گفتوگۆ: شۆڕش ئەنوەر
میوان: عەزیز یاسین
له‌م گفتوگۆیه‌دا عەزیز یاسین مامۆستاى زانكۆ و شاره‌زا له فیكر قسه له‌سه‌ر مۆدێرنه و ئایین ده‌كات، ئه‌و پێى وایه مۆدێرنه هیچ نییه جگه له هه‌ڵهاتن له ده‌ردێك و تووشبوون به برینێكى گه‌وره‌تر، مۆدیرنیزهكردنى ئایینیش به بانگه‌شه‌یه‌كى بێ‌مانا ناو ده‌بات به‌و ئیعتیبارهى ململانێیه‌كی جددیی هه‌یه له نێوان ئه‌م دوو جیهانبینییه، پێشى وایه كه سه‌له‌فییه‌ت به‌م فۆڕمه‌ی ئێستای ئامرازێكی به‌هێزی ده‌ستی مۆدێرنه‌یه بۆ خه‌ریككردنی باوه‌ڕداران به هه‌ندێك پرسی ڕواڵه‌تی، ده‌شڵێت له وڵاتی ئێمه له‌سه‌ر ئاستی فیكریی ململانێى نێوان بانگه‌شه‌كارانى مۆدێرنه و ئایین به‌هێز نییه.
ئاژانس: ئایین و مۆدێرنه ململانێیه‌كی توندیان هه‌یه، ئه‌وه ئایینه ده‌یه‌وێت مۆدێرنه له ژیانی مرۆڤ دوور بخاته‌وه، یان مۆدێرنه‌یه ده‌یه‌وێت ئایین له ژیانی مرۆڤ بباته ده‌ره‌وه؟
عەزیز یاسین: سه‌ره‌تا پێویسته ماناى هه‌ردوو چه‌مكى ئایین ومۆ دێرنه دیارى بكه‌ین ئینجا بریار بده‌ین كامه‌یان نامۆیه به‌سروشتى مێژوى مرۆڤ، هه‌ڵبه‌ته ئایین جیا له‌و پێناسه فه‌لسه‌فیى و دۆگماییانهى بۆى ده‌كرێن، له‌دیدى سوننهتگهراكانهوه ئایین بریتیه له پابه‌ندبوون یاخود به‌یه‌كه‌وه به‌ستنه‌وه‌ى شتێك به‌شتێكى تر، ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ڕیشه‌كانى وشه‌ى ئایین (Religion)له‌زمانى لاتینى، واتا ئایین ئه‌و هێڵه سه‌ره‌كیه‌یه كه‌مرۆڤ ده‌به‌ستێته‌وه به هێزێكى گه‌وره‌ترو سه‌روترى خۆى كه‌ده‌كرێت ئه‌م هێزه به‌خودا ته‌فسیر بكه‌ین، به‌رمه‌بناى ئه‌م پێناسه خێرایه ده‌كرێت بڵێین: ئایین له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وه هاتووه له‌دوو ئاست كاربكات، یه‌كه‌م ڕاڤه‌و شیكردنه‌وه‌ى ڕێگاكانى گه‌یشتن به‌خوداو تێگه‌یشتن لهئاستهكانى وجود، دووه‌م:دیاریكردن ودهستنیشانكردنى پێگه‌و ئامانج ورۆڵى ئینسان له‌نێو گه‌ردوون بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام مرۆڤ پرسیارگه‌لێكى گرنگ له هزریدا جوڵه بكات له‌شێوه‌ى پرسیارى له‌كوێ هاتووم؟ بۆچى هاتووم؟ بۆكوێ ده‌چم؟ هه‌ڵبه‌ته ئه‌م پرسیارانه به ڕواڵه‌ت ساده دیارن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بچینه نێودیوه مێتافیزیكیی و ئیزۆتیریكییهكهى ئه‌م سێ پرسیاره، تێ ده‌گه‌ین كه فه‌رامۆشكردنى وه‌ڵامه‌كانییان هۆكارى سه‌ره‌كى وبنهڕهتى گشت ماڵوێرانییهكانى مرۆڤى مۆدێرنن هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ى ئه‌و مه‌ینه‌تیانه یه كه ئه‌مرۆ مرۆڤ به‌ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنێ.
ئینجا ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه بۆ دیاریكردنى مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانى مۆدێرنه، هاوكارێكی باش ده‌بێت بۆ دیاریكردنى سروشتى ئه‌و ململانێیه‌ى كه ئاماژه‌تان پێكردووه. سه‌ره‌راى پێناسه جیاوازه‌كان مۆدێرنه بریتییه له موماره‌سه‌كردنى هه‌رسێ جۆرى سه‌روه‌رى لهرێگاى زانست و ته‌كنه‌لۆژیا واتا هه‌بوونى سه‌روه‌رى به‌سه‌ر سروشت وكۆمه‌ڵگا وخودى مرۆڤیش، هه‌ندێكیش مۆدێرنه بهدابڕانێكى ڕه‌ها لهترادسیۆن وه‌صف ده‌كه‌ن، یان هاوتاى ده‌كه‌ن به‌تێگه‌یشتن وخوێندنهوهیهكى سیكۆلاریستى ته‌واو بۆ كۆى گه‌ردوون وسروشت، لێره‌وه هابه‌رماس ده‌ڵێت: ״مۆدێرنه پرۆژه‌یه‌كى ته‌واو نه‌كراوه״.
به‌رمه‌بناى ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه بۆهه‌ردوو چه‌مكى ئایین ومۆدێرنه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ئاین نه‌ك له‌ململانێدا نیه ونه‌بووه له‌گه‌ڵ هیچ ته‌وژمێك، به‌ڵكو زه‌روره‌تێكى مێژویی و مه‌عنه‌ویى مرۆڤه كهڕیشهكانى ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانى خولقاندنى گه‌ردوون، به‌پێچه‌وانه‌ى مۆدێرنه‌وه كهلهدیدى من هیچ نییه جگه له هه‌ڵهاتن لهدهردێك وتوش بوون به بریینێكى گه‌وره‌تر و ئازارێكى نه‌بڕاوه له‌مێژوی به‌شه‌ریه‌ت، له ئه‌نجامی لوتبهرزییهكانی مرۆڤ بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌وه چیتر پێویست به خودا و ئایین و عه‌قڵی شهودی نییه.
ئاژانس: چۆن مۆدێرنه ئازار بووه بۆ به‌شه‌رییه‌ت؟
عەزیز یاسین: مۆدێرنه له كوێ نه‌بووەته ئازار؟ كوێ ماوه وێران نه‌بوو بێت؟ كۆی گه‌ردوونی سه‌رنجدراو له‌ژێر مه‌ترسیدایه له‌ئه‌نجامی بێحورمهتییهكانی عه‌قڵی مرۆڤ به‌رامبه‌ر خودی خۆیی وتێكڕایی سروشت، به نزیكه‌یی گشت ئایین و قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌كان كۆكن له سه‌ر ئه‌وه‌ی دوا ئامانج پێویسته به‌خته‌وه‌ری بێت، به‌ڵام له‌سایه‌ی ئه‌م هه‌موو پێشكه‌وتنه كوا به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ؟ ئه‌گه‌ر مرۆڤایه‌تی به‌خته‌وه‌ر بێت ئه‌م هه‌موو ململانێ خوێناوییانه له پێناو چ به‌رده‌وامییان هه‌یه؟ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ده‌نگی لێوه بێت، به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كانی ڕێكخراوی(WHO) ته‌نها له‌سه‌ده‌ی بیست و بیست ویه‌ك 191 ملیۆن مرۆڤ كوژراوه، كه‌زیاتر له‌نیوه‌یان هاوڵاتی سڤیل بوون، ئه‌مه جگه له‌و فۆڕمانه‌ى تر توند و تیژیی به‌رامبه‌ر كۆی چینه جیاوازه‌كان، به‌تایبه‌ت ئافره‌تان و منداڵان. گرنگترین شت بۆ مرۆڤ ته‌ندروستییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رمه‌بنای تێزی ئه‌نسرۆپۆلۆجیست (مرۆڤ‌ناس) و مێژوونووسه‌كان كه‌مێك ورد بیر بكه‌ینه‌وه، تێده‌گه‌ین كه‌به به‌راورد لەگەڵ قۆناغی پێش شۆڕشی زانستی، ته‌ندروستی مرۆڤ ئه‌مرۆ وێران بووه، به‌جۆرێك هه‌ر چاره‌سه‌رێكی پزیشكیی به‌ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌بێته ده‌ردێكی كوشنده‌تر، زۆربه‌ی ده‌رمان وچارهسهرییهكانی ئێستا ده‌ره‌نجامی پیسبوون وتێكچوونی هاوسه‌نگیی نێوان مرۆڤ و ژینگه‌ن، كه‌واته ناكرێت هیچ كه‌سێك منه‌تی ئه‌وه‌مان بهسهربكات كه‌زانستی مۆدێرن جۆره‌ها چاره‌سه‌ری داهێناوه له‌خزمه‌تی مرۆڤ، ئه‌وشته‌ی ئه‌مڕۆ زانستگهراكان به‌ناوى پێشكه‌وتنی زانستیی به‌ئێمه‌ی ده‌فرۆشنه‌وه، دوێنی مادده و خامه‌كه‌ی له‌نێو ڕۆح وقوڵایی ئۆقره‌یی ئێمه دابوو. كه‌چی بێباكانه هاتن داگیرییان كرد‌و ئێستاش به منه‌ت به‌ئێمه‌ی ده‌فرۆشنه‌وه!
ئاژانس: مرۆڤایه‌تی تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر له ڕووی ته‌كنه‌لۆژیا پێشكه‌وتووه، پێداویستییه‌كانی ژیانی به شێوه‌یه‌كی زۆرباش دابین كردووه، كه‌واته ئایین چ لایه‌نێكی ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤ پڕ ده‌كاته‌وه له‌و ڕۆژگاره؟
عەزیز یاسین: له‌كاتى ده‌ستنیشانكردنى وه‌زیفه‌ى دین كه له‌وه‌ڵامى پرسیارى یه‌كه‌مدا قسه‌مان له‌باره‌یه‌وه كرد، ده‌كرێت بڵێین ئایا پاڕادیمی نێو دونیاى ته‌كنه‌لۆژیا ده‌توانێت ببێته جێگره‌وه‌ى ئاین؟ ئایا كۆى زانست ده‌توانێت سنوره‌كانى چێژگه‌رایی تێپهربكات و بۆ یه‌ك چركه‌سات ئۆقره‌یی له‌دڵى مرۆڤ دروست بكات یاخود زیادى بكات؟ ئایا ته‌كنه‌لۆژیا ده‌توانێت گه‌شتێكى ڕۆحانى ومه‌عنه‌وى له‌نێو ناخى مرۆڤ دروست بكات به‌و جۆره‌ى له‌كۆمیدیاى دانتى و میعراجى پێغه‌مبه‌رى ئیسلام (درودى خواى له‌سه‌ربێت) سیمبولێزه كراوه وه‌ك جه‌نابی سه‌ید نه‌سڕیش ئاماژه‌ی پێده‌كات؟ بێگومان نه‌خێر، مرۆڤ لهرێگاى زانسته‌وه توانیویه‌تى تارادده‌یه‌ك فه‌زا كه‌شف بكات به‌ڵام له غیابى ئایین بۆ یه‌ك چركه ده‌توانێت گه‌شتێكى ناخى خۆى بكات و كه‌مێك ئارام بێته‌وه؟ بۆچى چه‌مكى پێكدادانى شارستانییه‌ته‌كان له‌م سه‌ده‌ی بیست و بیست یه‌ك ده‌بێته تێزى سه‌ره‌كى بیرمه‌نده‌كان؟ ئه‌گه‌ر زانست مرۆڤى به‌ره‌وپێشه‌وه بردووه یان پێداویستییه‌كانى ژیانى فه‌راهه‌م كردووه بۆچى ئاشتى نێونه‌ته‌وه‌یی و ئارامى نه‌ماوه؟ زلهێزه‌كان ئه‌وه‌ى له ته‌كنه‌لۆژیا به‌رهه‌مى ده‌هێنن هێنده‌ى بۆترساندن و له‌ناوبردنى نهیارهكانیانه ئه‌وه‌نده بۆخزمه‌تى مرۆڤ نییه.
ئاژانس: به‌ڵام ئایا له ئێستاشدا هێزه دینییه جۆراوجۆره‌كانیش به پشتبه‌ستن به‌تێزه دینییهكانیانهوه هه‌مان نائارامى و تێكدانیان له‌سه‌ر ئاستى جیهان نهخستووەتهوه؟ بۆچى هه‌ر مۆدێرنه له‌م دۆخه خراپه‌ى ئێستاى ئینسانه‌كان به به‌رپرسیار بزانین؟
عەزیز یاسین: بێگومان به‌شێكی زۆری نائارامییه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی باوه‌ڕداران جێبه‌جێ ده‌كرێن، به دیوێكی تر ڕه‌نگه ناشیرین‌ترین فۆڕمی نائارامی وتێكدانی ئۆقره‌یی دونیاى مۆدێرن له نێو گروپه دینییه‌كان خۆی نمایش بكات، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: كێ له‌پشت ئه‌م بێحورمهتییه وه‌ستاوه، ده‌قی دینی و مزگه‌وت و كڵێساكان خاوه‌نی هێز و بۆمبی ئه‌تۆمیی موشه‌كی بالیستی و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكهوانن كه‌س نه‌توانێت به‌ره‌نگارییان ببێته‌وه و ڕێگه له‌و گروپه دنییانهى نێو حه‌ره‌می ئایین بگرن یان ئه‌و زلهێزه جیهانییانه‌ی بانگه‌شه بۆ پێشكه‌وتنی زانست ده‌كه‌ن؟ به‌پێچه‌وانه‌وه، من پێم وایه هیچ كه‌س وته‌وژم و ئایدۆلۆژیایه‌ك هێنده‌ی ئایین قوربانی نه‌داوه به‌قه‌ده‌ر ئایین له ده‌ستی ئه‌م گروپانه‌ی جه‌نابت باسیان ده‌كه‌ی، یه‌ك ده‌قی ئایینی نییه هانی سه‌ربڕین وبێحورمه‌تی بدات، ئه‌وه‌ی له نێو ده‌قه‌كانی قورئان ئاماژه‌ی پێكراوه ته‌نها ڕێكخستنی جه‌نگ و ڕێسا گه‌لێكن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن نه‌وه‌ك تێزی سه‌ره‌كیی ئایین بن. ئه‌م گروپه ئایینیانه‌ی بوونه‌ته فاكهتهری سه‌ره‌كیی تێكدانی پێكه‌وه ژیان و ڕشتنی خوێن ده‌كرێت پۆڵێن بكرێن بۆ سه‌ر دوو گروپ: به‌شێكیان وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كی ناشیرین وبێمانا به‌رامبه‌ر بێحورمهتییهكانی مۆدێرنه به‌رامبه‌ر ئایین وبه سوك سه‌یركردنی باوه‌ڕداران سه‌ریانهه‌ڵداوه و دواتریش بوونه‌ته داره‌ده‌ستی هێزێكی تر، به‌شێكی تریشیان دروستكراوی ڕاسته‌وخۆی هێزی سه‌رمایه‌داریی وئیمپریالیزمیی خۆرئاوایین، كه‌وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤی داگیركاریی ڕاسته‌وخۆ به‌كار ده‌هێنرێن وبوونه‌ته سه‌ربازێكی خۆبه‌خشی ئه‌ویتر، به‌بێ ئه‌وه‌ی دركی ئه‌و ڕاستییه بكه‌ن كه‌وه‌ك ژه‌هرێكی كوشنده له دژی جوانییه‌كانی ژیان به‌كار ده‌هێنرێن. هه‌رچه‌نده دواجار هه‌ردوو گروپه‌كه هیچ نین جگه له دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی خودی ئایین وبگره ئه‌گه‌ر زیان ومه‌ترسیان له نه‌یاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حه‌ره‌می ئایین زیاتر نه‌بێت كه‌متر نییه. وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كیی ئایین پاراستنی جوانیی و پارێزگاریكردنه له ئۆقره‌یی یه‌كتر قبوڵكردن، به‌ڵام كاتێك جه‌نگاوه‌ره‌كانی ناو دۆمه‌ینی ئایین نه‌خوێنده‌واری كوێرییان ده‌كات، كۆی جوانییه‌كان له‌دیدی ئه‌وان ده‌بن به‌و ئههریمهنەی له‌نێو دڵیان باره‌گاى داكوتاوه.
ئاژانس: بۆچونێك هه‌یه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئایین مۆدێرنێزه نه‌كرێت، ناتوانێ به‌رگه‌ی پێشكه‌وتنه‌كانی مۆدێرنه بگرێت، تا چه‌ند ئه‌و دیده خزمه‌ت به ئایین ده‌كات؟
عەزیز یاسین: مۆدێرنیزه‌كردن به چ مانایه‌ك؟ بێگومان وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره ڕوونه، چونكه مرۆڤى نوێ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌چێته ژێر بارى ڕێنماییه خوداییه‌كان ده‌یه‌وێت ئایین بكاته شتێكى مرۆڤكرد، ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ش بێمانایه، به نموونه مۆدێرنیسته‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و بهمێژوییكردنى كۆى ده‌قه پیرۆزه‌كانى ئایین شتێكی تر دروست بكه‌ن به‌ناوى ئاینى مۆدێرن كه زۆر جاریش پێی ده‌ڵێن ڕۆحانییه‌ت یاخود عیرفانی مۆدێرن، به‌مه‌ش ده‌یانه‌وێت به‌ناوى ئایین قسه بكه‌ن تا ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ى كه‌ئاگادارى كه‌ره‌سته‌كانى ده‌ستى ئه‌م تاقمه نین ئاسان بتوانن باوه‌ڕ به‌بۆچوونه نادروسته‌كانیان بكه‌ن، ڕێباز‌و گروپ زۆرن كه‌كار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر له قودسییه‌ت خستنى ئایین و ده‌یانه‌وێت ئایین وه‌ك وه‌رزشێكى ڕۆحیى له‌ژیانى ده‌سته‌جه‌معى دوور بخه‌نه‌وه‌و له‌ئاستى كۆمه‌ڵگه‌دا هیچ ئه‌رزشێكى نه‌مێنێت و هه‌ریه‌كه‌یان له‌گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ئه‌م كاره ده‌كات به‌ڵام هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك شت كۆكن كه بریتییه له ״بهمرۆڤكردنى ئایین وبهخوداكردنى عه‌قڵ״ هه‌ڵبه‌ته هیچیان ڕاسته‌وخۆ ئه‌وه ناڵێن، به‌ڵام حه‌قیقه‌تی په‌یامه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه كه‌باسمان كرد له‌م حاڵه‌ته‌شدا عه‌قڵی مرۆڤی مۆدێرن خۆى وه‌ك جێگره‌وه‌ى دین سه‌یر ده‌كات و ڕۆڵى خوا له‌سه‌ر زه‌مین ده‌به‌خشێته مرۆڤ، بۆیه كاتێك ئه‌م دیوه‌ی مۆدێرنه ده‌خوێنینه‌وه هیچ خاڵێكى هاوبه‌ش له‌نێوان ئایین و مۆدێرنه‌دا نامێنێت تاكو هه‌وڵ بده‌ین یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ دووه‌میان بگونجێنین، هه‌روه‌ك بانگه‌شه‌كردن بۆ بهئایینكردنى مۆدێرنه هه‌وڵێكى پوچه چونكه ئایین ومۆدێرنه دوو شتى پێچه‌وانه‌ى یه‌كترن، بوونى یه‌كێكیان ئه‌ویتر ده‌سڕێته‌وه ! به‌ڵام زۆرجار هه‌ڵه حاڵی‌بوون وتێكهلأكردن هه‌یه له‌لای به‌شێك لهخوێنهرو ڕه‌خنه‌گرانی ئایین، به‌وه‌ی جیاوازی ناكه‌ن له نێوان دونیای هاوچه‌رخ و چه‌مكی دونیای مۆدێرن. كه‌دوو چه‌مكی ته‌واو جیاوازن، بۆیه كاتێك باسی ئایین ده‌كرێت، وا تێده‌گه‌ن تۆ ده‌ته‌وێت له جیاتی ئۆتۆمبێل و فڕۆكه پشت به گوێدرێژ و وشتر ببه‌ستی بۆ سه‌فه‌ركردن !
ئاژانس: یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی قسه‌وباسی له‌سه‌ر ده‌كرێت، عیرفانی مۆدێرنه، ئه‌و پرسه له كوردستانیش بره‌وی پێ ده‌درێت، كتێبی ئه‌و كه‌سانه ته‌رجومه ده‌كه‌ن و گرنگییان پێ ده‌ده‌ن و وته‌كانیان نمایش ده‌كه‌ن، تاچه‌ند ئه‌و جۆره عیرفانه پێداویستییه ڕۆحییه‌كانی مرۆڤ به‌رجه‌سته ده‌كات؟
عەزیز یاسین: ئه‌م دیارده‌ى عیرفانى مۆدێرن فۆڕمێكى موزهییهفى ڕۆحانییه‌ته (pseudo spiritualty) و هه‌وڵێكه بۆ ئه‌وه‌ى مۆدێرنیسته‌كان كه‌مێك ئه‌و فه‌ڕاغه ده‌روونییه‌یان پڕبكه‌نه‌وه كه له ئه‌نجامى ده‌ستبردن بۆ پره‌نسیپه‌كانى ئایین دروست بووه، ئه‌وه‌ى ئاشنایی هه‌بێت له‌گه‌ڵ مێژوو و چه‌مكى عیرفان، به‌باشى ئه‌و ڕاستییه د‌رك پێ ده‌كات كه عیرفان ته‌نها ناوێكى بێناوه‌ڕۆك نییه، به بڕواى من ئه‌وه دیارده‌یه‌كى چاوه‌ڕوانكراوه له‌سه‌رئاستى جیهانى و ناوخۆیی، چونكه وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێدا مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكى تاك ڕه‌هه‌ند نییه و ته‌نها له‌رێگه‌ى شته ماددییه‌كان ناتوانێت ئۆقره‌یی و به‌خته‌وه‌ری مسۆگه‌ر بكات، كاتێكیش جیهانى مۆدێرن مرۆڤ له‌گشت به‌ها مه‌عنه‌ویه‌كان دوورده‌خاته‌وه مرۆڤ توشى كۆمه‌لێك گرێى ده‌روونى ئازاربه‌خشی ئه‌وتۆ ده‌بێت كه‌ناتوانێت چێژ له‌هیچ وه‌ربگرێت، بۆیه ناچاره په‌نا بباته به‌ر شتێكى تر وژیانێكى تر ئه‌زموون بكات، لێره‌وه جۆره عیرفانێك دروست ده‌بێت كهباوهڕى به‌وته وبۆچوون ونووسینه‌كانی مه‌ولانا هه‌یه به‌ڵام قورئان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، ئۆشۆ یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ى خه‌ڵكى ئێمه پێى سه‌رسامن به‌ڵام ئه‌ویش دواجار یه‌كێكه لهپێشهواكانى عیرفانى موزه‌ییه‌ف، ئۆشۆ ستایشى ئیمامى غه‌زالى ده‌كات به‌ڵام پێغه‌مبه‌رى ئیسلامی قبوڵ نییه!
ئاژانس: سه‌له‌فییه‌ت هه‌میشه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات، كه میراتگری توراسی ئیسلامییه، ئایه سه‌له‌فییه‌ت ده‌ركه‌وتێكی مۆدێرنه، یان میراتگری توراسی ئیسلامییه؟
عەزیز یاسین: میراتگرتنی توراسی ئیسلامی ته‌نها بانگه‌شه‌یه‌كی ئاسان نییه، سه‌لماندنی ئه‌م شته پێویستی بهئارگیومێنتی واقیعی و ژیاریی هه‌یه، وه‌ك ده‌زانین سه‌له‌فییه‌تیش به‌لانی كه‌م دوو فۆڕمی هه‌یه، ئه‌م جیهانبینییه له‌لای ئیمامی ئه‌حمه‌د و ئیبن تهمییه شتێكه و له لای موحه‌مه‌دی كوڕی عبدولوه‌هاب شتێكی تره، هه‌رچه‌نده گروپی دووه‌میان له‌گشت بۆچوونه‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ قوتابخانه‌ى حه‌نبه‌لی و تهیمهوییهكان، بۆیه ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر قۆناغی یه‌كه‌م و سه‌رهه‌ڵدانی سه‌له‌فییه‌ت بكه‌ین ناتوانین بیبه‌ستینه‌وه به دونیای مۆدێرن، به‌ڵام سه‌له‌فییه‌ت له‌فۆڕمی وه‌هابیزم، بێگومان هێنده‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ویست وعه‌قڵی هێزه باڵاده‌سته‌كانی دونیای مۆدێرنه، بهچواریهكی ئه‌مه پێوه‌ندیی بهژیارو مێژووی فیكریی وفهلسهفیی ئایینهوهنییه، هه‌ركه‌سێكیش مێژووی دامه‌زراندنی سعودییه وسهرههڵدنی وه‌هابیزم بخوێنێته‌وه ئه‌م ڕاستییه‌ی بۆمه‌علوم ده‌بێت، كهواتهسهلهفییهت به‌م فۆڕمه‌ی ئێستای ئامرازێكی به‌هێزی ده‌ستی مۆدێرنه‌یه بۆخهریككردنی باوه‌ڕداران به‌هه‌ندێك پرسی ڕواڵه‌تی وفه‌رامۆشكردنی دیوی ئیزۆتێریكیی״ باتینی״ ئایین، پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم من باوه‌ڕم به تیۆریی پلانگێڕیی نییه وپێم وانییه ئه‌وه ته‌نها خۆرئاوایه كه‌وه‌ك تاكه هێز له پشت ئه‌م ماجه‌رایه وه‌ستاوه وكۆمه‌كی وه‌هابیزم ده‌كات، چونكه به‌شێكی زۆری به‌رپرسیارێتی دیارخستنی پووچگه‌رایی سه‌له‌فییه‌ت ده‌كه‌وێته سه‌رشانی خودی باوه‌ڕدارانی دونیای ئێمه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى خۆیان به خه‌مخۆری ئایین ده‌زانن ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێن كهڕیفۆرمیسته ئایینییه‌كانیش به‌شێكی زۆر له به‌پرسیارێتی ئه‌م دۆخه هه‌ڵده‌گرن چونكه زۆرجار سه‌له‌فییه‌ت په‌رچه‌كردارێكی ڕاسته‌خۆی ئه‌و بێحورمهتییانهیه كه‌له‌سه‌ر ده‌ستی نوێگهراكان به‌رامبه‌ر ئایین ده‌كرێت وده‌یانه‌وێت به‌پشت به‌ستن بهكهرهستهى خۆرئاوایی مامه‌ڵه لەگەڵ ترادسیۆنی ئایینی خۆرهه‌ڵاتی بكه‌ن، كه‌ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ی سه‌له‌فییه‌ت مه‌ترسیداره بۆ خودی ئایین و ژیانی باوه‌ڕدارانیش له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ئاژانس: تا چه‌ند له كوردستان ململانێی ئایینداران و مۆدێرنستهكان بوونی هه‌یه؟
عەزیز یاسین: ده‌كرێت بڵێین كه له وڵاتی ئێمه له‌سه‌ر ئاستی فیكریی ململانێكه هێنده به‌هێز نییه كه‌بتوانین به‌راوردی بكه‌ین به‌وڵاتانی تر، بۆ نموونه ئێران یاخود میسر، چونكه هیچ كام له‌ته‌وژمی مۆدێرنیسته‌كان وگوتاریی دینی باڵاده‌ست- سه‌له‌فییه‌ت- خاوه‌نی ئارگیومێنت و دیدی سه‌ربه‌خۆی خۆیان نین، یه‌كه‌میان له خۆرئاوا‌و له ده‌ستی دووه‌م وسێیه‌م و فه‌ریكه تێز هاورده ده‌كات وله زمانی دووه‌م وسێیه‌م خوێندنه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ده‌كه‌ن، گروپی دووه‌میشیان به پشت به‌ستن به فه‌توای چه‌ند نیمچه خوێنده‌وارێكی عه‌ره‌بستان ده‌یانه‌وێت دونیا له‌به‌رچاوی مرۆڤی كورد ناشرین بكه‌ن و هیچ هیوا و ئومێدێكی بۆ نه‌هێڵنه‌وه. بۆیه ناكرێت بڵێین ململانێیه‌كی جدیی هه‌یه له نێوان ئه‌م دوو جیهانبینییه‌دا.