لە وەستاندنی هێرشەكانی توركیا دڵنیای كردوونەتەوە
ئاژانس
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو 24/12 وەفدێكی سەربازیی ڕوسی لەگەڵ هەریەكە لە پارتی یەكێتیی دیموكرات ״پەیەدە״ و یەكینەكانی پاراستنی گەل ״یەپەگە״ لە نبکەی سەربازی حمێمیم-ی سوریا كۆ بووەتەوە، ئەگەرچی بڕیار بووە هاوپەیمانیەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سوریا ״ئەنەكەسە״ لە كۆبوونەوەكە بەشدار بێت، بەڵام ئامادە نەبووە، بە پێی زانیارییەكانیش ڕوسیا پەیەدە و یەپەگەی دڵنیا كردوونەتەوە لە وەستانی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە چەند سەرچاوەیەكی بەرپرسی پەیەدەوە دەستی كەتووە، شاندێكی ڕوسیا كە پێك هاتبوون لە ژمارەیەك ژەنەڕاڵی سەربازی، لەگەڵ نوێنەری پەیەدە و یەپەگە لە بنکەی سەربازی حمێمیمی سوریا كۆ بوونەوە و ئامانجی كۆبوونەوەكەش چەند تەوەرێك بووە كە گرنگترینیان هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بووە كە بە هۆیانەوە سەدان خێزان ئاوارە بوون و بە دەیان كەسی تر شەهید بوون.
لە كاتێكدا كۆنتڕۆڵكردنەوەی ڕەققەی پایتەختی داعش لە لایەن سوپای سوریای دیموكرات بە سەركردایەتیی یەپەگە دەستی پێ كردووە، توركیا هێرشەكانی بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێ كردووە، یەپەگەش نیگەرانە و دەیەوێت هێزەكانی لە ڕەققە بكشێنێتەوە.
بە پێی زانیارییەكان كە لە ״پەیەدە״وە دراون بە ״ئاژانس״، شاندەكەی پەیەدە و یەپەگە لەو كۆبوونەوەیەدا بە ڕوسەكانیان ڕاگەیاندووە ئەگەر سوپای توركیا لە هێرشەكانی بۆ سەر باب و ناوچەكانی تری جەرابلووس و منبەج بەردەوام بێت ئەوان لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی ڕەققە دەكشێنەوە و هێزەكانیان بۆ شەڕكردن لە دژی توركیا ڕەوانەی ئەو ناوچانە دەكەن.
لە بەرانبەردا ڕوسیا بەڵێنی ئەوەی پێ داون كە سنوورێك بۆ هێرشەكانی توركیا دادەنێن و پێشڕەوییەكانی ئەو وڵاتە دەوەستێنن.
سیهانۆك دیبۆ، ڕاوێژكاری هاوسەرۆكایەتیی پەیەدە بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، لەسەر داوای پەیەدە كۆبوونەوەكە لەگەڵ بەرپرسەكانی ڕوسیا ڕێك خرا بۆ گەیاندنی نیگەرانی كورد بوو لەسەر پێشڕەوییەكانی سوپای توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان״.
دیبۆ وتیشی: ״داوامان لە ئەمەریكاش كردووە چیتر قبووڵی ناكەن توركیا هێرش بكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و گەلی كورد لە باب و ناوچەكانی تر بكوژن و ئاوارە بكەن.״
ئەگەرچی بۆ ئەو كۆبوونەوەیە هەموو پارتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بانگهێشت كرابوون بە ئەنەكەسەشەوە، بەڵام ئەوان كۆبوونەوەكەیان ڕەت كردەوە.
بڕیار بوو ڕۆژی 17ی ئەم مانگە، ڕوسیا لە دیمەشق لەگەڵ پارتەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆ ببێتەوە، بەڵام لەو كۆبوونەوەیەدا تەنها پارتەكانی سەر بە ئەنەكەسە بەشدار بوون و پەیەدە بەشداری نەكرد.
״ئەنەكەسە ئەوەی بە ڕوسیا وتبوو كە پەیەدە سەركردەكانیان دەستگیر دەكات و ڕێگە بە خۆپیشاندانەكانیان نادات، ئێمەش دەمانزانی ئەوان ئەو گلەییانە دەكەن و بۆ ئەوەی لەبەر چاوی ڕوسیادا گلەیی لە یەكتر نەكەین نەچووینە ئەو كۆبوونەوەیەوە.״ سیناهۆك دیبۆ وتی.
پەیەدە پێشبینی دەكات بەشدارنەبوونی ئەنەكەسە لە كۆبوونەوەكەی بنکەی سەربازی حمێمیم پەیوەندیی بە ئامادەنەبوونی پەیەدەوە هەبووبێت لە كۆبوونەوەكەی شاری دیمەشقدا.
بارودۆخی ئێستا و داهاتووی سوریا و بەشداریی كورد لە كۆنگرەی داهاتووی جنێف تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەی شاندی ڕوسیا و كورد بووە.
هەر بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ پەیەدە مەترسیی خۆی لە كشانەوەی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە حەلەب گەیاندووەتە ڕوسیا و داوایان كردووە كە ڕێگری بكەن لە هێنانی ئەو هێزەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناوچە كوردییەكان و شەڕپێكردنیان لە دژی كورد.