5 پۆستی باڵا لە دەستی ژندان
ئاژانس – سەلام هانەدنی
پەیكەری ژنێك لە ناو باخی گشتیی هەڵەبجە دانراوە، كە ناوی عادیلە خانمە و سەدەیەك لەمەوبەر بۆ یەكەم جار ژنێكی كورد پۆستی ئیداریی وەرگرتووە و قائیمقامی هەڵەبجەی پێ دراوە، ئەمەش شانازییەكی هەڵەبجەییەكانە، ژنانیش عادیلە بە سەرمەشق دەزانن، ئێستاش چوار پۆستی گرنگی پارێزگاكە ژن بەڕێوەی دەبەن.
عادیلە خانم وەك بەریتانییەكان بە شاژنی بێ تاجی شارەزوور ناویان دەهێنا، لە ساڵی 1909 هەتا 1915 بووە بە قائیمقامی هەڵەبجە، كە هاوسەری عوسمان پاشای جاف بووە، دوای مردنی هاوسەرەكەی وەك یەكەم ژن و دووەم قائیمقامی هەڵەبجە دەستبەكار بووە و دایكی هەردوو شاعیری بەناوبانگی كورد ئەحمەد موختار جاف و تاهیر بەگی جافە.
پۆستەكانی قائیمقام، سەرۆكی شارەوانی، سەرۆكی زانكۆ و بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی مافی مرۆڤ-ی هەڵەبجە لە سەردەمی حکومڕانیی هەرێمی كوردستانیشدا لە لایەن ژنەوە بەڕێوە دەبرێن و دوو دادوەری ژنیش ئەركی دادگایان لە ئەستۆیە.
نوخشە ناسیح، دوو ساڵە قائیمقامی هەڵەبجەیە، پێشتریش حەوت ساڵ بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە بووە لە هەورامان، ئەو 55 هەمین قائیمقامی هەڵەبجەیە، بە ״ئاژانس״ی وت: ״دەبێت بە هەموو ئەو ژنانەی لە هەڵەبجە پۆستی حكومییان لایە، كارێك بكەین، تا ڕێگە بۆ ژنانی تر خۆش بكەین بێنە ناو كاری حکومڕانی و ئیدارییەوە و هاوشانی پیاوان بن״.
״دانانی ئەم ژنانە لەم پۆستانە باکگراوندێكی هەیە كە لە مێژە ژن لە هەڵەبجە و هەورامان ڕۆڵیان لە بڕیارداندا هەیە و پێویستە بەردەوام بێت، چاویشمان لەسەر ئەوەیە حزبەكان لە سەروبەندی دابەشكردنی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی هەڵەبجەدا، چەند پۆستێكی دیكە بە ژنان بدەن״، قائیمقامی هەڵەبجە وا دەڵێت.
ئەركی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی شارەكە لە ئەستۆی شارەوانییە و دامەزراوەیەكی پڕكارە لە سەرجەم بوارەكاندا و ئەم پۆستەش چوار ساڵە ژنێك بەڕێوەی دەبات.
كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەیە و بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״بە شانازییەوە زۆرترین ژن لە هەڵەبجە پۆستیان هەیە، كە لە كۆنەوە تاكو ئێستا هەڵەبجەییەكان مافی ژنیان داوە و ڕێگەیان خۆش كردووە كە بتوانێت بە توانا و لێهاتووییان پۆست وەربگرن.״
״ئەو پۆستانەی لای ژنانن لە هەڵەبجە پشكی یەكێتیی نیشتیمانین، كە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە ئەو هێزە سیاسییە هەموو كات ڕێگەی خۆش كردووە بۆ ژنان بۆ ئەوەی لە كاری حزبی و حكومیدا بێنە پێشەوە و كار بكەن״، كوێستان ئەكرەم وای وت.
ئەنجوومەنی باڵای خانمان بەشداریپێكردنی ژنان لە هەڵەبجە لە یەكە ئیداریی و پۆستە باڵاكان بە گرنگ دەزانێت، داوای هاونموونە لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و عێراق دەكات.
كۆسار كەریم، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״ژنی كورد توانا و لێهاتوویی هەیە بۆ بەڕێوەبەردن و ئیدارەكردن، كاریگەریی خۆی هەیە لە جومگەكانی حكومڕانی وەك ئەوەی لە هەڵەبجە هەیە و پشتیوانیی ئەو ژنانە دەكەین״.
״یەكەم جارە لە هەرێم و عێراقیش ژنێك ئەو پۆستە باڵایانە وەربگرێت كە لە هەڵەبجە هەیە، ئەمە هەنگاوێك لە خەباتی ئێمەی ژنانی بردووەتە پێشەوە، بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان و پیشاندانی تواناكانمان״، كۆسار كەریم وا دەڵێت.
پ،ی.د.مهاباد كامیل بە سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە دیاری كرا، كە ئەوەش دەبێتە یەكەم ژن لەسەر ئاستی هەرێم كە بۆ یەكەم جار پۆستی سەرۆكی زانكۆ وەردەگرێت.
هەڵەبجەییەكان شانازی بە مێژووی 100 ساڵی ڕابردوویان دەكەن كە عادیلە خانم وەک ژنێك پۆستی قائیمقامی ئەو شارەی بەڕێوە بردووە، چونكە مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەكەن ژنێكی چالاك و دادپەروەر بووە، بەردەوام هەوڵی ئاوەدانی و خوێندەواریی داوە، قوتابخانە و دووكان و بازاڕی شارەكەی بنیات ناوە، هەربۆیەش ئینگلیزەكان پێیان وتووە شاژنی بێ تاجی شارەزور و جێدەستی حکومڕانیی ژن لە شارەكە مۆری سەدەیەك لەمەوبەرە.