ڕێژه‌یان له‌ناو حزبه‌كاندا ٢% بۆ ٢٠% تێپه‌ڕ ناكات
ئاژانس
به‌شداریی ژنان له‌ناو حزبه سیاسییه‌كانی كوردستاندا جیاوازه و ڕێژه‌كه له ٢% بۆ ٢٠% تێپه‌ڕ ناكات، له زۆربه‌ى پرسه گرنگه‌كاندا ژنان به‌شدار نین و له دووره‌وه سه‌یرى جموجۆڵه سیاسییه‌كانى حزبه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وای كردووه ژنان حزبه‌كانیان بده‌نه به‌ر ڕه‌خنه.
به پێی به‌دواداچوونێكی ״ئاژانس״ حزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژنانیان له به‌شداریی سیاسی دوور خستووەته‌وه، به‌شدارینه‌كردنیان له كایه سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك حكوومه‌ت و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان و ئه‌ندامانی وه‌فدی دانووستانكاری لایه‌نه‌كان سه‌لمێنه‌ری فهرامۆشكردنیانن له‌ناو حزبه‌كانیاندا.
به هۆی ئاڵۆزیی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا، له لایه‌ن سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانه‌وه وه‌فدی دانووستان هه‌یه، به‌ڵام له‌و وه‌فدانه‌دا كه‌مترین ژن به‌شدارن.
له به‌رانبه‌ر كه‌میی ڕێژه‌ی ژن له‌ناو حزبه‌كاندا، ژنانی ناو حزبه سیاسییه‌كان ڕه‌خنه‌یان له حزبه‌كانیان هه‌یه.
له‌و به‌دواداچوونه‌دا، ״ئاژانس״ بۆی ده‌ركه‌وتووه، مه‌كته‌ب سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێك هاتووه له ١٥ كه‌س و سه‌رجه‌میان پیاون، له‌سه‌ر ئاستی سهركردایهتییشدا، له كۆی ٥١ ئه‌ندام، ٦ ژن بوونی هه‌یه. به پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى پارتی‌یش، له مادده‌ى 17، بڕگه‌ى دووه‌م، خاڵى دووه‌مدا هاتووه كه نابێت كۆتاى ئافره‌تان 10% كه‌متر بێت.
ئاواز حه‌مید، په‌رله‌مانتاری پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون كرده‌وه، ژن له‌ناو حزبه سیاسییه‌كاندا به‌بێ جیاوازی و له‌ناو ده‌زگا حكوومییه‌كاندا فه‌رامۆش كراون.
هاوكات لە یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانیشدا، له كۆی ١٦ مه‌كته‌ب سیاسی ته‌نها ژنێك بوونی هه‌یه، كه ئه‌ویش هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، هاوسەری جه‌لال تاڵه‌بانییه، له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی سهركردایهتییهكهشیدا له كۆی ٥٩ ئه‌ندام ٩ ژن بوونیان هه‌یه و ڕێژه‌كه‌ش له‌ناو سهركردایهتییاندا ١٥%یه. له كاتێكدا به پێى مادده‌ى 29ـى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌كێتیى له خاڵى دووه‌مدا ئاشكرا كراوه، ده‌بێت ڕێژه‌ى ژنان له كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تیدا 20% كه‌متر نه‌بێت.
بێگه‌رد تاڵه‌بانى، سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی له په‌رله‌مانی كوردستان، به״ئاژانس״ی وت: ״له‌ناو یه‌كێتییدا ڕیژه‌ی ژن له ئاست تمووحی ئێمەدا نییه و ڕه‌خنه‌شمان له‌و باره‌یه‌وه گه‌یاندووەته سهركردایهتییهكهمان.״
له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیشدا ڕێژه‌ی ئاماده‌یی ژنان ١٥%یه، له كاتێكدا به پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆیان ده‌بوو ڕێژه‌كه ٣٠% كه‌متر نه‌بوایه. ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان پێك هاتوون له ٥٠ ئه‌ندام و ته‌نها ٨ ئه‌ندامیان ژنن.
مونیره عوسمان، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه دا، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تا ئێستا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه كه له په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ ژنان دیاری كراوه و ٣٠%یه.
مونیره عوسمان، وتى: ״ده‌بێت گۆڕان نموونه‌یه‌كی جیاوازتر له حزبه‌كانی تر پێشكه‌ش بكات و كاراتر ژنان بێنێته پێشه‌وه.״
به‌شداریی ژنان له‌ناو حزبه ئیسلامییه‌كاندا جیاوازه، له‌ناو یه‌كگرتوودا ٢٥% و له‌ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامییشدا ٢% ده‌بێت.
له كۆی ٣٥ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكار و سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتوو ته‌نها ٩ ئه‌ندامیان ژنن. له‌ناو كۆمه‌ڵیشدا، ئه‌نجوومه‌نه سیاسییه‌كه‌ى ١٠ ئه‌ندامن و ژنیان تێدا نییه، سهركردایهتییهكهشی كه له ٣٠ ئه‌ندام پێك دێت، ته‌نها ژنێك بوونی هه‌یه و به‌وه‌ش به‌شداریی ژنان له‌ناو كۆمه‌ڵدا به ڕێژه‌ی ٢% تێپه‌ڕ ناكات.
له كابینه‌ی پێشووی حكوومه‌تدا ته‌نها یه‌ك وه‌زیری ژن هه‌بووه، ١٤ ئافره‌تیش له پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بوون و ١٣ی تریش له پۆستی یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیدا بوون، له كابینه‌ی هه‌شتیشدا ته‌نها ژنێك له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا وه‌زیره، له كۆی ١١١ په‌رله‌مانتاری په‌رله‌مانیش، ٣٠ ئه‌ندامیان ژنن، له پۆستی كه‌رتی دادوه‌ری و ئاسایش و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه و به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌زاكان نزیكه‌ی ٦٥ ژن بوونیان هه‌یه.
له هه‌رێمی كوردستاندا، ڕه‌شنووسێك هه‌یه به ناونیشانی ״ڕه‌شنووسی ستراتیژییه‌تی نیشتیمانی بۆ په‌ره‌پێدانی ڕه‌وشی ئافره‌تان له كوردستان״، کە له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى باڵاى خانمانه‌وه له مانگى 5ى ساڵى 2013ـدا ئاماده كراوه و له‌و ڕه‌شنووسه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه، كه‌لێنێكی گه‌وره هه‌یه له نێوان به‌شداریی ژنان و پیاوان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی حكوومی و به‌شدارییان له سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كانیاندا.
ناز محه‌مه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان، كه ڕهشنووسهكهیان نووسیوه‌ته‌وه، باسی له‌وه كرد، هۆكاری سیاسی و ئابووری بۆ ڕێگریی به‌شداریی ئه‌كتیڤیی ژنان هه‌یه له كایه‌ی سیاسی و حكوومیدا.
ناز محه‌مه‌د به״ئاژانس״ی وت: ״له كاتی نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ستراتیژیی نیشتیمانییدا، هیچ كام له حزبه‌كان ئاماده نه‌بوون ڕێژه‌ی به‌شداریی ژن له‌ناو كایه‌ی سیاسی‌دا زیاد بكه‌ن״.