ژنانە دەگاتە ئەورووپا
ئاژانس – سەلام هانەدنی
كڵاشی هەورامی كە هەزاران ساڵە وەك پیشەیەكی هەورامییەكان ماوەتەوە و بۆ یەكەم جاریش وەستایەك كڵاشی ژنانەش درووست دەكات، جگە لە ناوخۆ، كڵاشی ژنان دەنێرێتە دەرەوەی وڵات و هەروەها لە فێستیڤاڵە جیهانییەكانیشدا نمایش دەكرێت، ژنانیش سەر دەكەنە سەر كڵاش و لەگەڵ جلوبەرگی كوردی لە بۆنەكاندا لە پێی دەكەن و نرخەكەشی لە نێوان 25-60 هەزار دینارە.
لێزان بەهمەنی تەمەن 21 ساڵ، خوێندكاری زانكۆی سلێمانییە و جوتێك لە كڵاشی ژنانەی بە 35 هەزار دینار كڕیوە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەر لەوە كڵاشی پیاوانەی بنسوورم لەگەڵ جلوبەرگی كوردی بە كار هێناوە و زۆر بەلای خەڵكەوە سەرنجڕاكێش بوو، بۆیە لە ڕێی ناسیاوێكمەوە داوام كرد جوتێك كڵاشی كچانەم بۆ بكات ئێستا خاوەنی كڵاشی كچانەم״.
بیرۆكەی كڵاشی ژنان، ئەو كاتە لە لای وەستایەكی هەورامی گەڵاڵە بوو، كە لیزا خانمە ئەمەریكییەك داوای لێ دەكات بە شێوەی كڵاشی پیاوان، جوتێك كڵاشی بۆ درووست بكات و بۆ یەكەم جار تەنیا نموونەیەكی چنی و دواتر پەرەی پێ دا.
وەستا ئارام مەجید، سەرەتای ئەو كارەی بۆ داخوازیی ژنێكی ئەمەریكی گێڕایەوە بە ناوی لیزا كە لە ڕێكخراوێكی خێرخوازی لە كوردستان كاری كردووە و لە 2009 یەكەم كڵاشی ژنانەی چنیوە، ئەو بە ״ئاژانس״ی وت: ״یەكەم نموونە وەك كڵاشی پیاوان بوو، قردێلەیەكی سووری پێوە بوو، بنەكەشی سوور بوو״.
״سەرەتا نزیكەی 600 بۆ 700 جوت كڵاشی ژنانەم ناردە دەرەوەی وڵات بە تایبەت بۆ سوید و كوردانی تاراوگە و داوای زۆری لەسەر بوو، بەردەوامیش گۆڕانكاری لە دیزاینەكەیدا دەكەم، لە ڕەنگ و بنی كڵاشەكە و نەخش و چنینیشدا، بە جۆرێك كڵاشی فلات و بن بەرزیش هەیە״، ئارام مەجید وای وت.
سەرەتا جوتێك كڵاشی ژنانە بە 50 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخەكەی 25-30 دۆلارە و وەستای دیكەش كڵاشی ژنانە دەچنن، هەروەها 2015 كڵاشی هەورامی لە فێستیڤاڵێكی كولتووری لە كرواتیا نیشان دراوە و جوتێك كڵاشی ژنانەش پێشكەش بە وەزیری دەرەوەی كرواتیا كراوە.
وەستا ئارام دەڵێت: ״جوتێك كڵاشی ژنانەم پێشكەش بە وەزیری دەرەوەی كراواتیا كرد و لە 2016دا لەگەڵ برایەكم دوو جوت كڵاشی پیاوانەشمان بۆ كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیونێل میسی، هەردوو ئەستێرەی بەناوبانگی تۆپی پێ درووست كرد.״
كڵاش چەند سیفەتێكی هەیە كە وای كردووە خواستی زۆری لەسەر بێت و نرخیشی بە بەرزی بمێنێتەوە، لەوانەش مێژووی كڵاش دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین، هەموو كارەكانی دەستین و یەكەمین پێڵاوە كە ڕاست و چەپی وەك یەكە، بە هەر جۆرێك لەپێ بكرێت ئاساییە، یەكێك لە سیفاتەكانی تری تەنها جۆری پێڵاوە كە قاچ بۆن ناكات.
بەڵێن باقی، 28 ساڵە و لە خێزانێكی هەورامین و هێشتا دەستبەرداری كڵاشچنین نەبوون، بەڵام بەڵێن و خوشكێكی لە ڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە، سەرە بۆ درووستكردنی كڵاشی ژنان و پیاوانیش تۆمار دەكەن، ئەوانیش بەرهەمی خزم و كەسوكاریان بەو ڕێگەیە ساغ دەكەنەوە و لیستی داواكان دابەش دەكەن بەسەریاندا و بە پێی مەوعید بە كڕیارەكانی دەدەنەوە.
بەڵێن بە ״ئاژانس״ی وت: ״كڵاشی ژنانە داواكاریی زۆر باشی لەسەرە و بگرە بۆ دەرەوەی وڵاتیشی ئەنێرین، لە مانگی 10ـەوە بۆ ئێستا زیاتر لە 250 جوت كڵاشی ژنانمان فرۆشتووە و هێشتا داواكاریی زیاتر لە 125 كەسمان لە لا ماوە كە دەبێت تا 19/3 تەواویان بكەین و بۆ بەرواری دوای نەورۆزیش زیاتر لە 65 جوتی ترمان هەیە و لە هەردوو جەژنی ڕەمەزان و قوربانیش داواكاریمان وەرگرتووە و لە زیادبوونیشدایە״.
״دواكاریی كڵاشی ژنانەمان لە دهۆك و هەولێر و خانەقین و كەركوكیشەوە هەیە، جگە لەوەش كوردانی ئەورووپا داواكاریی زۆریان هەیە و زیاتر بە پۆست بۆیان ڕەوانە دەكەین و بازاڕیشمان زۆر باشە، بە شەش مانگی ڕابردوو 500-600 جوت كڵاشمان فرۆشتووە״.
لە هەردوو بەشی هەورامانی ڕۆژهەڵات و باشووریش گرنگیی زۆر بە درووستكردنی كڵاش دراوە، زۆرێك لە هەورامییەكان كاری درووستكردنی كڵاش دەكەن، بە جۆرێك لە گوندی (دەل) لە هەورامانی ڕۆژهەڵات نزیكەی ٧٠%ی گوندەکە كڵاشچنین سەرچاوەی بژێویی ژیانیانە و لە هەرێمیش ژنان و كچانی هەورامیش دەستڕەنگینن لە كڵاشچنیندا.
ئارەزوو تۆفیق، ڕۆژانە سەرقاڵی درووستكردنی كڵاشە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״كڵاشی ژنانیش درووست دەكەم، ڕۆژانە خەڵكی سەردانم دەكەن و داوای دەكەن، خواست لەسەر كڵاشی ژنانە زۆر بووە و بۆ دەرەوە و بۆنەكان كڵاش لە پێ دەكەن و ئێستا 25 هەزار دینارە و بە پێی خواستی كەسەكە درووستی دەكەم״.