ئەندامانی پارتی دەگەڕێنەوە ئەنجوومەنی پارێزگا
ئاژانس – عیماد جەباری
ڕێكکەوتنی دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك لە نێوان لایەنە كوردییەكاندا گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و لیستی برایەتی داوای گۆڕینی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆك ئەنجوومەن بە ئەندامێكی تری یەكگرتووی ئیسلامی دەكشێنێتەوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، كە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو لە كەركوك ئەنجام بدرێت و پارتییش تێیدا بەشدار دەبێت.
ئەحمەد عەسكەری ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی لیستی برایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە ״ئاژانس״ی وت: ״لەسەر داوای ڕێبوار تاڵەبانی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو دانیشتنی ئەنجوومەن دەكرێت״.
دوێنێ سێشەممە ڕێبوار تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ״پێویستە پۆستی پارێزگاری كەركوك پڕ بكەینەوە و هەموو هەوڵێك دەدەین سێشەممەی داهاتوو كۆ ببینەوە״.
پێشتر بەرپرسانی یەكگرتووی ئیسلامی ئامادەیی حزبەكەیان دەربڕی بۆ لابردنی ڕێبوار تاڵەبانی و دانانی جوان حەسەن لە جێگاكەی، كە هەر یەك لە عەرەب و توركمانەكانی ئەنجوومەن مەرجیان بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ئەنجوومەنەكەدا دەستلەكاركێشانەوەی ڕێبوار تاڵەبانی بوو.
ئەحمەد عەسكەری دەڵێت: ״عەرەب و توركمانەكان بە دانانی جوان حەسەن لە شوێنی ڕێبوار تاڵەبانی ڕازی نەبوون و لیستی برایەتییش لە بەرامبەردا نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەكەی ڕێبواری تاڵەبانیی كشاندووەتەوە״.
وتیشی: ״مەرجی گەڕانەوەی ڕێبوار تاڵەبانی بۆ كەركوك بە مەبەستی سەرپەرشتیكردنی ئەنجوومەنەكە، ڕادەستكردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی شارەكەیە بە پۆلیس و ئەگەر تاوەكو سێشەممە پێشهاتی نوێ ڕوو نەدات و دۆخی كەركوك ئاسایی نەبێتەوە، دانیشتنەكە لە شوێنێكی نزیك كەركوك دەكەین״.
هاوكات گەلاوێژ جەباری ئەندامی لیستی برایەتی بە ״ئاژانس״ی وت: ״سێشەممە بە ئەندامەكانی پارتییشەوە دەگەڕێینەوە كەركوك و بەشداریی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەكەین و لە درێژەی كۆبوونەوەكانیشدا پرسی پارێزگاری كەركوك یەكلایی دەكرێتەوه، كە لە پشكی یەكێتییە״.