شاناز هیرانى
له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا هیچ پرسێك ئه‌وه‌نده‌ی پرسی ژنان نه‌بووەته جێگه‌ى باس و بابه‌تی بازرگانی و به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سییه‌كان بۆ خۆبردنه‌پێشه‌وه له حزب و ده‌سه‌ڵاتداران و گه‌یشتن به پله‌ی باش و به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی، چونكه هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه‌ی ژنیان داوه به ئاڕاسته‌ی خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی و حزبیی خۆیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌ناو پڕۆسه‌ی سیاسیی كوردستاندا پرسی ژن له ناو حزبه علمانییهكاندا له پاشه‌كشه‌دایه، چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌و ژنانه‌ی بهشێلگیرییهوه هاتنه ناو حزبه‌كان وه‌ك پێویست پشتگیری نه‌كران و حزبه سیاسییه‌كان وەك پێویست پشتیوانی‌یان له پرسی ژنان نه‌كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی هاتبوونه ناو پڕۆسه‌ی سیاسه‌ت زۆر به گه‌رموگوڕی كاریان ده‌كرد بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان، به‌ڵام وه‌ك پێویست پشتیوانی‌یان لێ نه‌كرا، به‌ڵكوو زۆربه‌یان بوونه قوربانیی ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان حزبه‌كان، له بازنه‌یه‌كی لاوازدا سه‌یر ده‌كران و هه‌ر خۆیان زۆر جار هه‌وڵی شكاندن و له‌كه‌داركردنیان ده‌دان و تۆمه‌تی جۆراجۆریان ده‌خستنه پاڵ و كه‌سایه‌تییان له‌كه‌دار ده‌كردن، ئه‌مه‌ش بووه هۆی نیگه‌رانیی ئه‌و ژنانه‌ی خۆیان بۆ كاری سیاسی ته‌رخان كردبوو، له دوا جاردا زۆر له‌وانه له كاره‌كه‌یان نا‌ئومێد بوون و دوور كه‌وتنه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حزبه ئیسلامییه‌كان تا ڕاده‌یه‌ك توانیویانه زیاتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژنان دابنێن و بتوانن له ده‌وری خۆیان كۆیان بكه‌نه‌وه، زیاتر له حزبه سۆسیالیست و دیموكراته‌كان ڕه‌وشی ژن له قازانجی خۆیان به كار بێنن، دیاره هۆكاره ئایینییه‌كانیش كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگەی كوردی به گشتی و ژنان به تایبه‌تی هه‌یه، حزبه ئیسلامییه‌كان توانیان به ناوی ئایینه‌وه ده‌رفه‌ت بێنن و بارودۆخه‌كه به قازانجی خۆیان بگۆڕن.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌و ژنانه‌ی به پشتگرتنی حزبه‌كان هاتوونه‌ته ناو پڕۆسه‌ی سیاسی تا چه‌ند توانیویانه له به‌ره‌وپێشبردنی پرسی ژنان به‌شداری بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕێگەی حزبه سیاسییه‌كانه‌وه گه‌یشتوونه‌ته ده‌سه‌ڵات ناچارن بیركردنه‌وه‌شیان له چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی حزبه‌كاندا بێت و هه‌ڵگری ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و حزبه بێت، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ژنێكی سه‌ر به پارته ئیسلامییه‌كان له‌گه‌ڵ فره‌ژنیش نه‌بێت وه‌كو خۆی، به‌ڵام وه‌كو ئافره‌تێك له حزبێكی سیاسیی ئیسلامی كار ده‌كات و په‌یڕه‌وی فه‌لسه‌فه‌ی حزبه‌كه‌ی ده‌كات، ده‌نگ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای فره‌ژنی ده‌دات، خۆ ئه‌گه‌ر پرسیاری لێ بكه‌یت ئایا له‌گه‌ڵ فره‌ژنی دایت بێگومان ده‌ڵێت نه‌خێر، پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و كێشه‌ی ژنان و ڕای تایبه‌تیی خۆشی كار ده‌كات، وه‌ك بنه‌مایه‌كی ئایینی و بیروباوه‌ڕی حزبه‌كه‌ی كه حزبێكی ئیسلامییه ڕه‌فتار ده‌كات.
پێویسته ژنان له ناو كایه‌كانى حزبیدا له به‌رامبه‌ر ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی که ڕێگرن له به‌شداربوونی ژنان له پڕۆسه سیاسییه‌کاندا ڕابووه‌ستن و نابێ بهێڵن، که لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یان له‌سه‌ر بکرێ. له لایه‌كى دیكه‌شه‌وه زۆر جار بۆچوونی پیاوانه‌ی ژنان به نیسبه‌ت خۆشیانه‌وه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که بیروڕایان له سیاسه‌تدا به هەند وه‌رنه‌گیرێ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆکاری په‌روه‌رده‌کردنی ژنانێک که ئه‌م دۆخه‌یان لا په‌سه‌ند بووه، هه‌موو کات پاشکۆ بن و نه‌چنه پانتایی بڕیاردانه‌وه و به‌م جۆره ژنان له قۆناغی «دواکه‌وتوویی په‌روه‌رده‌یی»دا ده‌مێننه‌وه و به‌رده‌وام به‌رنامه و پڕۆگرامه‌کانی پیاوان جێبه‌جێ ده‌که‌ن. بۆیه ته‌نیا ژن‌بوون وه‌ک ڕه‌گه‌ز له سیاسه‌ت و حزبدا چاره‌سه‌ری کێشه نییه. ژنان ده‌توانن ببنه ڕه‌گه‌زێكى کاریگه‌ر بۆ وه‌گه‌ڕخستنی سیاسه‌تی عادیلانه و ئاشتیخوازانه له ترۆپکی ده‌سه‌ڵاتدا، که ئه‌وه‌ش خاڵێکی گرینگه و پێویسته ببێته بنه‌مایه‌ک بۆ نیشاندانی هزری ژنانه، که هزرێکی چاره‌نووسسازه له نیزامی سیاسه‌تکردن و حزبایه‌تیدا.
بۆیه ژنان له به‌رامبه‌ر په‌راوێزخستنیان و خه‌باتى به‌ره‌وپێشچوونیان ده‌بێت به دوو ئاڕاسته كار بكه‌ن. یه‌كه‌میان: خودى ژنان بۆ ئه‌وه‌ى له ناو حزبدا ببنه خاوه‌ن پێگه و یه‌ك گوتار، هه‌یئه‌تێكى تایبه‌ت بۆ ئاڕاسته‌كردن و ڕێنمایىكردنى ژنانى ناو حزب درووست بكرێت. دووه‌میش: پێویسته ژنان له خه‌باتى سیاسی‌دا ئازایانه و به‌وپه‌ڕى باوه‌ڕه‌وه به تواناى خۆیان به‌رده‌وام بن، چونكه هه‌رگیز سه‌لماندنى كه‌سایه‌تیى ژن و بهدیارخستنى تواناكانى به ترس و پاشه‌كشه‌كردن نایه‌ته دى. ده‌بێ لێره‌دا ژن له ههوڵدانىدا سه‌ربه‌ست بێت و چیتر نه‌بێته پاشكۆیه‌كى پیاو له كارى حزبى و سیاسى.