ڕەئوف عوسمان، سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ «ئاژانس»، باس لە بۆچوونەكانی نەوشیروان مستەفا دەكات لە دوایین کۆبوونەوەیدا و ئاشکرای دەکات، نەوشیروان مستەفا وەک هاووڵاتییەک پێشوازی لە فواد حسێن کردووە نەک وەک نوێنەری سەرۆکی هەرێم.
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
فۆتۆ: هێمن پشدەری
ئاژانس: نەوشیروان مستەفا چ شتێکی سەبارەت بە كۆبوونەوەکەی لەگەڵ فوئاد حوسێن بۆ باس كردن؟
ڕەووف عوسمان: كاك نەوشیروان تەئكیدی لەسەر سیستمی پەرلەمانی كردەوە، كە سیستمێكی پێشكەوتووخوازە و ئەو وڵاتانەی سیستمەكەیان پەرلەمانییە كەمتر كێشەیان تێدایە، زیاتر عەقڵی كۆ ئیش دەكات، كەمتر تووشی هەڵە دەبێت و زیاتر هەنگاو دەنرێت بەرەو پێشەوە، ئەو وڵاتانەی كە سیستمەكەیان سەرۆكایەتییە زۆرتر كێشەیان هەیە، عەقڵی تاك زاڵ دەبێت بە سەریدا.
كاك نەوشیروان وتی ئەوەشمان بە كاك فوئاد گەیاندووە ئەگەر برایانی پارتی هەنگاوێك بێنە پێشەوە بێگومان ئێمەش زیاتر دێینە پێشەوە، ئەوەی كە هەموو شتەكان بە دەستی مەسعوود بارزانییەوەیە، هەر پارتی پەرلەمانیان پەك خستووە و وەزیرەكانیان لابردووە و ئەم قەیرانەیان درووست كردووە، ئەم قەیرانانەی دروست بووە لە نەبوونی مووچە و نەبوونی شەفافییەت لە لایەن پارتییەوە كراوە، بۆیە هەر خودی كاك مەسعوود دەتوانێت یەكەم هەنگاو بنێت، ئەو كێشە سەرەتاییەكان چارەسەر بكات، ئەوكات بە هەموو لایەكمان بتوانین كێشەكانی تریش هەنگاوی بۆ بنێین و ئیشی بۆ بكەین.
بتەوێ كێشەكان چارەسەر بكەیت دەبێت یاسای بۆ دەربكەیت كە لە پەرلەمانەوە دەكرێت، ئەگەر پەرلەمان نەبێت لە كوێ یاسای بۆ دەردەكەیت، هەتا ڕیفراندۆم و دەوڵەتی كوردی دەبێت یاسای بۆ دەربكەیت، ئەمە قسەی كاك نەوشیروان بووە.
ئاژانس: لە دوای هاتنی فوئاد حوسێن بۆ لای گۆڕان، هیچ گۆڕانكارییەك لە بۆچوونی گۆڕاندا درووست بووە؟
ڕەووف عوسمان: گۆڕانكارییەكەی ئێمە چییە، ئێمە مەفهومی دانوسان ئەنجام دەدەین و بەشێكی گرنگە لە تێكۆشان، چونكە كاتێك تووشی قەیران دەبیت بە دانوسان چارەسەر دەكرێت، ئێمە چاوەڕێی پارتین كە زیاتر بەرپرسە لە كێشەكان، پەرلەمانی پەك خستووە، بێگومان ئەگەر ئەوان هەنگاوێك بنێن و ئیرادەی هەبێت بۆ پێشەوە، نیەتی باشی هەبێت، ئێمە وەك گۆڕان دەیكەین بە دوو هەنگاو، بەڵام كاتێك ئەوان هەنگاو نانێن و چۆن بووە هەر ئەوە بێت كێشەكان چارەسەر ناكرێن، چ لای كاك نەوشیروان و جڤاتی گشتی لە سیاسەتدا ئەوە نییە یان سەد بێنیت یان سفر، پەنجا و شەستیش هەیە لە دانوساندا، لە هەندێ قۆناغدا ئەگەر تۆ پەنجاش بهێنیت مساوییە بە سەد، گرنگە دانوسان لە قەیران ڕزگارت بكات، لەبەر ئەوە ناكرێت تۆ چەق ببەستی بە یەك بیروباوەڕەوە بڵێیت هەر ئەوەیە و ئینكاری سیاسی بكرێت.
ئاژانس: دەوترێ فوئاد حوسێن دێتەوە بۆ سلێمانی، بەم شێوەیە چارەسەری كێشەكان دەكرێت؟
ڕەووف عوسمان: ئەگەر نیەتی باشی لە پشتەوە بێت بەڵێ، بەڵام بۆچوونی زۆربەی برادەرانی گۆڕان ئەوەیە، كە هەوڵ بدرێت یەكێتی و گۆڕان بە یەك دەنگ بچنە دانوسان لەگەڵ پارتی، نەك بە دوو دەنگ، ئەوە ڕەئی كاك نەوشیروانیشە، ئەگەر پارتییش بیەوێت هەر بەجیا دابنیشن ئەوەش دەبێت.
ئاژانس: قبووڵی دەكەن یووسف محەمەد لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان لابدرێت، لە بەرانبەر ئەوەدا پارتی شتێكی تر بدات بە گۆڕان؟
ڕەووف عوسمان: لە كۆبوونەوەی ئێمە و كاك نەوشیرواندا باسی یووسف محەمەد وەك سەرۆكی پەرلەمان نەكراوە، تا ئێستا باسی لابردنی یووسف محەمەد وەك سەرۆكی پەرلەمان لای گۆڕان نەكراوە، هەموو شتێكیش لە كاتی خۆیدا باس دەكرێت، بەڵام ئێستا هیچ شتێكی وا لە ئارادا نییە، ئەگەر هەنگاوی عەمەلی لە لایەن پارتییەوە بنرێت هەموو شتەكان لای گۆڕان قابیلی گفتوگۆكردنە.
ئاژانس: هەندێ لە گۆڕانەکان دەیانوت فوئاد حوسێن وەك هاووڵاتییەك لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە پێشوازیی لێ كراوە نەك وەكو نوێنەری سەرۆكی هەرێم؟
ڕەووف عوسمان: ئەمە ڕاستە، وەك بزووتنەوەی گۆڕان وای دادەنێین مەسعوود بارزانی لە فەراغی قانوونیدایە، ئەو فەراغە وای كردووە وەزعەكەی بەرەو شێواندن بردووە، ئەگەر كاك فوئاد بێت و پڕۆژەی باشی پێ بێت ئێمە ئامادەین موناقەشەی لەگەڵ بكەین، ئێمە پێشوازیی لە هەموو هەنگاوێکی چاک دەکەین.
ئاژانس: شۆڕش حاجی دەڵێت ئەگەر دەستپێشخەری فوئاد حوسێن خاڵی ئیجابی تێدا نەبێت، یەكێتی و گۆڕان سیناریۆی تریان هەیە، دەكرێت بزانین چییە؟
ڕەووف عوسمان: لە سیاسەتدا هەموو ئۆپشن و ئەگەرێك هەیە، بەڵام ئەوە مەسجێكە بۆ برادەرانی پارتی بۆ ئەوەی زیاتر بێنە پێشەوە و ئاشتەوایی نێوان ماڵی كورد درووست بێت و كێشەكان چارەسەر بكرێت، چونكە ئەم دەرفەتەی ئێستا بۆ كورد گرنگە؛ چواردەورمان شەڕ و كێشەی تێدایە.