەتی خەڵك، سەرۆكی پەرلەمان داواكارییەكەی ڕەت كردەوە، دەگوترێ ئەگەر ئەمە بە یاسا ڕێك بخرێت كێشەكان چارەسەر دەكات.
جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە ״ئاژانس״ی وت: ״هێشتا پڕۆژەكە بە لیژنەكەمان نەگەیشتووە و ناوەڕۆكەكەیمان نەبینیوە، ئەم یاسایە دەسەڵاتەكانی سەرۆك و جێگر و سكرتێر دەستنیشان دەكات و ڕێكخستنی پەرلەمان تیایدا بە یاسا جێگەی دەكرێتەوە.״
له ماوهی پێنج خولی ڕابردووی پهرلهمانی کوردستاندا یهکهم جاره پهرلهمان سهرقاڵی دهرکردنی یاسایهکی تایبهت به خۆیهتی و تا ئێستا کاروبارهکانی پهرلهمان تهنها له ڕێگهی پهیڕهوی ناوخۆوه ڕێک خراون.
ناوبراو وتیشی: ״لە هەندێ شوێن بەریەككەوتن لە نێوان پەیڕەو و یاساكان ڕووی داوە، بەڵام ئەگەر یاسا دەربكرێت ئەم گرفتانە چارەسەر دەكات و گرنگییەكەی ئەوەیە كاری پەرلەمانی بە یاسا دیاری دەكات، پێویستی بە بودجەش نییە و لە هەندێ باردا خەرجی كەم دەكاتەوە.״