ئاژانس – ئه‌حمه‌د باڵه‌كى
خدر یاسین، (24 ساڵ) ماوه‌ى 12 ساڵه كارى ڕۆژنامهفرۆشیى گه‌ڕۆك ده‌كات و هه‌رچه‌نده مه‌رگى چه‌ندین ڕۆژنامه و گۆڤارى بینیوه به‌ڵام هێنده خۆشه‌ویستى بۆ پیشه‌كه‌ى هه‌یه نایه‌وێت ده‌ستبه‌ردارى كاره‌كه‌ى بێت.
خدر یاسین، له ناحیه‌ی دیانای سه‌ر به قه‌زای سۆران، نیشته‌جێیه، له ته‌مه‌نى 12ساڵییه‌وه ده‌ستى به كارى ڕۆژنامهفرۆشیی گه‌ڕۆك كردووه.
سه‌ره‌تای كاری ڕۆژنامه‌فرۆشی به شێوه‌ى گه‌ڕۆك، له لاى خدر بۆ سه‌ره‌تای ساڵی 2005 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك له‌گه‌ڵ باوكى له سه‌فه‌رێكدا بووه و ڕۆژنامه‌یه‌كی له‌ناو زبڵخانهیهكدا دۆزیوه‌ته‌وه و وێنه‌یه‌كی له‌سه‌ر بوو سه‌رنجی ڕاكێشاوه.
خدر، وتى: ״منیش له‌ناو زبڵخانه‌كه ده‌رم هێنا و دواتر تۆزێكم لێی خوێنده‌وه، پاشان هه‌ڵمگرت بردمه ماڵه‌وه، به درێژایی شه‌و خه‌ریكی بووم تا زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانم خوێنده‌وه״.
دواى دۆزینه‌وه‌ى ڕۆژنامه‌كه، ئیتر خدر سه‌ردانى پهڕاوگهكانی سۆران ده‌كات و ڕۆژانه سه‌یری ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانى كردووه و بابه‌ته‌كانى خوێندوونه‌ته‌وه، ״تا وای لێ هات عاشقی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان بووم، ڕۆژانه دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له قوتابخانه سه‌ردانی كتێبخانهكانم ده‌كرد، جاربه‌جار ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆ قوتابخانه ده‌یاندامێ خه‌رجم نه‌ده‌كرد، چه‌ند ڕۆژێك كۆم ده‌كرده‌وه دواتر ئه‌مدا به ڕۆژنامه‌یه‌ك״.
خدر ته‌نیا به خوێندنه‌وه‌ى ڕۆژنامه‌كان ناوه‌ستێت و بیرۆكه‌ى فرۆشتنى ڕۆژنامه و گۆڤارهكانیشى بۆ دێت.
به ״ئاژانس״ى وت: ״له‌گه‌ڵ په‌رتووكخانه‌یه‌ك قسه‌م كرد، وتم من ئه‌و كاره ده‌كه‌م، ئه‌ویش وتی باشه، ئه‌وە بوو ڕۆژانه ڕۆژنامه‌م بۆ دوكانه‌كان ده‌برد، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌یان ڕه‌فزیان ده‌كردم، به‌ڵام من كۆڵم نه‌دا، هه‌ر به‌رده‌وام بووم تا وای لێ هات كڕیاری تایبه‌ت به خۆم په‌یدا كرد״.
هه‌رچه‌نده له ساڵانى ڕابردوودا ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان ژماره‌یان له كه‌می دا و چه‌ندینیان داخران، به‌ڵام هێشتا خدر كڕیارى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه و ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان بۆ ماڵان و دوكان و داموده‌زگا حزبی و حكوومییه‌كان ده‌بات، زۆرجاریش هه‌واڵى ده‌رچونى ڕۆژنامه‌ى نوێ یاخود گۆڤار به هاووڵاتییان ده‌دات.
جێگر جه‌لال، خاوه‌نی په‌ڕاوگه‌ی هه‌ڵگورده له قه‌زاى سۆران، به ״ئاژانس״ی ڕاگه‌یاند زۆر كه‌س هه‌یه له ڕێگه‌ى خدره‌وه ئاگاداری هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان ده‌بێت و زۆر كه‌س هه‌یه ناتوانێت، به هه‌ر هۆكارێكی بێت، له ڕێگه‌ی خدره‌وه ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی پێ ده‌گات.
جێگر وتیشى: ״خدر به گه‌ڕۆكی ئیش ده‌كات، نه ئۆتۆمبێلی هه‌یه و نه ماتۆڕی هه‌یه، ته‌نانه‌ت پاسكلیشی نییه، هیوادارم هه‌موو گه‌نجێك وه‌كو خدر پشت به خۆی ببه‌ستێت، ده‌ست له‌به‌ر كه‌س پان نه‌كاته‌وه״.
ئیبراهیم حه‌مه‌ده‌مین دوكاندارێكه له سۆران، زیاتر له 8 ساڵه له ڕێگه‌ی خدره‌وه ئاگاداری ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانه ״هه‌ر ئه‌و بۆم دێنێت، ڕۆژنامه‌ش هه‌بووه من له ڕێگه‌ی ئه‌وه زانیومه كه ده‌رده‌چێت״ .
زیاتر له دوو ساڵه له پاڵ فرۆشتنى ڕۆژنامه و گۆڤاردا كتێبیش ده‌خاته بنده‌ستى و بۆ كڕیاره‌كانى ده‌بات، ساڵانی 2012 و 2013 هه‌فتانه نزیكه‌ى 50 هه‌زار دینارى ده‌ست كه‌وتووه و به‌ڵام ئێستا 7 هه‌زار تا 25 هه‌زارى دینارى ده‌ست ده‌كه‌وێت.
ڕۆژنامه‌فرۆشه گه‌ڕۆكه‌كه، وتیشى: ״ئێستاش ئه‌گه‌رچی پاره‌یه‌كی زۆر كه‌مم ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام پیشه‌كه‌ی خۆمم خۆش ده‌وێت و ناتوانم وازی لێ بێنم، ئاماده‌ش نیم ده‌ست له‌به‌ر كه‌س پان بكه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌فتانه ته‌نیا 2 هه‌زاریشم هه‌بێت״.