ئاژانس- ئارام مەحموود ئەحمەد
بزاڤی چاکسازی و گەشە دوای ئەوەی لیستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2013 بە پێی ئەو داتایانەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاوی کردەوە تەنها (1323) دەنگی هێنا و سەرکەوتوو نەبوو هیچ کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان بە دەست بێنێت، لە شاری هەولێر وەكو حزبێكی سیاسی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستا مۆڵەتیان لە حكوومەتی هەرێم وەرنەگرتووە.
لە بارەی مۆڵەتی بزاڤەکەوە، محەمەد بازیانی ڕێکخەری گشتیی بزاڤی چاکسازی و گەشە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״تا ئێستا بە ڕەسمی لەسەر کاغەز مۆڵەتمان بە دەست نەگەیشتووە، بەڵام مومارەسەی تەواوی كاری خۆمان دەکەین. هەموو ڕێوشوێنێکی یاساییمان تەواو کردووە و تەنیا هەندێک کاری ڕۆتینی ماوە״.
گرفتە ناوخۆییەکان و کشانەوەی بەشێک لە ئەندامان
لە سەرەتای درووستبوونی لیستی چاکسازی و گەشە و دوای ئەوەی لیستەکە نەیتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بە دەست بێنێت، ژمارەیەک لە ئەندامانی لیستەکە کشانەوە، کە بەشێکیان ڕەخنەی توندیان لە چاکسازی و گەشە و ڕێکخەرەکی هەیە.
د. عەبدولفەتاح ئەندامی لیستەكە بوو، هۆکاری کشانەوەی لە لیستەکە دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی بەرچاوی ڕوون نەبووە و بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، ״بەر لە کێشە ناوخۆییەکان وازم لێ هێنا، چونکە بەرچاو ڕوون نەبووم״. لای خۆیەوە هیوا جەعفەر ئەندامی پێشووی ڕەخنە لە چاکسازی و گەشە دەگرێت و دەڵێت: ״ئەو ڕەخنەیەی لە لیستەکە هەمبوو ئەوە بوو، کە من بەرپرسی پەیوەندییەکان بووم و دەبوو پەیوەندییەکان لە ڕێگەی منەوە بێت، بەڵام هەستم کرد وەک بەشی پەیوەندییەکان پشتگوێ خراوین و سەردانی چەند حزبێک کراوە و ئێمەی لێ ئاگادار نەکراوینەوە״.
خاڵێکی تر کە بووەتە هۆی کشانەوەی هیوا جەعفەر بە وتەی خۆی ئەوە بووە، کە ״خەڵکانێک دەهاتنە ناو لیستەکەوە و دەبوونە کاندید، ئێمە نەماندەزانی ئەو کەسانە کێن، ئەمەش لە کاتێکدایە دەبوو هەموو ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری لیستەکە بزانن ئەو کەسە کێیە دێتە ناو لیستەکە و کاندید کراوە. تا مانگێک بەر لە هەڵبژاردنەکانیش چەندین کەسی نوێ لە لیستەکەدا کاندید کرابوون، ئێمە نەماندەزانی کێن״.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە ئەوە کرد، کە ״ئەو لیستە لەسەر ڕێڕەوی خۆی لای داوە و تەنیا بەناو چاکسازی بوو، چونکە چاکسازی وا نابێت تۆ خەڵکی خۆت پشتگوێ بخەیت، هەروەها هیچ پارت و ڕێکخراوێک نابێت دەستەی دامەزرێنەران پشتگوێ بخات، بەڵام هیچ کاتێک سەرۆکی لیستەکە ناوی دەستەی دامەزرێنەرانی نەدەهێنا، بەڵکو ناوی چەند کەسێکی دیاریکراوی دەهێنا״.
هیوا جەعفەر لە درێژەی گلەییەكانیدا وتی: ״لە سلێمانی د. عەبدولفەتاح و مەلا محەمەد پێنجوێنی وا هەست دەکەم ستەمیان لێ کراوە، بە هۆی نادیاریی ئایدۆلۆژیا و سەرچاوەی داراییەوە ناپاکییان لەگەڵدا کرا. ئەوان لە هەر لیستێکی تردا بوونایە دەنگیان دەهێنا، بەڵام لەبەر ئەوەی خەڵک نەیدەزانی ئەم لیستە ئایدۆلۆژیا و بەرنامەی چییە و سەر بە چی وڵاتێکە و پشتیوانیی داراییان کێیە؟ لەبەر ئەوە دەنگیان نەهێنا״.
لە بارەی کشانەوەی ئەندامانی چاکسازی و گەشە بازیانی وتی: ״هەر کەسە و پاساوی خۆی هەبوو، چونکە ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا وەک پێویست دەنگمان نەهێنا و سکاڵامان لەسەر ئەنجامی ژماردنی دەنگەکان تۆمار کرد. لە کوردستان هەڵبژاردن شەفاف نییە، ئێمە بەنیاز بووین کورسی بە دەست بێنین. پاشان کۆمەڵێک لەو هاوڕێیانەی لەگەڵماندا بوون، بۆ لیستەکە لەگەڵماندا بوون نەک حزب، چونکە هەندێک لەوانەی لەگەڵماندا بوون هیچ بڕوایان بە حزبایەتی نەبوو، چونکە ئەگەر باوەڕیان بە حزب هەبوایە لەگەڵ حزبی تر بەشدار دەبوون. لەبەر ئەوە کاتێک ئێمە بڕیارمان دا ببین بە حزب ئەوان باوەڕیان وا نەبوو بەشدار بن״.
پاڵپشت و سەرچاوەی دارایی نادیار
هەموو حزب و ڕێکخراوێک کە درووست دەبێت پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی بۆ بەردەوامیی کارەکانی هەیە، ئەمەش بۆ لیست و بزاڤی چاکسازی و گەشە ڕاستە و دەوترێت تورکیا و پارتی دیموکرات یارمەتیی دارایی ئەم بزاڤە دەدەن، بەڵام محەمەد بازیانی ڕێکخەری بزاڤەکە ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
لە بارەی پاڵپشتیی دارایی ئەو بزاڤەوە د. عەبدولفەتاح وتی: ״ئەوانەی لە سلێمانی بووین هیچ پشتیوانییەکی داراییمان وەرنەگرتووە، بەڵام ئەگەر بەرپرسەکە، سەرۆکەکە شتێکی وەرگرتبێت ئێمە ئاگادار نین״. هەر لەو بارەوە مەلا محەمەد پێنجوێنی ئەندامی پێشووی لیستی چاکسازی و گەشە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لە کاتی هەڵبژاردنی ساڵی 2013 کە ئەو لیستە بۆ بەشداری لە پەرلەمان درووست بوو، بڕیار بوو هەرکەسە تێچووی ڕیکلامەکانی خۆی بیکات، لەو کاتەدا لە هەولێر محەمەد بازیانی ئەنجوومەنێکی دارایی بۆ شاری هەولێر درووست کردبوو، بڕیاریش بوو هەموو پارێزگایەک ئەنجوومەنی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ خەرجییەکانیان״.
لە بارەی ئەوەی دەوترێت تورکیا و پارتی دیموکرات پاڵپشتیی دارایی بزاڤی چاکسازی و گەشە دەکەن، پێنجوێنی وتی: ״ئاگاداری ئەو کەینوبەینانە نیم کێ پاڵپشتی دارایی دەکات، ئێمە وەک پارێزگای سلێمانی بە پاکی کردمان، بەڵام بازیانی سەردانی تورکیای کردووە״.
هەر لەو بارەیەوە هیوا جەعفەر وتی: ״هەست دەکەم ئەگەر لە ڕووی ئایدۆلۆژیای لیستەکەوە هەستی پێ بکەیت لەوانەیە سەرچاوەی داراییەکەیت بۆ ڕوون بێتەوە، لیستەکە (گەشە)یە و ئەو ناوە لە کوێوە هاتبێت سەرچاوەی داراییەکەش لەوێوە هاتووە، هەرچەندە من نامەوێت بوختان بە کەس بکەم، بەڵام لە ڕووی سەرچاوەی داراییەوە هیچ شتێک ئاشکرا نەبوو، لەبەر ئەوە زانیاریم نییە.״
وەک ناوبراو ئاماژەی پێ کرد لەگەڵ ناوی (چاکسازی و گەشە) نەبووە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە، کە لە داد و گەشەپێدانی تورکیاوە نزیک بووە، وەک بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان ئاگاداری یەکەم سەردانی محەمەد بازیانی وەک سەرۆکی لیست بۆ تورکیا نەبووە.
محەمەد بازیانی ڕێکخەری بزاڤی چاکسازی و گەشە سەبارەت بە سەرچاوەی دارایی وتی: ״حزبە تەقلیدییەکان بە تایبەتی حزبە بچووکەکان کە تازە درووست دەبن سەرچاوەی دارایی یەکێک لە گرفتە گەورەکانیانە، بەڵام کاری ئێمە وەک بزاڤی چاکسازی و گەشە کارێکی خۆبەخشانەیە و پشتمان بە خۆمان بەستووە، ئەمە شتێکی تازەیە، چونکە ئێمە بارەگای زۆرمان نییە بۆ ئەوەی تێچوونێکی زۆر بکەوێتە سەرمان.״ بەڵام بازیانی ڕەتی کردەوە تورکیا پاڵپشتیی داراییان بکات و ڕایگەیاند: ״ئەوە قسەگەلێکی بێبنەمایە و لە کوردستان قسە زۆر دەکرێت، بەڵام ئێمە تەحەدای هەموو لایەنێک دەکەین و ئێمە خۆڕسکین لە کوردستان.״
لە بارەی ئەوەی ئایا دۆستایەتیی بزاڤی چاکسازی و گەشە لەگەڵ تورکیا پاڵپشتیی داراییشی لەگەڵدایە؟ بازیانی وتی: ״ئێمە دۆستی سەرجەم پارتەکانین لە تورکیا و لە هەر وڵاتێکی تر بێت. ئەوان ئەزموونێکی سەرکەوتوویان هەیە״.
گرفتی دارایی و بڕیاری دادگا
محەمەد بازیانی گرفتی دارایی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی هەبوو. ئەندامێکی لیستەکەش ڕایگەیاند، کە سکاڵای لەسەر ناوبراو تۆمار کردووە، بەڵام نەیتوانیوە لە دادگا سکاڵاکە بباتەوە.
مەلا محەمەد پێنجوێنی کە ئەندامی لیستی چاکسازی و گەشە بووە، بۆ ״ئاژانس״ باسی لە تۆمارکردنی سکاڵاکەی کرد و وتی: ״لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا هاتن شتێک پارەیان وەرگرت، کە دوای هەڵبژاردنەکان بیدەنەوە و بە شایەتیی د. عەبدولفەتاح و دکتۆر نایف و چەند برادەرێکی تر بڕیار بوو ئەو پارەیە هەولێر وەک قەرز لە سلێمانی وەرگرێت״.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا وتی: ״دوای هەڵبژاردنەکان بە محەمەد بازیانیم ڕاگەیاند، تۆ بەڵێنێکت دابوو، ئەویش وتی بەسەرچاو پەلە مەکە ئینشائەڵڵا دەیدەینەوە، ئیتر هەر ئەو ئینشائەڵڵایە بوو کە کردی״.
هۆکاری سکاڵاکەشی لە دادگا بۆ ئەوە گێڕایەوە، کە بازیانی پێی وتبوو: ״بڕۆ چیت لە دەست دێت بیکە، بڕۆ سکاڵام لەسەر تۆمار بکە״. پێنجوێنی وتیشی: ״ئێمە لەسەر داوای خۆی چووین سکاڵامان لەسەر تۆمار کرد. بەڵام دوای چەند دانیشتنێکی دادگا هات و سوێندی خوارد من ئەو پارەیەم وەک قەرز وەرنەگرتووە و بۆ لیستەکە خەرجم کردووە. دیار بوو ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نەبوو، چونکە ئەگەر وا بوایە دەبوو دینارێکی بۆ ئێمەش خەرج بکرایە. ئەوە هەر من نیم، برادەرانی تریش لەو لیستەدا هەبوون هیچی بۆ خەرج نەکردوون. ئیتر پارەکەی برد و ڕۆیشت، ئیتر خۆی و خوای خۆی، چونکە هیچ وەسڵێکی خەرجیی نەبوو، کە بڵێت من پارەکەم بۆ ئەم شتانە خەرج کردووە״.
بۆ وەڵامی ئەم وتانەی پێنجوێنی، بازیانی لە وەڵامی ڕۆژنامەی ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو سکاڵایە لەسەر من و دکتۆرێک بوو، بەڵام پارێزەرەکەی ئێمە بەڵگەکانی خۆی پشکەش کرد و بردییەوە. مەلا محەمەد دەستبەسەریش کرا، چونکە کارێکی نایاسایی کرد و لەناو دادگادا گرتەی ڤیدیۆیی تۆمار کرد و دادوەریش فەرمانی ڕاگرتنی دەرکرد״.
بازیانی ڕەتی کردەوە پارەی پێ درابێت و وتی: ״پارە بە ئێمە نەدراوە بەڵگەشمان ئەو بەڵگانە بوون، کە بۆ دادگامان بردن، کە ئەو پارەیەی بۆ لیستەکە داوە وەک هەموو ئەندامەکانی تر. پارەکە بە کەسی نەدرابوو بە ئێمە، بەڵگەکانیش سەلمێنەر بوون و لە دادگاش سکاڵاکەی نەبردەوە״.
حزبێك بێ ئایدۆلۆژیا
یەکێک لەو خاڵانەی هیوا جەعفەر لە بارەی لیسەتەکەوە باسی دەکات بریتی بووە لە ئایدۆلۆژیا و وتی: ״ئایدۆلۆژیا زۆر گرنگە، بەڵام ئایدۆلۆژیای ئەو لیستە دیار نەبوو. نەماندەزانی ئەم لیستە ئیسلامییە، یان عەلمانییە، یان چییە؟ هەروەها نەماندەزانی کێ پاڵپشتی دارایی ئەو لیستە دەکات. دەمویست لیستەکەمان کوردستانی و هەڵقوڵاوی کوردستان بێت و لە لایەن هیچ وڵاتێکەوە پشتیوانی نەکرێت، لە لایەن خەڵکێکەوە یاریمان پێ بکرێت، چونکە ئێمە وا درووست ببووین بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان، نەک بۆ شتی تر״.
بەڵام محەمەد بازیانی ڕایەکی تری هەیە و دەڵێت: ״بزاڤی چاکسازی و گەشە وەک لەو بڵاوکراوانەی بڵاومان کردوونەتەوە، لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون پێک هاتووە. واتا ئێمە گرنگی بە هاووڵاتی دەدەین. لای ئێمە حزب واتا خزمەتکاری. ئەندامانیشمان جیاجیان، هەیانە پابەند بە ئایینەوە و هەمانە نییەتی، بەڵام گرنگ ئەوەیە هاووڵاتییە ئێمە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون کار دەکەین״.