״دواى مانگێك ڕیفراندۆم گیانی له ده‌ست دا״
ئاژانس – سه‌رچین ساڵح
״ئه‌لفاتیحه به بۆنه‌ى سڕكردنى ڕیفراندۆم و مرداربوونه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى بارزانى، پرسه و سه‌رخۆشیى خۆمان ڕاده‌گه‌یه‌نین.״ به‌م شێوه‌یه حاجى ئومێد له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیى فه‌یسبووك ڕه‌خنه‌ى له‌و بڕیاره گرتووه كه له (25)ى مانگی ڕابردوودا حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ری كرد.
دواى بڕیارى سڕكردنى ڕیفراندۆم له لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، كاردانه‌وه‌ى هاووڵاتییانى له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێ كه‌وته‌وه و به‌كارهێنه‌ران به شێوه‌ى جیاواز و به ته‌نزه‌وه باسى ئه‌و بڕیاره‌یان كرد.
دواى تێپه‌ڕبوونى یه‌ك مانگ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى له هه‌رێمى كوردستان و ناوچه دابڕێنراوه‌كان، 25ی مانگى ڕابردوو حكومه‌تى هه‌رێم بڕیارى سڕكردنى ڕیفراندۆمى ده‌ركردووه و ئاماده‌ى گفتوگۆكردنى ده‌ربڕى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندیدا.
بورهان عه‌بدوڵڵا به‌شداربوویه‌كى تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك له ئه‌كاونتى خۆى نووسیویه‌تى 25ی ئهیلوول ڕیفراندۆم ئه‌نجام درا بۆ سه‌ربه‌خۆیى، 25ى 10 سڕكردنى ڕیفراندۆم به ته‌واوى، حكومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وامه له ختوكه‌دانى عه‌قڵى تاكى كورد.
به هه‌مان شێوه میقداد كانى توویى نووسیویه‌تى: ״له هه‌ڕه‌شه‌كردن له ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ورووپا و وڵاتانى ده‌وروبه‌ره‌وه بۆ سڕكردنى ڕیفراندۆم له كاتێكدا به‌غدا قبووڵی ناكات، جا ئه‌وه هه‌ركه‌سێك به سه‌ركه‌وتنى ده‌زانێت با سه‌ردانى دوكتۆرى ده‌روونى بكات״.
هاووڵاتییان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به شێوه‌ى جیاجیا و به ده‌ربڕینى جیاواز ڕه‌خنه‌یان له بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرتووه و هه‌ندێكیان وه‌ك مردنى گیانله‌به‌ر ناویان بردووه.
ڕه‌فیق محه‌مه‌د ئه‌نجامى ڕیفراندۆمى به زینده‌وه‌رێك ناو بردووه و سڕكردنهكهیشى به مه‌رگى یه‌كجارى زانیوه و نووسیویه‌تى: ״دواى تێپه‌ڕبوونی مانگێك به‌سه‌ر له‌دایكبوونى ڕیفراندۆمدا به داخه‌وه گیانى له ده‌ست دا، داواكارین خوادى گه‌وره به كرده‌وه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵیدا بكات״.
دانا زه‌نگه‌نه نووسیویه‌تى: ״كێشه نییه مادام حكومه‌تى عێراق به سڕكردنى ڕ‌ازى نابێت بۆى ده‌گۆڕین و نه‌شته‌رگه‌رى بۆ ده‌كه‌ین״.
له هه‌رێمى كوردستاندا ململانێى سیاسى زۆرجار له لایه‌ن شوێنكه‌وتووانى لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه به جۆرێك گه‌رمه ڕه‌نگه خۆى له بنه‌ڕه‌تدا به‌و شێوه‌یه نه‌بێت، ئه‌مه‌ش وای كردووه میدیا و سیاسییه‌كانى وڵات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى فیدباكى ئه‌و بابه‌تانه‌ى ئامانجییانه به‌رده‌وام چاویان له‌سه‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێت.
د. یه‌حیا عومه‌ر ڕێشاوى مامۆستاى زانكۆى پۆلهتهكنیكى سلێمانى به‌شى میدیا به ״ئاژانس״ى وت: ״تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ ئه‌وه درووست نه‌كراوه كه ببێت به جێگه‌ى سراع و ململانێى سیاسى به‌ڵام له هه‌رێمى كوردستاندا وه‌زیفه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌تایبه‌ت فه‌یسبووك گۆڕاوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سانسۆریان له‌سه‌ر نییه و هاووڵاتییان دابه‌ش بوون به‌سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كاندا، بۆیه مینبه‌رێكى له‌باره بۆ ده‌ربڕینى ڕاوبۆچوونیان به‌و شێوه‌ى خۆیان ده‌یانه‌وێت״.
وتیشى: ״لە هه‌رێمى كوردستان مامه‌ڵه‌ى سیاسی و كه‌سایه‌تییه‌كانى هه‌رێم نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ى كه ته‌حه‌مولى ئه‌وه بكات ده‌زگایه‌كى ڕاگه‌یاندن یان ڕۆژنامه‌یه‌ك به شێوه‌ى كاریكاتێرى یان به شێوه‌ى كۆمیدى باسى ڕووداوه سیاسییه‌كان بكات، بۆیه زیاتر په‌نا ده‌برێته به‌ر تۆڕه كۆمه‌ڵایتییه‌كان״.
به‌شێك له‌و هاووڵاتییانەى هه‌رێمى كوردستان به شێوه‌یه‌ك نیگه‌رانن له دۆخى سیاسی پۆسته‌كانیان ته‌نیا له نووسیندا نامێنێته‌وه، به‌ڵكو ڤیدیۆ درووست ده‌كه‌ن یاخود ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌ك به‌كارهێنه‌رانى ئه‌و تۆڕه‌ى ڕووبه‌ڕووى دادگا كردووه‌ته‌وه.
دارا ئه‌نوه‌ر كۆمه‌ڵناس به ״ئاژانس״ى وت: ״ڕووداوه سیاسییه‌كان زۆر دووباره بوونه‌ته‌وه و شێوازێكى ته‌قلیدییان له چوارچێوه‌ى بازنه‌یه‌كدا وه‌رگرتووه، ئه‌مه‌ش وای كردووه، به دوو شێوه ڕه‌خنه‌یان لێ بگیرێت، یان به شێوه‌ى زانستییانه ڕه‌خنه ده‌گیرێت یان ئه‌وه‌تا به شێوه‌ى كۆمیدى ڕه‌خنه ده‌گیرێت، له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ردوو ڕه‌خنه‌كه بۆ یه‌ك مه‌به‌سته به‌ڵام هه‌رلایه‌ك به شێوه‌ی خۆى ڕه‌خنه‌كه ده‌گرێت״.
وتیشى: ״كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى ئاستى وشیارى به شێوه‌یه‌ك نییه كه به شێوه‌ى زانستییانه و ئه‌كادیمیا ڕه‌خنه بگرێت، له لایەكى تره‌وه هاووڵاتییان بێزار بوون له دۆخى دووباره‌بوونه‌وه‌ى ڕووداوه سیاسییه نه‌خوازراوه‌كان بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ن پڕۆسه سیاسییه‌كه (تڕ‌ۆ) بكه‌ن، كه ڕووداوه‌كان له چوارشێوهى به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كان ده‌سووڕێته‌وه״.