ئاژانس – سامان عومه‌ر
لەسەر بەشداریکردنی سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمدا، لەناو حزبەکەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت و ئەو پرسەش کێشەی خستووەتە ناو یەکگرتووەوە.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کاتی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمدا لە پەرلەمان دەنگی بە هەموارەکە نەدا، بۆیە بە پێی ئەو زانیارییانەی ״ئاژانس״ لە سەرچاوەیەکی ناو یەکگرتووەوە وەری گرتووە بەشداریکردنی سەڵاحەدین بەهائەدین لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە چونکە وا لێک دراوەتەوە یەکگرتوو لە هەڵوێستەکانی پێشووی پەشیمان بووەتەوە.
ئه‌بووبه‌كر هه‌ڵه‌دنی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ئه‌و زانیارییانه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״له‌سه‌ر به‌شداریكردن و به‌شداری نه‌كردنی مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین له مهراسیمەکە ڕای جیاواز هه‌بووه، به‌ڵام دواتر ئه‌و ڕایه‌ی كه زۆرینه‌ی له‌سه‌ر درووست بووه هه‌موان پابه‌ند بوون به‌و ڕایه‌وه.״
یەکگرتوو دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا پێنج کورسیی پەرلەمانی لە دەست دا، هەر زوو ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی ڕاگەیاند و بڕیاری دا نەچێتە کابینەی نۆی حکومەتەوە.
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: بۆچوونێک هەیە و ئێستاش لەناو یەکگرتوو گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە نەدەبوو سەڵاحەدین بەهائەدین بەشداریی ئەو مەراسیمە بکات، بەڵکوو ئاسایی بوو فراکسیۆنەکە بەشداریی بکات و تەواو.
وتیشی: ״فراکسیۆنەکە ئاسایی بوو چونکە ئەوە دانیشتنێکی پڕۆتۆکۆلییە و پەرلەمانیش ڕێکی خستووە، بەڵام هەڵوێستی ڕەسمیی حزب لە سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدیندا دەبیندرێتەوە، بۆیە ئەو بۆچوونە هەبوو کە یان دەبێت ئۆپۆزسیۆن بین بە هەموو ڕێگەکانیەوە یان بەشداری حکومەت بین، ناکرێت ئاوا لە نێوان هەردوکیاندا بین.״
سەڵاحەدین بەهائەدین دوای مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم بە میدیاکانی ڕاگەیاند بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
محه‌مه‌د هاودیانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتوو بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״حاڵه‌تێكی زۆر ئاساییه كه وه‌ك ئۆپۆزسیۆن به‌شداریی مه‌راسیمه گشتییه‌كان بكه‌ین، ئه‌م مه‌راسیمه له چوارچێوه‌ی ئاشته‌واییه‌كی گشتیشدا بوو، به‌شداریكردنی ئه‌مینداریش په‌یوه‌ندیی به كه‌مكردنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنبوونی یهكگرتووەوە نییه.״