گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر شارۆڤ براوەی ٢٠١٤ـی مەن بووکەری ڕووسی
هەوڵی من بۆ نووسینی ڕۆمانی «گەڕانەوە بۆ میسر» گەڕاندنەوەی ژیان و سەرهاتی نەنووسراوی مرۆڤ بووە نەک ئەرشیفسازی
ڤلادیمێر شارۆڤ، لە ٢٠١٤ـدا بۆ ڕۆمانی «گەڕانەوە بۆ میسر» خەڵاتی ئەدەبیی «پی-می-یەر»ـی بردەوە، کە بە «مەن بووکەری ڕووسی» ناسراوە. شارۆڤ لە گفتوگۆیەکی کورتی rbthـدا ڕۆمانی بە منداڵێک چواند، کە پاش ناوکبڕین ژیانێکی تازە دەست پێ دەکات. شارۆڤی ٦٣ـساڵە، بە ڕیشی درێژ و سپییەوە، هاوشێوەی لیۆ تالستۆیە و لە ڕۆمانی «گەڕانەوە بۆ میسر»ـدا مێژووی ڕووسیا سەرلەنوێ دەخاتەوە ڕوو.
پ: بردنەوەی خەڵات بۆ تۆ چ مانایەکی هەیە؟
بۆ من بە واتای زۆرتر-خوێندنەوەی ڕۆمانەکەم دێت لە لایەن خەڵکییەوە. ڕێیەکی ئاسانە بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ پەخشخانە ڕووسی و بیانییەکاندا. چونکە ئەوان خوێنەرانێکی زیاتر پەیدا دەکەن. لە لایەکی ترەوە، دروستکردنی پەیوەندییەکی تازەیە لەگەڵ وەرگێڕدا، چونکە وەرگێڕ بۆ نووسەر زۆر گرنگە، نەفەرێکی تر کە دەبێت ببێتە هاووەزنی تۆ، هاوڕیتمی تۆ و مەلەوەر بێت لە تێکستەکەتدا و کارەکەت ئاسان بکات تا خوێنەر بە زمانێکی تر لێت تێ بگات و درکت پێ بکات.
پ: تکایە بۆ خوێنەرانی بیانیی ڕوون بکەوە، چۆن گەڵاڵەی ڕۆمانی «گەڕانەوە بۆ میسر»ـت داڕشت.
دەستم کرد بە بیرکردنەوە لە ژیانی ڕووسیا و مێژووی ڕووسیا لە سەدەی بیستدا، تەنانەت نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و بە هەوڵدان بۆ کۆتایی-نووسین بۆ ڕۆمانی «ڕۆحە مردووەکان»ـی نیکۆڵای گوگوڵ- دامەزرێنەری ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە لە ئەدەبیاتی ڕووسدا؛ دووەمین بەشێک کە گوگوڵ سووتاندی و بەشی سێیەمی هەرگیز نەنوسی- بیرم لەمانە کردەوە و ئەوەی کە نووسەرانێک هەوڵیان دا کۆتایییەکی بۆ بنووسن و تەنانەت بەرپرسەکان بوون بە هۆکاری خوێنڕشتنیش. خەڵکێک کە دوو یان سێ نەوە مەودایان لەگەڵی هەبوو، هەوڵیان دا لە گوگوڵ تێ بگەن.
پ: ئایا دەتوانین بڵێین ڕۆمانی «گەڕانەوە بۆ میسر» تەنیا بۆ ڕووناکبیران نووسراوە، نەک بۆ خەڵک بە گشتی؟
بۆ من سەختە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە. کاتێک نووسەرێک ڕۆمان دەنووسێت، بەشێکی دیاریکراو لە هێزی خۆی لە سنوور و قاڵبگەلێکی دیاریکراوی خۆیدا بە کار دەبات. بەڵام کاتێک ڕۆمانەکە بڵاو کرایەوە، نووسەر ئاخرین کەسە بایەخی دەبێت و من پێم وایە ئەوان تەنانەت نابێت لە بارەی تێکستەکەوە بۆچوونیش دەرببڕن. نووسەران تەنیا دەبێت گوێ لەو خەڵکە بگرن کە ڕۆمانەکەیان دەخوێننەوە. جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی کە تۆ نووسیوتە و ئەوەی کە لە بنەڕەتدا نووسراوە و درک دەکرێت.
پ: باشترە وا بپرسم کە خوێنەرانی تۆ چ کەسانێکن، ئاخۆ بۆ کەسانێکی دیاریکراو دەنووسیت؟
من بۆ خوێنەرێکی تایبەت نانووسم. بۆ من، ئامانجی نووسینی کتێب هەوڵە بۆ درککرن بە شتانێک کە تەماوی ماونەتەوە. لە کۆتاییدا وا پێ دەچێت دەست بە فامکردنی هێندێک لە شتەکان بکەم، هەرچەند ئەم هەستە بە زوویی لەناو دەچێت. بۆ من نووسین وەکوو ئامرازە: ئەگەر من بۆ کەسێک بنووسم، ئەو کەسە خۆمم.
بەڵام هەڵبەت کاتێک کەسێک تێکستێکی من دەخوێنێتەوە، وەک ئەوە وایە دیارییەکی پێ بەخشیبم: سەبارەت بەو تێکستە لەگەڵ مندا دواوە، وێنای کردووە، وەری گێڕاوە و یان ئەو شتەی بڵاو کردووەتەوە کە من نووسیومە.
ڕۆمان وەکوو منداڵ وایە. کاتێک لەناو تۆدایە درکێکی تایبەتت سەبارەت بەو هەیە، بەڵام بە زوویی کاتێک ناوکی دەبڕیت، لە تۆ جیا دەبێتەوە و ژیانێکی تازە دەست پێ دەکات و تۆ تەنیا دەتەوێت چاک بێت. تۆ کونتڕۆڵێکی ئەوتۆت لەسەری نامێنێت.
پ: ئایا دەکرێت لە نێوان تۆ و بزاوتێکی ئەدەبیی تایبەتدا لێکچوون بدۆزینەوە؟
ئەندرێ پلاتۆنۆف بە بۆچوونی من گرنگترین نووسەری سەدەی بیستە نەک هەر هیی ڕووسیا. بەڵام کاتێک من شتێکم خۆش دەوێت، نامەوێت دووبارەی بکەمەوە. هەنگاوێک دەکشێمەوە و ستایشی دەکەم. چەند پرسیارێکم هەیە و دەمەوێت بۆ سەرگەرمییەکانی خۆم وەڵامێک بدۆزمەوە. زیاتر هەوڵ دەدەم ڕووداو-تۆمارکەرێکی مێژوویی بم، لە زەمەنێکدا کە نەبووم و هەوڵ دەدەم بیگەڕێنمەوە. بەشێکی مەزن لە زەمەن بە سادەیی لە شەڕی ناوخۆدا بە فیڕۆ چووە و ئەم بابەتە تۆمار نەکراوە. لە ئەرشیفدا دانراوە و یان تەنانەت سووتێنراوە و دەبێت وەکوو دێرینەناسێک سەرلەنوێ پارچەکان پێکەوە بنێیتەوە و چێیان بکەیتەوە و بۆ نموونە بە پێکچنینەوەی ئێسکەکان جۆری ئاژەڵەکە بناسیتەوە و هەوڵی من بۆ نووسینی «گەڕانەوە بۆ میسر» گەڕاندنەوەی ژیان و سەرهاتی نەنووسراوی مرۆڤ بووە نەک ئەرشیفسازی.
پ: پاوڵ باسینسکی، پێی وایە پەخشانی هاوچەرخ ئاماژەیەکی بۆ ڕابردوو تێدایە، بۆ وڵاتانی تر و فەزاکانی تر. ئەو ئەم پرسیارەیش دەخاتە ڕوو، کە ئایا ژیانی ئەدەبیی ئێمە بووەتە ژیانێکی ماندووکەر و تاقەتپڕووکێن؟ بۆچوونی تۆ چییە؟
من ناتوانم وەڵامێکم «بۆ هەموان» هەبێت. بەڵام ئەگەر هەوڵ بدەم سەبارەت بە شتێک بنووسم، بە شەخسی پێویستم بە مەودایە. لانیکەم ٣٠-٤٠ ساڵ. خەڵکی بە درێژاییی ژیانیان ئەزموون پەیدا دەکەن و بێژوومار هەست تاقی دەکەنەوە؛ ئەوان قسە دەکەن، کار دەکەن، دەچن بۆ شانۆ، دەچنە دەرەوە و پاشان یادنووسەکانی ڕۆژانەی خۆیان تۆمار دەکەن. وشەی جۆراوجۆر لەو شتەی کە لە دەروونیاندا بووە و هەستیان پێ کردووە، دێتە دەرەوە و دەچێتە سەر کاخەز.
من کەسیک نیم بە یادنووسی سات-ساتییەوە خەریک بم. دەبێت ئەوەی ئەزموونم کردووە سەرلەنوێ دایبڕێژمەوە. ژیان بە خێرایی دەڕوات، خێراتر لە قەڵەمی تۆ و هەوڵەکانت.