سەدیق سەعید ڕواندزی
لە پانتایی ڕۆمانی عەرەبی و بە تایبەتیش ڕۆمانی عێراقیدا، بە گشتی هەمیشە ڕووبەرێك لە تراژیدیا بوونی هەیە. ئەم تراژیدیایە كەسی بێت یان گشتی، ڕەنگدانەوەی ئەو هەموو شەڕ و ئاشووب و خوێن و ستەمەیە، كە بە درێژایی مێژوو، بەشێك بووە لە ژیانی عێراقییەكان. ئەو ستەمە سیاسییەی دەسەڵات، لە سەردەمی بەعس و سەدامدا، دەگاتە ترۆپك. كاتێ ئەم وڵاتە دەكاتە ماكینەیەكی گەورەی هاڕین و لە مرۆڤخستنی مرۆڤەكان و ستەم و چەوسانەوە بەرامبەر بە عێراقییەكان بە گشتی. كە ڕەنگە تا زەمەنێكی درێژ، ئەو نەهامەتییانە وەك تێمەی نووسینی ڕۆمان بمێنن. گەرچی عێراقییەكان، بەو خەونەوە دەسەڵاتی بەعسیان ڕووخاند كە ژیانێكی تازە و جیاوازتر ببینن، وەلێ بەداخەوە خوێن و ستەم، بەشێكن لە مێژووی ئەو وڵاتە و پێ دەچێت عێراقییەكان ئەوە چارەنووسی ژیانیان بێت. لەو ڕوانگەیەوە (ڕۆمانی باخچەكانی سەرۆك) یەكێكی دیكەیە لەو ڕۆمانانەی چیرۆكی ستەم و ژیانی چەوساوەی ژێردەستی بەعسییەكان و مێژووی شەڕەكان لەو وڵاتەدا باس دەكات. ئەم ڕۆمانە، كە بە زمانێكی سادە نووسراوە، گوزارشت لە عێراقێكی بچووكکراوەی سەردەمی بەعس دەكات. كە چۆن بە هۆی خواستی دیكتاتۆرێكەوە، مرۆڤەكانی دەبنە كەرەستەی بەردەوامی شەڕێكی بێئامان. سەرەتای ڕۆمانەكە، بە هاتنەوەی تەرمی نۆ لە گوندنشینانی گوندێك لە باشووری عێراق بە سەربڕاوی دەست پێ دەكات. كاتێ كوشتن لەسەر ناو و مەزهەب، دەبێتە شتێكی ئاسایی. ئیدی ئەو تەرمانە، بەبێ سەر، كە بەشێكن لە قوربانییانی ململانێی مەزهەبی، جارێكی تر ئەو ڕاستییە دەردەخەنەوە كە لە عێراقی نوێشدا، خوێن بەشێكە لە سیمای ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەكان.
ڕۆماننووس دواتر لە ڕێی تەكنیكی فلاشباكەوە دەگەڕێتەوە سەردەمی هەردوو جەنگی ئێران و كوێت، كە ملیۆنان ڕۆڵەی عێراقیی تیادا بوونە قوربانی. جەنگێك كە بە تێگەیشتنی دیكتاتۆر، لەپێناو ڕزگاركردن و شكۆمەندی و سەربەرزیی عێراقییەكانە، كەچی خودی عێراقییەكان شكۆیان دەشكێ و دەبنە قوربانی. تا ئەو ڕادەیەی مردن دەبێتە شتێكی ئاسایی و ڕۆتینی و شوێنی ژیان دەگرێتەوە. كارەكتەرەكانی ناو ڕۆمانەكە، هەریەكەیان چیرۆكێكی غەمگین و جیاوازیان هەیە، وەلێ دواجار هەموویان لەو خاڵەدا هاوبەشن، كە ئەوان قوربانیی دەستی دیكتاتۆرێكی خوێنڕێژن. ئبیراهیمی كوڕی مام سوهێل و ئەحمەد نەجەفی هاوڕێی، دوای ئەوەی لە ئاشووبی جەنگی ئێران و عێراق ڕزگاریان دەبێت، بە خەیاڵی ئەوە دەژین كە ئیدی ماڵئاواییان لە شەڕ كرد و دەروازەی ژیانێكی تازەیان بە ڕوودا دەكرێتەوە. وەلێ ئەوەندە نابات جارێكی تر و بۆ شەڕێكی تر، بانگ دەكرێن و ساز دەكرێن، كە ئەویش جەنگی كوێتە. عێراق دوای ئەوەی كوێت داگیر دەكات و دەیكاتە نۆزدەیەمین پارێزگای خۆی، ئیدی هەموان بۆ سەربازی بانگ دەكات. ئیبراهیم و ئەحمەد نەجەفیش، كە هەردووكیان هاوڕێ، هاوگوند و هاوچارەنووسی یەكترین، بەرگی سەربازی دەپۆشن و لە دوورترین ناوچە بیابانییەكانی باشووری عێراق دەبنە سەرباز. دوای مانەوەیان بۆ چەند مانگێك، شەڕی هاوپەیمانان دەست پێ دەكات و ئەوانیش هاوشێوەی سەدان هەزار سەربازی تر، پاشەكشە دەكەن و دوای ڕۆیشتنیان بۆ ماوەی دوو شەو و ڕۆژ، لە بیابانێكی بێ سنوور، دەگەنە ئاوەدانییەك و هەر لەو ڕێگەشەوە، ئبیراهیم بە هۆی تەقینەوەیەك قاچێكی لە دەست دەدات و ئەحمەد نەجەفی هاوڕێشی بێ چارەنووس دەبێت. پاشان ماڵێك دەیگرنە خۆی. دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك دەمێنێتەوە، دەگەڕێتەوە ناو كەسوكاری. دایكە نابینا و باوكە بەساڵاچووەكەی، پێی شاد دەبنەوە. وەلێ ئەمە هەموو خۆشیی ئەو دایك و باوكە نییە، چونكە ئەوان كوڕێكی دیكەشیان بە ناوی (وەدیع) كە ئەویش سەربازە لە كوێت بێ چارەنووسە. بۆیە دوای ماوەیەك تەرمی وەدیع دەگەڕێتەوە و هەر بەو هۆیەشەوە، باوكی سەردەنێتەوە و دایكیشی نەخۆشییەكی قورس دەیگرێت. ئەم خێزانە، قوربانیی شەڕە بێ كۆتاییەكانی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێڕاقن، هاوشێوەی هەزاران خێزانی دیكە كە بوونە سووتەمەنیی شەڕ. بە هەمان شێوە عەبدوڵڵا كافكا، كە ئەویش خەڵكی گوندەكەی ئیبراهیم و تاریق و وەدیعە، قوربانییەكی دیكەی جەنگە. بە جەستە زیندووە، دەنا بە ڕۆح، بە بوون و ژیان، ساڵانێكی زۆرە مردووە. عەبدوڵڵا كافكا، پانزە ساڵ دیلی شەڕی ئێران و عێراق دەبێت، كاتێكیش دەگەڕێتەوە خەڵكی ئاوایی بە ئاهەنگەوە پێشوازیی لێ دەكەن. وەلێ زیندان و ژیانی سەختی ناو زیندان، هەموو مانایەكی ژیانیان لای ئەو كوشتووە. بۆیە دەگەڕێتەوە سەر هەوارێكی خاڵی و بەردەوام لە ماڵەوەیە. ئەمجارەیان دیسانەوە زیندانییە، وەلێ زیندانییەك كە خۆی هەڵیبژاردووە. ئازارەكانی عەبدوڵڵا كافكا، لێرەوە نوێ دەبنەوە، ئەویش دوای ئەوەی بە چیرۆكی ڕاستەقینەی ژیانی منداڵیی خۆی دەزانێت لە دەمی دایكە زەینەبەوە. عەبدوڵڵا، بەرهەمی پەیوەندییەكی ناڕەوایە، كاتێ جەلالی كوڕی موختار، دەستدرێژی دەكاتە سەر زەكییەی گێلۆكە كە هیچ شتێك لەو بارەوە نازانێت. وەلێ چونكە لە ڕۆژهەڵاتدا هەمیشە ژن قوربانیی بووە، ئیدی ئەویش دەبێتە قوربانی. جەلال دوای ئەوەی زەكییەی شێتۆكە لاقە دەكات، زگی پڕ دەبێت. كاتێ باوكیشی پێی دەزانێت، جەلال ناچار دەكات ئەو مەملەكەتە جێ بهێڵێت. زەكییەش لە چاوەڕوانیی لەدایكبوونی منداڵە زۆڵەكەی دەمێنێتەوە، كە عەبدوڵڵایە و دوای لەدایكبوونی، لە لایەن موختار و زاهیری هاوڕێیەوە، زەكییە لە نیوەشەوێكدا دەكوژرێت. بەم جۆرە عەبدوڵڵا بە ژن و مێردێكی تر دەسپێرن، تا گەورە دەبێت و دەبێتە سەرباز و لە شەڕی ئێران و عێراق بە دیل دەگیرێت. پاشان دوای پانزە ساڵ لە دیلێتی، ئازاد دەكرێت و دەگەڕێتەوە گوندەكەی. تا دواجار لە لایەن دایكە زەینەبەوە، بە چیرۆكی زۆڵێتیی خۆی دەزانێت و ئەوەندەی تر ژیانی دەبێتە نەهامەتی و ناخۆشی. وەك كەسێكی گۆشەگیر، نامۆ و داڕماو لە ژیان دەژیت. دوای دركاندنی ئەو نهێنییەش، دایكە زەینەب كۆچی دوایی دەكات. ئبیراهیم ئەو كەسەی لە شەڕی كوێتدا قاچێكی لە دەست دابوو، دواجار گوندەكەی جێ دەهێڵێت و لە ڕێی هاوڕێیەكییەوە كارێك دەدۆزێتەوە كە ئەویش باخەواندارێتیی باخچەكانی سەرۆكە لە بەغدا. بۆیە ئیبراهیم و خێزانەكەی و قیسمەتی كچی دەچنە بەغدا. ئیبراهیم دەست بە كارەكەی دەكات، كاتێ ئەو هەموو كۆشكە ڕازاوانە، باخچە جوانانە دەبینێت تووشی شۆك دەبێت. ژیانی سەرۆك بە شێوەیەكە، وەك ئەوەی لەو وڵاتەدا هیچ شەڕ و ماڵوێرانی و ئاشووبێك نەبێت. لە كاتێكدا ئیبراهیم و هەموو عێراقییەكان بە دەست شەڕەكانی سەرۆكەوە و لەپێناو خواستە شەڕانگێزی و دیكتاتۆرییەكانی ئەو دەبنە قوربانی. ئا لەو كاتانەدا، سەرۆك لەناو باخچە ڕازاوەكانی خۆیدا سەرقاڵی دانیشتن و ڕاوكردن و گوێگرتنە لە مۆسیقا. وەك ئەوەی لە وڵاتەكەیدا، هیچ نەبووبێت و هیچ ڕووی نەدابێت. ئیبراهیم لە نزیكەوە ئەو جیاوازی و دابڕانەی نێوان سەرۆك و گەلەكەی لە عێراقدا دەبینێت، كە ئەمە خەسڵەتی وڵاتە دیكتاتۆرەكانە، كە نازانن گەلەكەیان لە چ نەهامەتییەكدا دەژیت. ئیبراهیم دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك باخەوانی باخچەكانی سەرۆك دەبێت، ئەمجارەیان لە لایەن كۆشكی كۆمارییەوە ئەركێكی نوێی پێ دەسپێرن، ئەویش ژێرخاكخستنی هەموو ئەو تەرمانەیە، كە لە لایەن ڕژێمەوە لەسێدارە دەدرێن و دەكوژرێن. تا سەرەنجام ئەوەندە مامەڵە لەگەڵ مردووەكان دەكات، خۆی وەك تەرمێك و داماڵدراو لە هەموو هەست و سۆزێكی مرۆییانە دێتە بەرچاو.
ئیبراهیم بەردەوام دەبێت لەو كارە، تا سەرەنجام هاوپەیمانان بەعس و سەدام دەڕووخێنن و ئەویش دەگەڕێتەوە گوندەكەی و دواجار بە هۆی ململانێی مەزهەبییەوە، خۆی و هەشت كەس لە خەڵكی گوندەكەی سەریان لە لاشەیان جیا دەكرێتەوە. تەرمەكانیان دەگەڕێندرێنەوە گوندەكەیان. ئیبراهیم كە لە شەڕی كوێتدا قاچێكی لە دەست دا، ئومێدی هەبوو لە دوای ڕووخانی بەعس، ژیانێكی تازە دوور لە ناخۆشی و چەوسانەوە و ستەم ببینێت. وەلێ ئەمجارەیان خۆی دەبێتە قوربانی. ئیبراهیم، نموونەیەكە لە ملیۆنان مرۆڤی عێراقی، كە بە هۆی مەیلی شەڕانگێزییانەی دیكتاتۆر لە جەنگە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقدا، بوونە قوربانی. باخچەكانی سەرۆك ئەو ڕۆمانەیە، كە لەگەڵ خوێندنەوەی هەر وشە و ڕستە و پەرەگرافێكیدا، خوێنەر ئازار دەچێژێت. ڕۆمانێكە، باسی نەهامەتیی گەلێك دەكات لە سایەی ڕژێمێك، كە هەمیشە هێمای ستەم و خوێن و كوشتن بووە. ڕۆمانێكە، نموونەی عێراقێكی بچووككراوە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی سەدامدا پیشان دەدات. ئەو كاتەی، وڵات بۆ هەموان دەبێتە دۆزەخ، كەچی سەرۆك بە لەخۆباییبوونەوە، بە بێباكییەكی زۆرەوە، ساتەكانی ژیانی لەناو باخچە ڕازاوە و بێشومارەكانی بەسەر دەبات و بە دیار تەرمی مرۆڤەكانەوە، پێكەكانی مەی نۆش دەكات. گەرچی سەدام بووە بەشێك لە مێژووێكی ناشرین، كە هێمای خوێن و دڕندەییە، وەلێ بەداخەوە دوای ئەویش ئەو خوێنە نەوەستا كە بەردەوام لە جەستەی عێراقییەكانەوە دێت و كەس نازانێت، فوارەكەی كەی وشك دەكات! هیوادارم خوێنەران بە گشتی ڕۆمانەكانی موحسین ڕەملی بخوێننەوە، چونكە چێژ و جوانیی تایبەتی خۆیان هەیە، ئەگەرچی لە ئازاریش دەدوێن.
پەراوێز:
باخچەكانی سەرۆك، ڕۆمان، نووسینی: موحسین ڕەملی، وەرگێڕانی: فەیسەڵ هەمەوەندی.