سازدانی: ئاژانس – سەرچین ساڵح
ڕەووف عوسمان، سەرۆکی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سستیی خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان پیشان داوە و دەڵێت، ״شکستی ڕێککەوتنی ئێمە و یەکێتیی شکستی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردە.״
عوسمان لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا، سەبارەت بە نزیکبوونەوی یەکێتیی و پارتی و هەوڵی ڕێککەوتنی ئەو دوو لایەنە، ئاماژە بەوە دەدات، ڕێککەوتنی یەکێتیی و پارتی دژی ڕێککەوتنەکەی نێوانیانە و ئاشکراشی دەکات، یەکێتیی لەگەڵ گۆڕان ڕێک بکەوێت باشترە وەک لەگەڵ پارتی، هاوکات دەشڵێت، ״لەسەر ئەو پرسە پەیاممان بۆ یەکێتیی ناردووە.״
ئاژانس: سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەكەین، دوایین پەرەسەندنەكانی ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتیی چییە؟
ڕەووف عوسمان: لە ڕاستیدا ئەوەی دەزانرێ و هەستی پێ دەكرێت هەردوولا ئاگادارن ئەو ڕێككەوتننامەیە جۆرێك لە سستبوون و متبوونی پێوە دیارە.
ئاژانس: پێتان وایە ڕێككەوتنەكە وەستابێت؟
ڕەووف عوسمان: ڕێككەوتنەكە ٢٥ ماددەیە، دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی چالاك و خێرا نەنراوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتننامەیە لەسەر ساحە ئیشی عەمەلیی بۆ بكرێت، جگە لە هەماهەنگیی فراكسیۆنەكانمان هیچ هەنگاوی تر نەنراوە.
ئاژانس: هۆکار چییە بەو جۆرەیە؟
ڕەووف عوسمان: هۆکارەکە یەکێتییە، یەکێتیی سستیی خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پیشان داوە نەک گۆڕان.
ئاژانس: ئەو سستییەی یەكێتیی وەك ئێوە دەیڵێن بۆچی دەیگەڕێننەوە؟
ڕەووف عوسمان: سستیی یەکێتیی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یەكێتیی ئێستا سەرگەرمی جۆرێك ڕێككەوتنە لەگەڵ پارتی، ڕەنگە باڵێك لە یەكێتیی سوودمەند بن لەو ڕێككەوتنە لەگەڵ پارتی، لە كاتێكدا بەندێك لە بەندەكانی ڕێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتیی ئەوەیە كە هیچ لایەنێكمان نابێت ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنێكی تردا بكات كە پێچەوانەی ڕۆحی ڕێكکەوتنەكەی نێوانمان بێت.
ئاژانس: نەوشیروان مستەفا سەبارەت بەو ڕێككەوتنە هیچ پەیامێكی تازەی بۆ گۆڕان ناردووە؟
ڕەووف عوسمان: ئاگام لێی نییە، بەڵام ئەویش سەیری ساحەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكات، نەوشیروان مستەفا چاوەڕێ دەكات هەنگاو بنرێت بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوان ئێمە و یەکێتیی.
ئاژانس: نەوشیروان مستەفا لەسەر ڕێككەوتنەكەی ئێوە و یەکێتیی، لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتیی قسەی كرووە؟
ڕەووف عوسمان: بێگومان قسەی لەگەڵ كردوون، بەڵام ئەوە تابعێكی نهێنیی هەیە، پەیوەندیی دووقۆڵی و سێقۆڵی هەبووە.
ئاژانس: پێتان وایە لە ڕێککەوتنی دووبارەدا یەکێتیی و پارتی سەرکەوتوو بن؟
ڕەووف عوسمان: ئەگەر ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتیی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان بێت، بەرژەوەندیی میللەت دەستەبەر بكەن، ئێمەش دەستخۆشییان لێ دەكەین، بەڵام ئەگەر ئەو ڕێككەوتنە پەراوێزخستنی حزبەكانی تر بێت، بە تەنیا ڕێككەوتنێك بێت لەسەر دابەشكردنی پلە و پۆست، ئەوا ڕێككەوتنێكی سەركەوتوو نابێت و لەگەڵ ئێستای هەرێمی كوردستاندا نایەتەوە و پێش ئەوەی مورەکەبەکەی وشک بێتەوە هەڵدەوەشێتەوە.
ئاژانس: پێشبینی دەکەن یەكێتیی كە ڕێككەوتنێكی لەگەڵ ئێوە هەیە لەگەڵ پارتی ڕێك بكەوێت؟
ڕەووف عوسمان: ئێمە ئەوەندەی كادرەکان و ناوەندەكان و خوارەوەی یەکێتیی دەبینین و هاوکات بەشێك لە سەركردایەتیی یەكێتییش نایانەوێت ئەو ڕێكکەوتنە بۆ دابەشكردنی پۆست بێت.
ئاژانس: سەبارەت بەو قسەوباسانەی لەسەر ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتیی هەیە هیچ پەیامێكتان داوە بە یەكێتیی؟
ڕەووف عوسمان: بەڵێ، دەبێت قسە كرابێت.
ئاژانس: پەیامەکە چییە؟
ڕەووف عوسمان: ئێمە ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ یەكێتییدا هەیە كە مەسئولییەتێكی مێژووییە، چاودێریی جێبەجێکردنی ڕێككەوتنەكە دەكەین، پاشگەزبوونەوە و شکستی ئەو ڕێككەوتننامەیە جۆرێكە لە شكستی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی كورد.
ئاژانس: خەتەری شكستی ڕێككەوتنەكەتان بە یەكێتیی وتووە؟
ڕەووف عوسمان: بێگومان، خۆیشیان دەزانن، بەڵام كەسانێكی كەم لە سەركردایەتییەكەیاندا لە پێناو بەژەوەندیی خۆیان قوربانیی بە ڕێككەوتنەكەی ئێمە و یەکێتیی دەدەن.
ئاژانس: ئایا نەوشیروان مستەفا لەسەر ئەو پرسە هیچ قسەیەكی كردووە؟
ڕەووف عوسمان: پەیوەندیی لەگەڵ سەركردەكانی گۆڕاندا هەیە، بەڵام ئاستی پەیوەندییەكە و جۆری قسەكان دیار نین. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پەیوەندییەك و مێژووییەكی دێرینمان لەگەڵ یەكێتییدا هەیە، نابێت پشتی تێ بكرێت، یەكێتیی ڕێكکەوتنی لەگەڵ گۆڕاندا هەبێت باشترە وەك ئەوەی لەگەڵ پارتیدا هەیبێت، قسەیەكیش هەبووبێت لەو ڕوانگەیەوە بووە.
ئاژانس: ئەگەر یەكێتیی و پارتی ڕێككەوتنێك بكەن گۆڕان چۆن مامەڵە دەكات؟
ڕەووف عوسمان: بێگومان دوو حزبی ئیسلامی و چەند حزبێكی تر هەن كە خاوەن جەماوەرێكی زۆرن و ناكرێت ئەمانە و بزووتنەوەی گۆڕان كە حزبی دووەمە پەراوێز بخرێن، بۆیە هەر ڕێكکەوتنێك دوور لە بەرژەوەندیی میللەت بە سەركەوتوو نازانین. پارتی بە لۆجیكی هێز ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی دەكات ئەگەر جارێكی تر ئەو لۆجیكە سەر بكەوێت یەكێتیی تووشی پەرتبوون دەكات.