هاووڵاتیانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌و گرووپه له ده‌وروبه‌رى كه‌ركوك به ڕێگایه‌كی ئه‌سته‌مدا خۆیان ده‌گه‌یەننه پێشمه‌رگه
ئاژانس | ڕاپۆرتى: شاڵاو محه‌مه‌د
كچه ته‌مه‌ن پێنج ساڵانهكهمی به باوه‌شه‌وه بوو، پێی نا به بۆمبێك و خۆى و دوو منداڵم گیانیان له ده‌ست دا
دوو ساڵ تێپه‌ڕى به‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى به‌شێكی به‌رفراوان له قه‌زا و ناحیه‌كانى باشوور و خۆرئاواى كه‌ركوك له لایه‌ن ڕێكخراوی داعشه‌وه، به‌ڵام دانیشتووانه‌كه‌ى به هۆى سزا تونده‌كانى ئه‌و ڕێكخراوهوە ڕۆژانه ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و گرووپه به‌جێ ده‌هێڵن، بۆ ئه‌وه‌ش ناچارى گرتنه‌به‌رى ڕێگایه‌كن كه ڕووبه‌ڕووى مه‌رگیان ده‌كاته‌وه.
له به‌دواداچوونێكى ״ئاژانس״دا ده‌ركه‌وتووه، دانشتووانى قه‌زا و ناحیه‌كانى كه‌ركوك كه ماوه‌ى دوو ساڵه كه‌وتووەته ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعشه‌وه، به پاره به ڕێگاى قاچاغ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش هه‌ڵدێن و خۆیان ده‌گه‌یەننه ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه. به وته‌ى به‌شێك له ئاواره‌كان له كاتی نزیكبوونه‌وه‌یان هێزه‌كانى پێشمه‌رگه چه‌كه‌كانیان داده‌نێن و ده‌یانگوازنه‌وه بۆ ناوچه ئارامه‌كانی ژێر ده‌ستی خۆیان.
ناحیه‌ى حه‌ویجه‌ى زۆرینه عه‌ره‌بی سوننه‌ى باشوورى ڕۆژئاواى كه‌ركوك، دیارترین ئه‌و ناوچانه‌یه كه داعش به دهستیهوهیهتى، كه جاربه‌جار دانیشتووانه‌كه‌ى له پشت ئه‌و گرووپه‌وه هه‌ڵدێن و پەنا بۆ شارى كه‌ركوك دەبەن.
ئه‌و ڕێگایه بۆ دانیشتووانى ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستى داعش ئاسان نییه، جگه له مه‌ترسیى دهستگیركردینان كه ڕووبه‌ڕووى كوشتن ده‌بنه‌وه، بۆمبه چێنراوه‌كانى داعش‌یش له‌و ڕێگاى هاتونههاتهى ده‌یگرنه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى تره له‌سه‌ریان.
عه‌باس جبوورى (43 ساڵ) تاڵهمووهكانى سه‌رى ته‌واو سپى بووه، كه هه‌ڵهاتنى له‌ژێر ده‌ستى داعش به یه‌كێك له تاڵترین بیره‌وه‌رییه‌كانى ژیانى ده‌زانێت. ئه‌و كه خێزانداره و پێنج منداڵى هه‌یه، شه‌وى 12ـى تهمووز له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی، به نهێنی له‌گه‌ڵ قاچاغچییه‌كان به‌ڕێ ده‌كه‌وێت و حه‌ویجه به‌جێ ده‌هێڵێت و به‌ره‌و سنووره‌كانى پێشمه‌رگه هه‌ڵدێت، به‌ڵام له ڕێگادا ژنەكهی و دوو منداڵى له ده‌ست ده‌دات.
عه‌باس جبوورى به ״ئاژانس״ى وت: ״به بڕى دوو ملیۆن دینارى عێراقى له‌گه‌ڵ كه‌سێك ڕێك كه‌وتین كه خه‌زوورى براكه‌م بوو، له حه‌ویجه‌وه به پێ به‌ڕێ كه‌وتین، به دوو ڕۆژ گه‌یشتینه نزیك گوندى مه‌لا عه‌بدوڵڵا له باشوورى ڕۆژئاواى كه‌ركوك، به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌م كه كچه ته‌مه‌ن 5 ساڵانهكهمى به باوه‌شه‌وه بوو، پێی نا به بۆمبێك و خۆى و دوو منداڵم گیانیان له ده‌ست دا״.
جبووری به ده‌م گریانه‌وه وتى: ״به هۆى ئه‌وه‌ى له لایه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه ته‌قه‌یه‌كى زۆرمان لێ كرا، نه‌متوانى بگه‌ڕێمه‌وه و بۆ لاى خێزانه‌كه‌م و به‌جێم هێشتن״.
ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش به‌جێ ده‌هێڵن، له قه‌زای حه‌ویجه و ناحیه‌كانی زاب و ڕه‌شاد و ڕیاز و عه‌باسی و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری پێك هاتوون.
هاجه‌ر سه‌عدوڵڵا (27 ساڵ) تا ئێستاش سزاكانى داعشى بیر ناچێته‌وه كاتێك له‌ژێر ده‌ستى ئه‌و گرووپه‌دا چی‌یان به‌سه‌ر بردووه به‌ر له‌وه‌ى هه‌ڵبێت، ئه‌و به ״ئاژانس״ى وت: ״29 كه‌س له خانه‌واده‌كه‌م له گوندی بهرمولهى نزیك حه‌ویجه بڕیارمان دا به‌ره‌و گوندى ئهلبوومحهمهد كه لەژێر ده‌ستى پێشمه‌رگه‌دایه هه‌ڵبێین، چونكه دوو برام به‌بێ هیچ پاساوێك بێسه‌روشوێن كران״.
هاجه‌ر سه‌عدوڵڵا ئێستا له كەمپى لهیلانى سه‌ر به پارێزگاى كه‌ركوك نیشته‌جێ بووه، هه‌موو كات چاوه‌ڕێى كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانیانه تاوه‌كو جارێكى تر بگه‌ڕێته‌وه ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كه گوشارى داعش ناچاری كردن جێی بهێڵن״.
به پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له ده‌زگاى هه‌واڵگریى پێشمه‌رگه‌وه له محیوهرى كه‌ركوك ده‌ستى ״ئاژانس״ كه‌وتووه، ماوه‌ى ساڵێكه هه‌ڵهاتن له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش ڕوو له زیادبوونه، بۆ گه‌یشتنیشیان به سنووره‌كانى هێزى پێشمه‌رگه، دوو ڕێگا هه‌یه بۆ هه‌ڵاتن له‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدان، ڕێگایه‌كیان داعش ڕێگه‌ى پێ ده‌دات بۆ خه‌ڵكى سه‌رووى 55 ساڵ، كه ئه‌ویش ده‌بێت دوو مه‌رجى تێدا بێت، یه‌كه‌م كارمه‌ندى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان نه‌بووبێت و بڕى یه‌ك ملیۆن دیناریش بداته والیى ناوچه‌كه.
ڕێگای دووه‌میش بۆ هه‌ڵاتن له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش به ڕێگاى ״مه‌رگ״ ناو دەبرێت، كه ڕێگه‌ی قاچاغه و قاچاخچییه‌كان به بڕى دوو ملیۆن دینار نزیك به سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌یان ده‌كه‌نه‌وه.
له نوێترین ڕووداوى ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبى چێنراوى داعش به ئه‌و هاووڵاتیانه‌ى ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش به‌جێ ده‌هێڵن، 25ـى ته‌مووزى ئه‌مساڵ بوو، كاتێك محه‌مه‌د سه‌عید و خانه‌واده‌كه‌ى له قه‌زاى حه‌ویجه‌وه به‌ره‌و قه‌زاى داقوق (26 كیلۆمه‌تریی باشووری كه‌ركوك) هه‌ڵهاتن، به هۆى ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبێكى چێنراو له نزیك گوندى ئهلبوومحهمهدەوە، محه‌مه‌د گیانى له ده‌ست دا و هاوسه‌ره‌كه‌ى به ناوى نهعیعه و منداڵه‌كانی به ناوه‌كانی ئه‌یمه‌ن (3 ساڵ) و ئیسرا (5 ساڵ) و هاجه‌ر (8 مانگ) بریندار بوون.
لیوا محه‌مه‌د حاجی قادر به‌رپرسی میحوه‌ری داقوقی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه به ״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند: ״به‌رده‌وام خێزانه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعش ناوچه‌كانیان به‌جێ ده‌هێڵن، چونكه بۆیان ده‌ركه‌وتووه ژیان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعشدا دۆزه‌خه.״
هه‌ر خێزانێك بگاته سنوورى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه، له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ئاسایشى یه‌كێتى و پارتىیەوە لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، تاوه‌كو دڵنیا ببنه‌وه له‌وه‌ى هیچ تاوانێكى ئه‌نجام نه‌داوه، یان داواكراوى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان نه‌بێت.
كه‌مال كه‌ركوكى به‌رپرسى میحوه‌رى ڕۆژئاواى كه‌ركوكى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه به ״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند: ״مافى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه لێكۆڵینه‌وه له‌و هاووڵاتیانه بكات كه له ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى داعشه‌وه خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه سنووره‌كانى پێشمه‌رگه، تاكو له ئهستۆپاكیى ئه‌و هاووڵاتیانه دڵنیا بینه‌وە.״