سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت: ئه‌و كارانەی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن ڕایده‌په‌ڕێنن زیاده‌یه
سازدانى: عیماد جه‌باری
ڕێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت ئاشكرای ده‌كات كه لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی داتا و زانیارییه‌كانی بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی كه‌ركوك له ڕێگای هه‌ولێره‌وه بۆ به‌نده‌ری جەیهان پێك هێنراوه به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ ئه‌نجامێكیان پێ ڕانه‌گه‌یاندوون.
ڕێبوار تاڵه‌بانى له چاوپێكه‌وتنێكى ״ئاژانس״دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه وه‌ك ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به״ته‌كلیف״ له پۆسته‌كانیان ماونه‌ته‌وه و ئه‌و كاره‌شی ڕایده‌په‌ڕێنن زیاده‌یه، وتیشی: ״ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن خۆشحاڵن به ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن تاوه‌كو ئه‌و ئه‌ركه‌ی سه‌ر شانیان لا بچێت״.
ئاژانس: سه‌ره‌تا لهوهوە ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان چه‌ند پاره‌ی پترۆدۆلاری نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی كه‌ركوكی بۆ ناردوون؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: به وته‌ی پارێزگاری كه‌ركوك له حوزه‌یرانی ساڵی 2014وه تاوه‌كو ئێستا 78 ملیۆن دۆلار پاره‌ی پترۆدۆلار له لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕه‌وانه‌ی كه‌ركوك كراوه.
ئاژانس: ئه‌و ڕێژه‌ی شایسته‌ی قه‌باره‌ی ههناردهكردنهكهیە یان ده‌بوایه چه‌ندیان بناردایه؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: تاوه‌كو ئێستا ناردنی پاره‌ی پترۆدۆلار له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌مڵاندنه، له ئێستادا دوو لیژنه دانراون بۆ پشكنین و پشتڕاستكردنه‌وه‌ی داتاكان، تاوه‌كو ئێستاش داتای ڕاسته‌قینه ڕانهگهیەندراوه چ له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌ن و ئیداره‌وه یاخود وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییهكانەوە، به‌ڵام به خه‌مڵاندن له سه‌دا 80ی كاره‌كان جێبه‌جێ كراوه.
ئاژانس: ئێوه وه‌ك ئه‌نجوومه‌ن داواتان له حكوومه‌تی هه‌رێم كردووه كه ڕوونكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بدات؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: وه‌ك باسم كرد لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شمان له هه‌ردوولا پێك هێنا کە ئه‌و داتایانه ته‌سدیق ده‌كات، به پێی ئه‌و داتایانه‌ش شایسته‌كانی پترۆدۆلار ده‌درێته كه‌ركوك.
ئاژانس: كێشه‌ی نهنارنی پاره‌ی نه‌وت له بانكی كوردستانه‌وه بۆ كه‌ركوك چاره‌سه‌ر كرا؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئێمه پاره‌ی پترۆدۆلارمان بۆ دێت، جا نازانم باسی كام كێشه‌یە ده‌كه‌یت.
ئاژانس: ده‌وترێت به‌شێك له‌و پترۆدۆلارهش له لایه‌ن بانكی كودستانهوه وه‌ك عموله ده‌برێت، ئاگاتان له‌وه‌یه؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئێمه په‌یوه‌ندیمان به‌و پرسه داراییانه‌وه نییه، ئێمه باسی شایسته‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین.
ئاژانس: منیش هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ده‌پرسم، ده‌وترێت گوایه پاره‌ی عموله‌ی لێ ده‌بڕدرێت؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: من نازانم، ئاگاداری ئه‌و بابه‌ته نیم.
ئاژانس: هه‌ست ناكه‌ن هه‌رێم كه‌ركوكی هه‌ر بۆ نه‌وته‌كه‌ی ده‌وێت؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: نه‌وت ده‌ستووری عێراق دیاری كردووه و خه‌ڵكیش ده‌نگی له‌سه‌ر داوه، به پێی مادده‌ی 111 نه‌وتی كه‌ركوك هیی كه‌ركوكی نییه و هیی سلێمانی و هه‌ولێر و به‌سڕه‌ش نییه، هیی هه‌موو عێراقه.
ئاژانس: له ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌ندامێك له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك باسی له‌وه كرد كه مانگانه 10 ملیۆن دۆلار له بری هه‌نارده‌ی نه‌وتی شاره‌كه ده‌نێردێت له لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وە به پێی ڕێككه‌وتنى نێوانیان، تا چه‌ند ئاگاداری ورده‌كاریی ئه‌و بابه‌ته‌ن؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئێمه وه‌كو سێ لیسته‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا به ده‌نگ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوكمان سه‌رپشك كردووه بۆ دانووستان.
ئاژانس: واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ڕاگه‌یەنرا و ئه‌مه سێیه‌م جاره له‌گه‌ڵ شاره‌كانی تردا هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك ناكرێت، هه‌ست ناكه‌ن ئێوه‌ش واده‌ی مانه‌وه‌تان له پۆسته‌كانتان ئێكسپایه‌ر بووه؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئه‌مه ئه‌ركێكی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی ئیتیحادییه، ئه‌وانیش ئه‌م پرسه‌یان چاره‌سه‌ر نه‌كردووه، بۆیه ئه‌وان تۆمه‌تبارن، هه‌رچی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكه ته‌كلیف كراوه كاره‌كانی ڕاپه‌ڕێنن، واتا كارێكی زیاده ده‌كات، ئه‌ندامه‌كانیش خۆشحاڵن هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت و ئه‌و ئه‌ركه له‌سه‌ریان لا بچێت.
ئاژانس: ده‌وترێت خه‌ڵك له ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن بێزار بوون كه چه‌ندین ساڵه نوێنه‌ریانن، ئه‌وه هه‌ست پێ ده‌كه‌ن؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: ده‌توانیت پرسیار له‌وان بكه‌یت چونكه ئێمه ته‌كلیف كراوین بمێنینه‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه له‌وێ نه‌بین به‌شێكی لایه‌نه دهسهڵاتدارێتییهكه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ئه‌وكات عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی پێش 2003، واتا دیكتاتۆرییه‌ت، ئه‌گینا ئێمه داوامان كردووه له‌گه‌ڵ ته‌واوكردنی خوله‌كه هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، لایه‌نه سیاسییه‌كانیش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام.
ئاژانس: بۆچی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا دیاری ناكرێت به ڕه‌سمی، كێشه له نێوان توركمانهكاندایه یان له نێوان كورد و توركمانهكاندایه؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: به‌شێكی زۆر له كێشه‌كه له‌ناو توركمانه‌كان خۆیاندایه، به‌شی دووه‌میشیان هۆكاری ڕێكنه‌كه‌وتنی سیاسییه، چونكه ئه‌و پۆسته هیی كورده و پێشووتر ڕزگار عه‌لی له‌و شوێنه‌دا بووه، به ڕێككه‌وتنی سیاسی و ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وندیی هه‌ردوولا درایه توركمانه‌كان، ئێستاش خۆیان به‌جێیان هێشتووه و پێویستی به ڕێككه‌وتنی سیاسیی نوێ هه‌یه و خۆشیان یه‌كلا نهبوونهتهوە بۆ هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك.
ئاژانس: ههڵمهتێكتان بۆ چاودێریكردنی فه‌رمانگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی كه‌ركوك ده‌ست پێ كردووه و سه‌ردانیان ده‌كه‌ن و لێیان ده‌كۆڵنه‌وه، مه‌به‌ستتان له‌م كاره چییه؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: به هۆی شه‌ڕی نه‌خوازراوی داعش و قه‌یرانی داراییەوە کە قورساییه‌كی زۆری خستووه‌ته سه‌ر شانی هاووڵاتییان، ئه‌مه‌ش جگه له بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له فه‌رمانگه‌كانی عێراق به گشتی و كه‌ركوك به تایبه‌تی و دواخستن و كه‌مته‌رخه‌می له ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان وای كرد وه‌ك ئه‌نجوومه‌ن به ئه‌ركی خۆمان هه‌ستین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و دیاردانه و سووككردنی ئه‌ركی سه‌ر شانی هاووڵاتییان، ئه‌گه‌ر هات و ده‌ركه‌وت له هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌كدا گه‌نده‌ڵی و مه‌به‌ست له پشت دواكه‌وتنی ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌وه هه‌بێت ئه‌وه لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له دژی فه‌رمانبه‌ره‌كه درووست ده‌كه‌ین و لێكۆڵینه‌وه‌ی دارایی ده‌كه‌ین، ئه‌ویش به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگاری كه‌ركوكدا.
ئاژانس: له چه‌ند شوێنێكدا ئاماژه‌ت كردووه به پڕۆژه‌یه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار، چۆن ده‌توانیت جێبه‌جێی بكه‌یت؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: بۆ ساڵی 2017 پڕۆژه‌یه‌كم داناوه، ئه‌ویش به سوودوه‌رگرتن له‌و وڵاتانه‌ی پێشكه‌وتوون، كار ده‌كه‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار، ئه‌ویش له ڕێگای پێداچوونه‌وە به كه‌رتی گشتی و میكانیزمی نوێ بۆ دامه‌زراندنی نوێ داده‌نێین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ر خانه‌واده‌یه‌ك فه‌رمانبه‌رێكی هه‌بێت چانسی كه‌متری هه‌بێت له دامه‌زراندنی دیكه و چانسی دامه‌زراندن ده‌ده‌ین به‌و كه‌سانه‌ی له خانه‌واده‌كه‌یاندا هیچ كه‌سێكیان دانه‌مه‌زراون، له كه‌رتی تایبه‌تیشدا له‌گه‌ڵ كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و باج و گه‌نجینه و خاوه‌ن كارگه و به‌ڵێنده‌ره‌كان كۆ بووینه‌ته‌وه و باسمان له‌وه كردووه له به‌رامبه‌ر كارئاسانیی بۆیان هه‌لی كارمان پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌وانیش له به‌رامبه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ریان و به‌ڵینیان داوه هه‌لی كار زیاتر بكه‌ن.
ئاژانس: زیادكردنی باج له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌ك پاره‌ی ئاو و ئاوه‌ڕۆ بڕیاری به‌غدایه یاخود پلانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایه بۆ زیادكردنی داهاتی شاره‌كه؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: له یاسای عێراقیدا هیچ خزمهتگوازرییهك نییه به‌بێ به‌رامبه‌ری باج، له ماوه‌ی ڕابردوودا به هۆی زۆریی داهاته‌وه حكوومه‌ت بیری له زیادكردنی باج نهكردبووهوە، مه‌رجیش نییه باجی زۆر له هه‌موو خه‌ڵك وه‌ربگیرێت، ده‌بێت جیاوازی بكرێت له نێوان خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و دهوڵهندهكاندا، ئه‌و كه‌سانه‌ی سوودیان له خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌وڵه‌ت بینیوه و له باجیش هه‌ڵدێن، بۆیه ده‌بێت یه‌ك بخرێته‌وه.
ئاژانس: پێتان وا نییه به زیادكردنی باج له‌سه‌ر هاووڵاتییان له‌م كاته قه‌یراناوییه‌دا ئه‌ركی سه‌ر شانیان قورس‌تر ده‌كه‌ن؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: هێشتا ئێمه له سه‌ره‌تاین، به‌ڵام له كاتی ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌كه حكوومه‌ت هاوشێوه‌ی ئه‌ورووپا پاڵپشتی پێشكه‌ش به‌و كه‌سانه ده‌كات كه بتوانن به به‌ڵگه‌ی ڕه‌سمی بیسه‌لمێنن مووچه‌كه‌یان كه‌مه و باری داراییان خراپه، ئه‌وكاتیش حكوومه‌ت باجه‌كه‌ی سه‌ریان كه‌م ده‌كاته‌وه.
ئاژانس: واتا سوورن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه كه باج له‌سه‌ر خه‌ڵك زیاد بكرێت؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: ئێمه سته‌م له كه‌س ناكه‌ین، ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانبه‌ری هه‌رێمن و پاشه‌كه‌وتی مووچه ده‌یانگرێته‌وه به دڵنیاییه‌وه جیاوازییان ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی مووچه‌ی باڵایان هه‌یه، سووریشین له‌سه‌ر بوونی سیستم بۆ دانانی باج بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتی لانیكه‌م هه‌ست به ئینتیمابوونی خۆی بكات بۆ ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌ر ڕێژه‌كه كه‌میش بێت تاوه‌كو به‌شدار بن له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه و به‌ره‌وپێشبردنی.
ئاژانس: نه‌خۆشخانه‌كانیش دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: زیاتر له 130 داموده‌زگای حكوومی له كه‌ركوكدا هه‌یه، 26 له‌و ده‌زگایانه خراونه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه به‌و پێیه‌ی هاووڵاتییان ماندوو ده‌كه‌ن و مامه‌ڵه‌كانیان ڕایی ناكرێت، به دڵنیاییشه‌وه ته‌ندرووستیی كه‌ركوك یه‌كێكه له‌و ده‌زگایانه و ده‌بێت بخرێته ژێر چاودێرییه‌وه تاوه‌كو ئاگاداری كاره‌كانیان بین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چه‌ند له خزمه‌تی هاووڵاتییانن.
ئاژانس: له فه‌رمانگه‌كاندا گه‌نده‌ڵی هه‌یه یاخود كه‌مته‌رخه‌می؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: له عێراقدا به گشتی گه‌نده‌ڵی هه‌یه، به‌ڵام ساڵانه پارێزگای كه‌ركوك له ڕیزی پارێزگاكانی دواوه‌یه له ڕێژه‌ی گه‌نده‌ڵی، ئه‌وه‌ش جێگای دڵخۆشییه و ده‌مانه‌وێت بچێته ئاستێكی باشتره‌وه.
ئاژانس: پێشبینی ده‌كه‌یت ساڵی 2017 هاوشێوه‌ی 2016 ده‌بێت یاخود باشتر؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: به‌رده‌وام حه‌ز ده‌كه‌م پێش ڕووداوه‌كان نه‌كه‌وم، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م له‌مساڵدا گۆڕانكاریی گه‌وره ڕوو ده‌دات، به‌تایبه‌ت له دوای كۆتاییهاتن به داعش له حه‌ویجه و شاره‌كانی دیكه و عێراق ده‌كه‌وێته قۆناغێكی دیكه‌وه، لایه‌نه سیاسییه‌كانیش به‌ره‌و ئه‌و ئاڕاسته‌یه ده‌چن حكوومه‌تی زۆرینه به‌ڕێوه ببرێت و حكوومه‌تی هه‌رێمیش ئه‌گه‌ر خۆی یه‌ك بخاتەوە ئه‌وه به‌ره‌و مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌چێت، خه‌ڵكیش له دوای سێ ساڵ له مه‌ینه‌تی له ڕووی ئابورییه‌وه ده‌بووژێته‌وه.
ئاژانس: زۆریی هێزه ئه‌منییه‌كان له كه‌ركوك كێشه‌ی درووست نه‌كردووه؟ هه‌ست ناكه‌ن ئه‌وه كێشه‌یە له كاتی ڕووداوه ئه‌منییه‌كاندا؟
ڕێبوار تاڵه‌بانی: له ڕاستیدا كێشه‌ی درووست نه‌كردووه، حزبه كوردستانییه‌كان له كه‌ركوك ڕێككه‌وتنێكیان ئیمزا كردووه كه ڕێگا نه‌ده‌ن بگوازرێته‌وه بۆ كه‌ركوك، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش له ئاسایشی یه‌كێتیی و پارتی و ده‌زگا حزبییه‌كانیش له لیژنه‌ی پاڵای ئه‌منیی پارێزگاكهدان به سه‌رپه‌رشتیی پارێزگاری كه‌ركوك و هیچ كێشه‌یه‌كیش له نێوانیاندا ڕووی نه‌داوه و ههماههنگییشیان هه‌یه پێكه‌وه.